چاونیوز: بنەماڵە دادخوازەکانی مەڵەکشا، لە ڕاگەیندراوێکدا داوای سزای ئەو کەسانەیان کردووە کە خوێنی ڕۆڵەی ئەوانی ڕشتووە.
بەپێی نامەیەک کە بە چاونیوز گەیشتووە، بنەماڵەی ئەو کەسانەی لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ لە شاری مەڵەکشا، سەربە پارێزگای ئیلام، گیانیان لەدەست داوە، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیندراوێکی فەرمی، داوای ڕوونبوونەوەی ڕاستی، وڵامدانەوەی بکەران و جێبەجێکەرانی تەقەکردن و بەدواداچوونی یاسایی ئەم دۆسیەیان کردووە.
ئەم ڕاگەیندراوە کە لە ڕێکەوتی ١٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ بڵاو بووەتەوە و ژمارەیەک لە بنەماڵەی قوربانییەکان واژۆیان کردووە، پشتڕاستی دەکاتەوە کە تەقەکردن لە هاوڵاتییانی ناڕازی لە نێو بینای سپای مەڵەکشا ئەنجام دراوە و ئەم بابەتە بە بەڵگە، وێنەوە بەردەستە و نکۆڵی لێ ناکرێت.
بنەماڵە دادخوازەکان، لەم ڕاگەیندراوەدا ڕایانگەیاندووە، کە ئامانجیان گەیشتن بە ڕاستی و جێبەجێکردنی دادپەروەرییە لە ڕێگە یاساییەکانەوە، و ئەگەر لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەی نێوخۆدا بەربەست دروست بکرێت، بەدواداچوونی دۆسیەکە لە ڕێگە یاسایی و نێودەوڵەتییەکانەوە درێژەی پێ دەدرێت.
شایانی باسە، کە لە کۆتاییی ڕاگەیندراوەکەدا، واژۆکەران جەختیان لەسەر بەردەوامبوون و پێداگریی لەسەر دادخوازی و حەق کردووەتەوە.
]]>گیانی دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی خەڵکی ئێران دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران لە مەترسیی تەواودایە و حەزیای تێرنەبووی ئەم رێژیمە بە خوێنی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران، قوربانیی زیاتری دەوێ.
لە درێژەی سەرکوت و جینایەتی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئیران بەرانبەر بە ڕاپەڕینی مەدەنیانەی خەڵکی ئێران و گەلانی ئەم وڵاتە، بە دەیان هەزار کەس لە خەڵکانی دەسبەسەرکراو گیانیان لە مەترسیدایە و بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەردەستدان، دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی پێوەیە لە ڕۆژانی داهاتوودا کوشتارێکی سیستەماتیکیان لە نێودا بەڕێوە بەرێت.
ئەوەی لە ئێستادا خەڵک و چالاکان و ناوەندەکانی مافی مرۆڤی نیگەران کردووە، تەنیا سەرکوتی سەر شەقام نییە، بەڵکوو ئەو پیلانە پڕ لە سەرکوت و جینایەتەیە کە ڕێژیم بۆ چاوترسێنکردنی “کۆمەڵگە و هەروەها قەرەبووکردنەوەی شکست و قەیرانە جۆراوجۆرەکانی”، دەست بۆ کوشتنی دەسبەسەرکراوان ببات.
لێرەوە ڕوو لە هەموو ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و وڵاتانی ئازادیخواز دەکەین؛ بێدەنگی لە ئاست ئەم جینایەتانە، دەبێتە هۆی دەستاوەڵڵاهێشتنەوەی دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامی ئێران. ئەم نیزامە سەرکوتکەرە بۆ درێژکردنەوەی تەمەن و دەسەڵاتی پڕ لە سەرکوت و جینایەتی خۆی، ئامادەیە هەموو نەتەوەکانی ئێران بکاتە قوربانی. پێویستە گوشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ڕێژیم چڕ بکرێنەوە و لێژنەی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ بۆ بەدواداچوونی ڕەوشی دەسبەسەرکراوان پێک بهێنرێت و لە ئاست ئەو هەموو پێشێلکارییانەی مافی مرۆڤ بێدەنگ نەبن.
ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان
٢٨ی ژانویەی ٢٠٢٦ی میلادی
٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی
]]>لە ئاکامی تەقەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی، دو برای خەڵکی گەڕەکی جافرئاوای کرماشان، کوژراو و بریندار بوون.
بەپێی هەواڵی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان، ڕۆژی شەممە، ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٤، ڕەسووڵ کەدیوەریان یەکێک لە بەشداربووانی دوایین ناڕەزایەتییەکانی ئێران، لە جافرئاوای کرماشان، بە تەقەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی گیانی لە دەست دا و ڕەزا کەدیوەریان برای ناوبراویش بە توندی برینداربوو.
هەر بەپێی ئەم هەواڵە، هەتا ئێستە تەرمی ڕەسووڵ کەدیوەریان ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوە و بارودۆخی تەندروستیی ڕەزا کەدیوەریانیش ناجێگرە و لە دۆخی بێهۆشی و کۆمادا بەسەر دەبات.
هەروەها لەم پێوەندییەدا، ڕەزا قەنبری، تەمەن ١٧ ساڵ، خەڵکی جافرئاوای کرماشان، ڕۆژی شەممە، ١٣ی بەفرانبار، بە تەقەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی گیانی لە دەست دا.
بە وتەی شایتحاڵان، وێڕای ئەوەی کە هەتا ئێستە تەرمی ڕەزا قەنبری، ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوە، گوشار خراوەتە سەریان کە وەکوو ئەندامی بەسیج بناسێنن، بەڵام بنەماڵەی قەنبری خۆیان لەم کارە بواردووە.
]]>خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان!
ژنانی مافخواز!
٢٥ی نوامبر، وەبیرهێنەری خەباتێکی جیهانییە بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دژی ژنان، خەباتێک کە بۆ ژنانی ئێران و بەتایبەتی بۆ ژنانی کوردستان، هەڵگری واتایەکی بەرفراوانترە.
لە ئێراندا کە پێکهاتە سیاسی و یاساییەکەی لەسەر بنەمای هەڵاواردنی ڕەگەزی بونیات نراوە، توندوتیژیی ڕەگەزی نەک پرسێکی تاکی، بەڵکوو بەشێکە لە داڕشتنی سیاسەتی فەرمی و ئامرازێکە بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە. بۆ نموونە هەر بەپێی مادەی ٦٣٠ـی یاسای سزادانی ئیسلامیی ئێران، دەستی پیاوان بۆ ژنکوژی ئاوەڵاتر کراوە. لەوبارەوە هەر لە یەک ساڵی ڕابردوودا و بەپێی ئامارەکان، لانیکەم ١١٠ حاڵەتی ژنکوژی و دەیان حاڵەتی خۆکوژی و خۆسووتاندن تۆمار کراون.
ژنانی کوردستان دەیان ساڵە لەگەڵ توندوتیژیی دەوڵەتی، ئابووری، فەرهەنگی و ئەمنی دەستەویەخەن. دەسبەسەرکردن و ئەشکەنجەدانی ژنانی چالاک، بێبەشکردنیان لە پەروەردە و پیشە و بەشداریی سیاسی، سیاسەتی ئەمنییەتیسازیی جەستە و جلوبەرگی ژنان و سەرکوتی مافی هەڵبژاردن و ئازادیی تاکی، نموونەیەک لەم توندوتیژییە سیستەماتیکەن. ئەم هەڵسوکەوتانە نەتەنها کەرامەت و مافی مرۆیی ژنان پێشێل دەکات، بەڵکوو هەوڵێکە بۆ کپکردنی دەنگی نیوەی کۆمەڵگە. بەڵام ژنانی کوردستان لەهەمبەر ئەم سیاسەتانەدا بەردەوام خەبات و بەرەنگارییان کردووە و بزووتنەوەی ژینا، لووتکەی ئەم بەرخۆدانانە بوو.
ژینا ئەمینی لە تاران بوو بە قوربانیی توندوتیژیی سیستەماتیکی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران. هەروەها ئەو توندوتیژییەی کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژینادا دژی ژنان و کچان بەکار هێنرا، لە کوشتن و دەسبەسەرکردن و ئەشکەنجەدانەوە بگرە تا تەقەی ڕاستەوخۆ لە ناڕازییان، نیشانی دا کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ پاراستنی خۆی، لە بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری توندوتیژی دژی ژنان، پارێز ناکات. بەم حاڵەشەوە، خەباتی بوێرانەی ژنان سەلماندی کە هیچ سەرکوتێک ناتوانێت ئیرادەی ئەوان بۆ ئازادی و یەکسانی لەنێو ببات.
ئێمە وەک ڕێکخراوە دێموکراتیک و مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ڕایدەگەیەنین:
لە کۆتاییدا ڕایدەگەیەنین کە هیچ کۆمەڵگەیەک بەبێ ئازادی و ئەمنییەتی ژنان، ئازاد و ئەمن نابێت و نا بۆ هەر شێوە توندوتیژییەک دژ بە ژنان.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان
ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
٢٥ی نوامبری ٢٠٢٥
]]>لە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢١ـی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاوییەوە زیاتر لە ١٥٠٠ بەندیی ژێر حوکمی سێدارە، لە یەکەی ژمارە دووی بەندیخانەی “قزلحصار” مانیان لە خواردن گرتووە. ئەم هەنگاوە بەکۆمەڵ و بوێرانەیە لەدژی سزای لەسێدارەدان – کە لە ڕاستیدا جۆرێک کوشتنی حکوومەتییە – بەڕێوە دەچێ. ئەم پۆلە مرۆڤە کە لە چاوەڕوانیی بەڕێوەچوونی حوکمەکانیاندان ئێستا پێکەوە دەنگی ناڕەزایەتییان لە ئاست ئەم سزا نادادپەروەرانەیەدا هەڵبڕیوە و دەیانهەوێ هەموو چالاکانی سیاسی و مەدەنی و خەڵکی ئاسایییش گوێیان لە دەنگیان بێت و بەهانایانەوە بچن.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی نۆ مانگی ساڵی زایینیدا زیاتر لە هەزاروسەد کەسی لەسێدارە داوە، ئەم ڕێژیمە بەمەبەستی ترساندن و تۆقاندنی کۆمەڵگە بەتایبەت لەدوای بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی”، پەنای بردووەتە بەر شەپۆلێک لە لەسێدارەدان و تەنانەت یاسای نوێتریش بۆ ئەوە دادەتاشێ دەستی ئاوەڵاتر بێ بۆ کوشتنی ڕۆڵەکانی خەڵک بەناوی یاساوە. لەم نێوەدا و بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ڕێکخراوە مافی مرۆیییەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، زۆربەی ئەم لەسێدارەدراوانە سەر بە نەتەوە ستەملێکراوەکانی نێو ئێران وەک: کورد و بەلووچ و عەرەب و…ن، کە لەم ڕووەشەوە کۆماری ئیسلامی نیشانی داوە لەگەڵ ئەوەی ڕێژیمێکی دیکتاتۆر و دڕندەیە، لە هەمان کاتیشدا ڕێژیمێکی ناوەندگەرای فاشیستییە.
ئێستا پتر لە نەوەد حەوتووە “هەڵمەتی سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام” بەردەوامە کە زۆربەی بەندیخانەکانی ئێرانی گرتووەتەوە، لە هەمان کاتدا بەشێکی زۆر لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی ئێران و بنەماڵەکانیان لەگەڵ ئەم بەندییانە هاودەنگییان نیشان داوە و هەروەها ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بارەی ڕێژەی سەرسوڕهێنەری ئێعدامەکانی ئێرانەوە هۆشداریی داوە و ڕێکخراوی نێونەتەوەییی لێبوردنیش داوای لە دەوڵەتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، بۆ پێشگرتن بەم شەپۆلی ئێعدامانە گوشارێکی زیاتر بخەنە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران.
ئێمە وەک چەند ڕێکخراوی مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕێی ئەم ڕاگەیەندراوەوە پاڵپشتیی خۆمان لەم مانگرتووانە و بنەماڵە هەقویستەکانیان و هەموو ئازادیخوازان ڕادەگەیەنین و جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە:
١- سزای لەسێدارەدان، هەمان کوشتنی بەئەنقەستە لەلایەن حکوومەتەوە و هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێ بۆ مانەوەی خۆی یان بە هەر پاساو و بیانوو و مەبەستێکی تر خەڵک بکاتە قوربانی.
٢- ئێمە لە هەموو چالاکانی سیاسی و مەدەنیی گۆڕەپانی سیاسیی ئێران داوا دەکەین دان بەو ڕاستییەدا بنێن کەوا لە ئێراندا ستەم و هەڵاواردنی نەتەوەیی هەیە – شوناسی نەتەوەییی لەسێدارەدراوان دەرخەری ئەو ڕاستییەیە – بۆیە هەوڵ بدرێ ئەو ستەمانە لە ڕێی دانپێدانان و کولتوورسازی و هەوڵدانی ڕاستەقینە بۆ نەهێشتنیان، ڕیشەکێش بکرێن.
٣- بەرپرسیارەتیی گیانی هەموو بەندکراوان و لەنێو ئەوانیشدا بەتایبەت بەندییە مانگرتووەکان لە ئەستۆی دەزگای بەناو دادی ڕێژیمدایە، بۆیە هەر خەسار و زیانێکیان لێ بکەوێ، پێشێلکردنی کۆنڤانسیۆنە نێودەوڵەتییەکانە و دەبێ کۆماری ئیسلامی لێپێچینەوەی لێ بکرێ.
٤- داوا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو دامەزراوە مافی مرۆڤییەکان دەکەین ئەوەی لەدەستیان دێ بۆ پاراستنی گیانی ئەو بەندییانە بیکەن و ئەم ماشینی کوشتارەی کۆماری ئیسلامی ڕابگرن.
خەڵکی کوردستان و ئێران!
ئەم مانگرتنە نابێ تەنیا تایبەت بە بەندکراوان بێت، ئەمە شەڕی نێوان مەرگ و ژیانە، بۆیە نابێ و ناکرێ لە بەرامبەر ئەو داواکارییەدا بێدەنگ و خەمسارد بین و پێویستە لەم ساتەوەختە هەستیار و گرنگ و چارەنووسسازەدا دەنگی پاڵپشتیی خۆمان بخەینە لای دەنگی ڕەوای ناڕازییانەی ئەو بەندییە مەحکوومانە و ویستی نەهێشتن و نەمانی سزای سێدارە بکەینە ویست و دروشمێکی گشتی کەوا لەدوای نەمانی کۆماری ئیسلامییش ئەم سزا دژەمرۆڤییە بنبڕ بکرێ و بسپێررێ بە مێژوو.
ئێمە ئەم هەنگاوە بە هەنگاوێکی مەدەنییانە و ڕەوا دەزانین و بە پێویستی دەزانین دەنگی خۆمان بخەینە پاڵ دەنگی ئەم ناڕازییانە و داوا لە خەڵکیش بکەین پاڵپشتیان بن.
سەر کەوێ خەباتی گشتگیری خەڵکی ئێران لەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان
ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان
بەیاننامەی هاوبەشی “ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان” و “ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان” بە بۆنەی سێهەمین ساڵیادی بزووتنەوەی ژینا بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”
سێ ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، ژینا ئەمینی، کچە کوردی خەڵکی شاری سەقز، بە بیانووی پابەند نەبوون بە حیجاب، لەلایەن پۆلیسی “ڕەوشت”ی تارانەوە وێڕای دەستبەسەر کردنی توندوتیژانە، لێیدرا و بەهۆی سەختی برینی سەری ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا و دوای سێ ڕۆژ گیانی لەدەست دا. لەوکاتەدا کەس پێشبینی ئەوەی نەدەکرد کە دوای ئەو چەند ڕۆژە، جەستەی بێگیان و خوێنی بە ناحەق ڕژاوی ئەم کچە کوردە دەبێتە دەستپێک و سەرچاوەی بزووتنەوەیەکی سەرتاسەری و ناوی ژینا دەبێتە سیمبولێکی گەورەی بزووتنەوەی سیاسی-کۆمەڵایەتی “ژن، ژیان، ئازادی”
بزووتنەوەی ژینا، زۆر خێرا نەک هەر هەموو کوردستانی گرتەوە، بەڵکوو سەرانسەری ئێرانیشی تەنییەوە و وەک گەورەترین بزووتنەوەی سیاسی-کۆمەڵایەتی لە چەند دەیەی ڕابردوودا پێناسە دەکرێت. هەر ئێستا بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” بووەتە نەخشەڕێگە و مانیفێستێک بۆ خەبات و بەرخودانی سەرجەم گەلانی ئێران دژ بە ڕژێمی داگیرکەر و دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی ئێران.
هەرچەندە بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” تێچوویەکی زۆری هەبوو کە سەدان شەهید و هەزاران بریندار و کەمئەندامی لێکەوتەوە، بەڵام ئەم بزووتنەوەیە خاڵی وەرچەرخانێکی گرینگ بوو لە خەباتی مافخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەرجەم ئێران. ڕۆڵی ژنان لەم بزووتنەوەیەدا کاریگەرییەکی گەورەی لە سەر خەباتی مافخوازانە و یەکسانیخوازی ژنانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبوو، و دەرگایەکی نوێی بەرەوڕووی خەباتی ژنان لە هەموو ئێران و تەنانەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا کردەوە.
بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” سەلماندی، ژنی کورد لە چوارچێوەی پێناسەی ژن لە ئێراندا قەتیس نەماوە و لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیدا پێناسەی تایبەتی خۆی وەک ژنی کورد بۆ دەکرێت. بۆیە دەتوانین بڵێین ئەم بزووتنەوەیە توانی ببێتە دەرفەتێکی زێڕین بۆ خەبات و بەرخودانی ژنان و هاوکات وەک ڕەمز و هێمای بەرخودانی خەباتی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بدروشێتەوە.
ئەم بزووتنەوەیە، کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە توندترین شێوە سەرکوت کرا، دوای ئەو هەموو پێشێلکارییە مافی مرۆڤیانە کە بە کوشتن، کەمئەندامکردن و زیندانیکردن ڕووبەڕوو بووەوە، لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە بە فەرمی دانیپێدانرا و خەڵاتی “ساخارۆف”یشی پێبەخشرا. هەروەها لەلایەن ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری دانانی “کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان” بۆ بەدواداچوونی پێشێلکارییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە سەردەمی بزووتنەوەی ژینا پەسەند کرا. ئاکامی کار و چالاکییەکانی ئەم کۆمیتەیە لە ڕاپۆرتی یەکەمیدا دەرکەوت کە ڕێژیمی ئێران، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام داوە.
ئەم خەڵات و بڕیارە نێودەوڵەتییانە، بەڵگەن بۆ پشتڕاست کردنەوەی خواستەکانی ئێمە و دووپاتی دەکەنەوە کە بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” هێمایەکە بۆ ئازادی و دادپەروەری و هەروەها مافە نەتەوایەتییەکانی گەلانی ئێران و هەتا بە ئاکام گەیشتنی بەردەوام دەبێت.
لە سێهەمین ساڵیادی بزووتنەوەی ژینا دا سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی هەموو شەهیدان و بە تایبەتی شەهیدانی بزووتنەوەی ژن،ژیان،ئازادی و دووپاتی دەکەینەوە: “هەتا ستەم مابێت، خەبات بۆ ئازادی و سەربەستی بەردەوامە!”
ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان
٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی
ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان «چاونیوز» بە نیگەرانییەکی قووڵەوە ڕایدەگەیەنیت؛ کۆماری ئیسلامی بە قۆستنەوەی بارودۆخی دوای ئاگربەستی پێکدادانەکانی ئەم دواییە، هەڵمەتێکی دڕندانە و ڕێکخراوی بۆ سەرکوتی کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستان دەست پێ کردووە.
لە سێبەری بێدەنگیی میدیاکان و لە کەشێکی پڕ لە ترس و تۆقاندندا، شەپۆلێک لە ڕفاندن و دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و نایاسایی، سەدان هاووڵاتی لەوانە چالاکوانانی مەدەنی و خەڵکی ئاسایی دەست پێکردووە و ژمارەیەکی زۆر بنەماڵەی کورد لە چارەنووسی ئازیزانیان نیگەرانن.
هاوکات، پەتی لەسێدارەدان و فیشەکی کوشتن بێوچان کار دەکات، زیندانیانی سیاسیی کورد بە نهێنی و لە دوای دادگاییکردنی نادادپەروەرانە لەسێدارە دەدرێن و هاووڵاتییانی سڤیل لە شەقامەکاندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان بریندار دەکرێن و دەکوژرێن.
ئەوەی لە ئارادایە، تەنیا ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ئەمنیی ساکار نییە، بەڵکوو یەکلاکردنەوەیەکی سیاسیی ئاشکرا و هەوڵێکی ئەنقەستە بۆ کپکردنی هەر دەنگێکی ناڕازی لە کوردستان.
ئێمە بە ڕاشکاوی ڕایدەگەیەنین کە لەم ئاستە لە پێشێلکاریی ئاشکرا و دڕندانەی ڕێکخراو، بە قووڵیی نیگەرانین. هەر بۆیە داوا لە تەواوی میدیاکان، ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و ویژدانە زیندووەکانی ئێران و سەرانسەری جیهان دەکەین، ئەم بێدەنگییە بشکێنن و ببنە دەنگی خەڵکی بێ تاوانی کوردستان و، کۆماری ئیسلامی ناچار بکەن وەڵامدەری ئەم سەرکوتە خوێناویانە بێت.
مەهێڵن کوردستان لە بێدەنگیدا ببێتە قوربانی.
ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان «چاونیوز»
شەممە، ٧ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ی کوردی
]]>ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی جۆزەردان، هاونیشتمانییەکی خەڵکی گوندی “گردڕەحمەت” سەر بە پیرانشار، بە ناوی “ئاریان مەشایەخ” کوڕی زورار، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
لەمبارەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار بە چاونیوزی گوت: ئەم لاوە بەبێ حوکمی دادوەر دەسبەسەر کراوە.
تا ئێستا لە شوێنی ڕاگیران، هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاونیشتمانییە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
]]>زیندانیانی سیاسی خۆڕاگر!
بنەماڵەی سەربەرزی زیندانیانی سیاسی!
“بەندکراوی سیاسی کورد ئەو مرۆڤە بە بیروباوەرەیە کە چاوپۆشی لە هەموو خۆشییەکانی ژیانی ئاسایی کردووە و لە پێناو گەیشتن بە ئازادی، سەربەستی نەتەوەیی، دادپەروەری و یەکسانی خەبات دەکات و بەو هویەوە دەگیرێ و دەکەویتە بەندیخانە. ئەو کەسایەتییە بەرزەی کۆمەڵگا، لە بەندیخانەدا وێڕای هەموو ئازار و ئەشکەنجەیەک، کۆڵ نادات و دەبێتە هێمای خۆڕاگری و کۆڵنەدان.”
بۆ ئێمەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان، دوازدەی جۆزەردانی هەموو ساڵێک وەبیرهێنەرەوەی مێژوویەکی تاڵ و دڵتەزێنە؛ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ١٢ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی، ٥٩ لاو و مێرمناڵی خەڵکی شاری مەهابادی بە تاوانی کورد بوون لە ماوەیەکی کورت دا دەسبەسەر و لە دادگایەکی ناعادڵانە و دوور لە هەموو پرنسیپێکی یاسایی و مافی مرۆڤی سزای ئیعدامی بەسەر دا سەپاندن و لە بەندیخانەی شاری تەورێز گولڵەباران کردن. ئەوە لە حالێک دایە کە دوای تێپەرینی ٤٢ ساڵ بەسەر ئەو جینایەتە سامناکە لە تاوانێکی دیکەدا، تەنانەت گڵکۆ یان شوێنی بەخاک سپاردنیشیان دیار نییە و گۆڕبزر کراون.
ئەنجۆمەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەماهەنگی و هاوفکری حیزبە سیاسییەکان و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ڕێز گرتن لە خەبات و خۆڕاگری بەندکراوانی سیاسی؛ “١٢ی جۆزاردانی” هەموو ساڵێک وەک ڕۆژی بەندکراوانی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دیاری کردووە و لەو ڕوژەدا یاد و بیرەوەری هەموو بەندکراوانی سیاسی کورد بەبێ جیاوازی بیروڕا و هەر ڕەوتێکی سیاسی کوردستانی بەرز ڕادەگرین و سەری ڕێز بەرامبەر خۆراگری و قامەتی بەرزی ژێر سێدارەیان دادەنوێنین.
جەماوەری خۆڕاگری کوردستان!
کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی ٤٧ ساڵ تەمەنی پڕ لە جینایەتی خۆی بە شێوازی جۆراوجۆر، بەردەوام و سیستماتیک مافەکانی مرۆڤیی لە کوردستان پێشێل کردووە و بە گرتن و ڕفاندن، ئەشکەنجە و زیندانی کردن، تیرۆر و کوشتن، قەڵاچۆکردن و خاپوور کردنی ئاواییەکان، کوشتن و لەسێدارەدانی بە کۆمەڵ، میلیتاریزە کردن، بە تاڵان بردن و شێواندنی ژینگە و داڕمانی ئابووری، ئەم نیشتمانەی داگیر کردووە و هەوڵی سڕینەوەی شوناس و هەوێتی نەتەوەیی بە شێوازی نەرم و چڕی داوە، ئێعدام کردنی ٥٩ لاوی کورد تەنیا یەکێک لەو جینایەتە سامناکانەیە کە کۆماری ئیسلامی لە هەمبەر ئازادیخوازی کورد کردوویەتی.
ئەوەی جێگای داخ و کەسەرە ئەوەیەکە؛ بەدرێژای تەمەنی ئەم حکوومەتە دیکتاتۆر و سەرەڕۆیە، پێشێلکارییە ئاشکراکانی مافی مرۆڤ بوونەتە قوربانی بەرژەوەندی و ساتوسەودای ئابووری و سیاسی، بە تایبەتی لە دوو دەیەی ڕابردوودا کە بەرنامەی ناوکی کۆماری ئیسلامی بۆتە ڕۆژەڤ، پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ پەراوێز خراون و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەنا بەرنامە ئەتۆمییەکەی، لە بارمتە گرتنی دنیای ئازاد و دیمۆکراتیک وەک دەرفەتێک کەڵکی وەرگرتووە و بە شێوەیەکی سیستماتیک دەستی داوەتە سەرکوتی ئازادیخوازان بە تایبەتی لە کوردستان ڕۆژ نییە کوڕان و کچانی ئازادیخواز لە هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵگا وەک؛ چالاکانی زمانی کوردی، ژینگە پارێزان، پارێزەرانی ئەدەب و کەڵتووری کوردی، خوێندکار و قوتابیان، چالاکانی هونەری، مامۆستایانی ئایینی و بازاریان و ئەسناف بە تۆمەتی بێ بنەما دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە نەکات. ڕۆژ نییە لە بێ دادگاکانی کۆماری ئیسلامی چالاکانی سیاسی و مەدەنی سزای قورسی بەندکرانیان بەسەردا نەسەپێندرێ. ڕۆژانە بە بەردەوامی هەواڵی لە سێدارەدانی بەندکراوان لە گرتووخانەکانی ئێران بڵاو دەکرێتەوە. ڕۆژانە کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد کە بۆ بژێوی ژیانیان دەستیان داوەتە کاری قورسی کولبەری دەدرێنە بەر دەسڕێژ و گیانیان لێدەستێندرێ یان بریندار دەکرێن. ئەوانە بەشێکن لەو پێشێلکارییانەی مافی مرۆڤ کە بەردەوام بە بەرچاوی ناوەندەکانی دەسەڵات و ڕێکخراوەکانی بەرگری لە مافی مرۆڤ و دنیای ئازاد پاتە دەبنەوە و بۆنەتە جێگای نیگەرانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی لە ئێران و کوردستان و هەروەها ئەم دۆخە ئاماژەیە بۆ جۆرێک لە کۆلۆنیالیزم، سڕینەوە و چەوساندنەوە لەلایەن دەسەڵاتی سیاسی ناوەند لەهەمبەر کورد و کوردستان.
بەڵام خاڵی جێی سەرنج ئەمەیە کە؛ وێڕای هەموو ئەو زیندان و ئەشکەنجە و هەموو ئەو زەخت و پێشێلکاریانەی کە بەتایبەت لە سەر چالاکانی سیاسی و مەدەنی و کۆمەڵگای کوردی بە گشتی هەیە خەبات و تێکۆشان بۆ ئازادی و سەربەستی نەتەوەیی، بە شێوەی جوراوجور بەردەوامی هەیە، هەر بۆنەکانی نەورۆزی خاکیپۆشان وەک وێنەیەک لەو چالاکییانەن کە لە بزووتنەوەیەکی کلتووری و مەدەنی بوونەتە ڕەمزی بەرخودان و شوناسخوازی نەتەوەیی.
زیندانیانی سیاسی خۆڕاگر!
لێرە کۆبووینەتەوە کە لە ڕۆژی ١٢ی جۆزەردان، سەرەڕای بەرز نرخاندنی یادی سەرجەم زیندانیانی سیاسی؛ ئاماژەیەکیش بەو دیاردەیە بکەین کە ئەگەر پێشتر بە جۆرێک ترس لە سەپاندنی حوکم و چوونە زیندان هەبوو، لە ئێستادا زیندانیانی سیاسی کچان و کوڕانی خۆڕاگری کورد بە شانازییەوە لە ڕێوڕەسمی جۆراوجۆر بە بەشداری خزمان و هاونیشتمانیان بە چەپڵە و سروودی نیشتمانی بەرەو بەندیخانە بەڕێدەکرێن، یان لە کاتی ئازادبوونیان دا پێشوازییەکی بێ وێنەیان لێ دەکرێ و وەک نیشانەی سەرکەوتن و زاڵ بوون، شایی دەگێڕن، ئەمە بەو مانایە نییە کە ئێمە بەندیخانەمان پێخۆشە یان وەک شوێنێکی خۆش سەیری دەکەین؛ بەڵکوو لێرەدا زیندان بۆ ئازادیخوازان وەک شوێنەک بۆ سزا و پەشیمان بوونەوە دەبێتە قوتابخانەی بەرگری و نیشتمان دۆستی واتە لە وێژمانی سیاسیی نەتەوەییدا گۆڕانکاری بە شوێن دەکرێ و لە سزادانەوە دەبێتە شوێنەک بۆ سوور بوون لە سەر داوا و مافە ڕەواکان و هێزی لەبڕان نەهاتووی هیوا بۆ ئازادی. ئەوە بەشێکە لە شعووری بەرزی نەتەوەی و وانەی گەنجانی وڵاتەکەمان بەرامبەر بەو هەمووە پێشێلکاریانە و لەبەر چاونەگرتنی ماف و ئازادییەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.
زیندانیانی سیاسی تێکۆشەر!
ئێوە کە ساڵانێک لە تەمەنی پڕ لە سەروەری خۆتان لە بەندیخانە تاریکەکانی کۆماری ئیسلامی بەسەر بردووە یان هەر ئێستا بە هۆی چالاکی جۆراوجۆر لە زیندان دان، وەک چۆن گەل شانازیتان پێوە دەکات، دەبێ ئێوەش شانازی بە خۆتان و ڕابردوو و ئێستای زیندانی سیاسی خۆتان بکەن، ئێوە وانەیەکی مێژوویین بۆ هەموولایەکمان، ئێوە بە خۆڕاگریتان بەرامبەر هەموو ئەشکەنجە و ئازار و نەهامەتییەک ڕووسوورانە سەری خۆتان و بزووتنەوەکشتان بەرز ڕاگرتووە و دوژمنیشتان بێ هیوا کردووە. بێگومان دیرۆکی نەتەوەکەمان ئەو خۆڕاگری و غروورەی ئێوە وەک بەشێکی گرینگ لە مێژووی جوڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار دەکا و لە هەست و نەستی خەڵکی کوردستان دا بەردەوام بە زیندوویی دەمێنیتەوە و ڕێزی لێ دەگیرێ.
ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان(چاونیوز) بە پێزانینەوە دەڕوانیتە خەبات و خۆڕاگری ئێوە بەندکراوانی سیاسی و سپاسی هەموو زەحمەت و پشوو درێژی بنەماڵە ئازیزەکانتان دەکەین. بەو هیوایە بە زووترین کات شاهیدی ئازادی یەکجاری ئێوە ئازیزان بین و بەری رەنج و خۆڕاگری ئێوە و تێکۆشانی خەباتکارانی ڕێگای ئازادی، ڕزگای یەکجاری کوردستان بێتەدی و هەموومان لە ژێر سێبەری ئاڵای کوردستانێکی ئازاد و بەختەوەر بحەسێینەوە.
سڵاو لە ئیرادە و خۆڕاگری بەندکراوانی سیاسی و بنەماڵە بەڕێزەکانیان
بەرز و بەڕێز بێت یادی شەهیدانی ١٢ی جۆزەردان و هەموو بەندکراوانی سیاسی لە سێدارە دراو
ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان(چاونیوز)
ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
١٢ی جۆزەردانی ٢٧٢٥ کوردی
٢ی ژۆئەنی ٢٠٢٥ی زاینیی
]]>یەکیەتییەکانی ژنان، لاوان، خوێندکاران، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکان و ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان: پشتڕاستکردنەوەی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی بە توندترین شێوە مەحکووم دەکەین.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە مێژووی دەسەڵاتی خۆیدا بەردەوام مافی بنەڕەتیی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان بەتایبەت ژنانی کوردی پێشێل کردووە؛ لە هەمان کاتدا ژنانی خەباتکار و پێشەنگی نێو کۆمەڵگەی بۆ چاوترسێنکردن بە توندترین شێوە سزا داون، بەڵام بەپێچەوانەوە و بە شێوەی جیاوازتر ژنان بەرامبەر ئەو دەسەڵاتە داگیرکارە وەستاونەتەوە و لەپێناو ئامانج و بەها مرۆڤایەتییەکان قوربانییان داوە.
هەر لەم پێوەندییەدا و لە ئێستادا چەندین ژنی کورد لەبەر کار و چالاکیی جیاوازی مەدەنی، زمانی، ڕوناکبیری و کلتووری لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا ڕاگیراون، ئەو ژنانە لە هەموو مافێکی بەندکراوێکی سیاسی بێبەش کراون و لە ژێر گوشار و ئەشکەنجەی ڕۆحی و ڕەوانیدان. هەنووکە لانیکەم سێ زیندانیی سیاسی کورد بەناوەکانی “پەخشان عەزیزی، وریشە مرادی و بێهرووز ئێحسانی ئیسلاملوو” حوکمی سێدارەیان بۆ بڕاوەتەوە و لەم نێوەدا حوکمی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی یاریدەدەری کۆمەڵایەتی، لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ڕێژیم پشتڕاست کراوەتەوە و ئەگەری جێبەجێکردنی ئەم حوکمە نادادپەروەرانەیە لەئارادایە.
سزای دیاریکراو بۆ ئەو چالاکە ژنە لە کاتێدا دەرچووە کە لە ماوەی ٨ مانگ دەسبەسەرکران و لێپرسینەوەدا لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، هەروەها دادگایەکی دادپەروەرانە بێبەری بووە.
بەم هۆیەوە ئێمە پێنج ڕێکخراوی مەدەنی و مافی مرۆڤی، وێڕای بە توندی شەرمەزارکردنی ئەم حوکمە ناڕەوایە نیگەرانیی خۆمان بەنیسبەت ئەگەری لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی دەردەبڕین و داوا لە کۆمەڵگەی کوردستان، ئێران و سەرجەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی داکۆکیکار لە پرسی مافەکانی مرۆڤ دەکەین پێش هەر ئەگەرێکی نەخوازراو، بە هەڵوێست و کاردانەوەی مەدەنیانە و شێوازی جۆراوجۆر پێش بەم حوکمە بگرن و چیدیکە لە پێشێلکردنی ئاشکرا و سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان بێدەنگ نەبن، با تێچووی ئەو سەرەڕۆییانە لەسەر ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران زیاد بکەین و بۆ ئەو مەبەستەش دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی ڕێکخراوە مەدەنییەکان و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایە و پێداگرین؛ دەبێ مافی ژنان بەپێی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ پارێزراو بێ.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان “چاونیوز”
۲٥ی بەفرانباری ۲۷۲٤ی کوردی
]]>لە دوای کوژرانی ژینا ئەمینی، ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕووبەڕووی بەرزترین ئاستی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بوونەتەوە. گرتنی سەرەڕۆیانە، ئەشکەنجە، لەسێدارەدان و سەرکوتی سیستماتیک بوونەتە کرداری ئاسایی دەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران. سەرەڕای شەرمەزارکردنی نێودەوڵەتی، دەسەڵاتدارانی ئێران بەردەوامن لە سەرکوتی بێبەزەییانە بەرامبەر کورد و دەنگە ناڕازییەکانی دیکە.
لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا، کردەوە و هەڵوێستی هاوبەش پێویستە!
لە بەرەبەری دووهەمین ساڵیادی قەتڵی حکوومەتیی ژینادا، چالاکانی مەدەنی و مافی مرۆیی لە نێۆخۆی وڵاتەوە ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٣ (١٥ی سێپتامبری ٢٠٢٤) لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بانگەوازی مانگرتنی گشتییان داوە .
ئێمە ئەو ڕێکخراوە مەدەنی و مافی مرۆڤییانەی لە خوارەوە ناومان هاتووە پشتگری خۆمان بۆ ئەو بانگەوازە دەردەبڕین و داوا لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان و ئێران دەکەین کە لەو ڕۆژەدا بە هەڵوێستێکی مەدەنی و ئاشتییانە بەشدار بن لە مانگرتنی گشتیدا. هەروەها ڕوو لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەکەین هەتا چاودێریی زیاتری پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی کورد لە ئێران بکەن.
١٠ی سێپتامبری ٢٠٢٤
رێکخراوە مەدەنی و مافی مرۆڤییەکان:
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
ڕێکخراوی جیهانیی کورد
ڕێکخراوی هانای ڕۆژهەڵات
ناوەندی زاگرۆس بۆ مافەکانی مرۆڤ
ناوەندی هەواڵنێرانی مافی مرۆڤی کوردستان
ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی كوردستان «چاونیوز»
ناوەندی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ناوەندی بەرگریی لە دیمۆکراسی لە ئێران – هۆڵەند
دەزگای راگەیاندنی رۆژهەڵات نیوز
ڕێکخراوی قەڵای دم دم بۆ هاوکاری مرۆیی
ئەنجۆمەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ڕێکخراوی ژیانەوەی كوردستان
پڕۆژەی دیمۆکراتیکی کوردستانی ئێران
ناوەندی چوارباخ
کوردستان ئۆنلاین
ناوەندی ڕۆژی کورد
ناوەندی کلتووری کورد-سویس
ژینا مێدیا
ندای زاگرۆس
[لە سێ ساڵەی ناودێرکردنی ڕۆژی ١٢ی جۆزەردان، وەک ڕۆژی بەندییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ژمارەی دەسبەسەرکراوان لە دوای سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردوە و دۆخی بەشێکی زۆر لەو بەندییانە کارەساتبارە]
٤١ ساڵ لەمەوبەر، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ١٢ی جۆزەردانی ١٣٦٢دا، ٥٩ لاوی کوردی خەڵکی مەهابادیان بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکان لە شاری تەورێز گوللەباران کرد. ئەو ٥٩ بەندییە سیاسییە کە بەشێکیان مناڵ (ژێر ١٨ ساڵ) بوون بەبێ هیچ مافێکی یاسایی و بەبێ ڕەچاوکرانی پرۆسەیەکی دادپەروەرانەی قەزایی بەشێوەی بەکۆمەڵ گوللەباران کران و هەتا ئێستاش گۆڕبزر کراون.
دوای شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاوی و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی، جارێکی دیکەش هەروەک سەردەمی ڕێژیمی پاشایەتیی پەهلەوی هێرش بۆ سەر خەڵکی کورد، ڕەشبگیری، ڕفاندن، گرتن و ئەشکەنجە، تاراندن، سێدارە و تێرۆر وەک سیاسەتی سەرەکیی ناوەند دژ بە ئازادیخوازان زیاتر پەرەی سەندەوە. لە ماوەی ٤٥ ساڵ تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا بە هەزاران هاونیشتمانی تەنیا لەبەر کورد بوون و لەسۆنگەی بیروبۆچوونی سیاسیی جیاوازەوە لە بەندیخانەکاندا ئێعدام کراون و چەند هێندەی ئەمەش بە بەخشینی تەمەنی خۆیان و، خۆڕاگری لەبەرانبەر ئازار و ئەشکەنجە و دەروەست بوون بە ڕێبازی هزرییاندا، باجی ئازادیخوازی و خەباتکاریی خۆیان و نەتەوەکەیان دەدەن.
ناودێرکردنی ١٢ی جۆزەردان، ڕۆژی ئێعدامی بەکۆمەڵی ٥٩ بەندیی سیاسیی کورد بە ڕۆژی “بەندییە سیاسییەکانی کورد” لە وڵاتێکی نادێموکراتیک و دیکتاتۆردا کە لەودا ئەو شەبەنگە بوێرەی کۆمەڵگە لەهەر چەشنە مافێکی ڕەوا و یاسایی خۆیان بێبەش کراون، گرنگی و بایەخی چالاکیی سیاسی خۆیا دەکات.
ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان “چاونیوز” لە سێهەم ساڵی ناودێرکردنی ئەو ڕۆژە تایبەتە لەسەر پێشنیاری ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت: دوای سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژینا، ژمارەی دەسبەسەرکراوەکان و دۆخی زیندانیانی سیاسی بەرەو هەڵکشان و خراپیی زیاتر دەچێت. بەندییە سیاسییەکانی کورد زیاتر لە هەموو نەتەوەکانی ئێران دەکەونە ژێر گوشار و بە حوکمی نادادپەروەرانەی درێژماوە، سێدارە، لەسەرکار دەرکردن و دوورخستنەوە بۆ دوورترین بەندیخانەکانی ئێران سزا دەدرێن. تاوانی بەندییە سیاسییەکانی کورد تەنیا خۆشەویستیی بیروباوەڕ و بڕوابوون بە ماف، ئازادی، ئەوینی نیشتمان، یەکسانی و بەرامبەری و هەوڵدانی بەکردەوە بۆ دابینبوونی ئەو مافانەیە؛ بەڵام ئەمە لە ڕوانگەی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامییەوە گەورەترین تاوانە.
لەو ڕۆژەدا پێداگری لەسەر ئەوە دەکەینەوە، وێڕای بەرزنرخاندنی خۆڕاگریی زیندانییانی سیاسی و دەربڕینی ڕێز و ئەمەگناسی بۆ بنەماڵەکانیان، دەبێ بە هاوکاری و پشتیوانیی سەرجەم ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، حیزبە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاریی مافەکانی مرۆڤ تێچووی ئەو هەمووە پێشێلکاری و سەرەڕۆییە لەسەر ئەو ڕێژیمە زیاتر بکەین و بەهەر شێوازێک بۆ لەقاودانی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەهەمبەر کۆمەڵگە بەتایبەت زیندانییانی سیاسی کاروچالاکیی شیلگێرانەتر بکەین.
ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان “چاونیوز”
١٢ی جۆزەردانی ١٤٠٣ی هەتاوی