Advertise with Googlier.com وتار – چاونیوز http://chawnews.com ناوەندی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان Wed, 07 Oct 2026 08:50:26 +0000 ckb hourly 1 https://wordpress.org/?v=7.1.3 http://chawnews.com/wp-content/uploads/2023/01/cropped-LOGO.png وتار – چاونیوز http://chawnews.com 32 32 خۆکوژی وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی-پێکهاتەیی لە ئێران و کوردستاندا http://chawnews.com/%d8%ae%db%86%da%a9%d9%88%da%98%db%8c-%d9%88%db%95%da%a9-%d8%af%db%8c%d8%a7%d8%b1%d8%af%db%95%db%8c%db%95%da%a9%db%8c-%da%a9%db%86%d9%85%db%95%da%b5%d8%a7%db%8c%db%95%d8%aa%db%8c-%d9%be%db%8e%da%a9/ Wed, 07 Oct 2026 08:47:34 +0000 https://chawnews.com/?p=14463 ن: شارۆخ حەسەن‌زادە

دیاردەی خۆکوژی یەکێکە لە ئاڵۆزترین و پڕژانترین تەنگژە و ئاریشەکانی کۆمەڵناسیی هاوچەرخ کە لە شیکارییە نوێێەکاندا سنووری قەیرانی کەسی یان نەخۆشیی دەروونی تێدەپەڕێنیت و دەبێتە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی. کۆمەڵناسیی مۆدێرن بە جەختکردنەوە لەسەر پێکهاتە سیاسی، ئابووری و کولتوورییەکان، سەرنج دەخاتە سەر ئەوەی کە؛ چۆن ناهاوسەنگییەکانی کۆمەڵگە، کولتوور، گوشاری سیاسی و داڕمان یان قەیرانی ئابووری و بژیوی ژیان دەبنە هۆکاری بەرزبوونەوەی ڕێژەی خۆکوژی. لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، بەتایبەت لە سەردەمی هاوچەرخی لە جوغرافیای ئێران و کوردستان، ئەم دیاردەیە سنوورەکانی خەمۆکیی تاکی بەزاندووە و بووەتە ئاوێنەی باڵانوێنی قەیرانی ئابووری، گوشاری ئەمنی و سیاسی، نادادپەروەری و هەڵاواردن و… . بۆ تێگەیشتن و بەرچاوڕوونی زیاتر لەسەر ئەم بابەتە، پێویستە سەرەتا لە ڕوانگەی بیرمەندانی کۆمەڵناسییەوە چەمکسازی بۆ بابەتەکە بکەین و دواتر لەسەر واقعی مەیدانی و ڕەوشی ڕاستەقینەی کۆمەڵگەی ئێران، جیاکارییەکان لە کوردستان و قەیرانە جۆربەجۆرەکان لە ژێر سێبەری شەڕ، ڕووداوەکانی دوای بزووتنەوەی ژینا و بەتایبەت خەزەڵوەری ١٤٠٤، کورتە باسێک بوروژێنین.

لە داڕشتنی چوارچێوەی تیۆریی کۆمەڵناسیدا، کەسایەتی “ئێمیل دورکهایمـ”ـی فەرەنسی لە کتێبە ناسراوەکەی خۆیدا لەژێر ناوی “خۆکوژی” (Le Suicide – 1897) دوای توێژینەوەیەکی زانستی و مەیدانی، سەلماندوویەتی کە ڕێژەی خۆکوژی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ئاستی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و پێکەوەبەستراوەیی کۆمەڵایەتییەوە هەیە. دورکهایم لە پۆلێنکاری خۆیدا، چوار جۆر خۆکوژی لە یەکتر جیا دەکاتەوە کە لە کۆنتێکستی ئێران و کوردستاندا دوو جۆریان زۆرترین سەنگ و شوێنیان هەیە:

یەکەمیان خۆکوژیی “ئانۆمیکـ”ـە کە کاتێک ڕوو دەدات کۆمەڵگە تووشی داڕمانی بەهاکان، شۆکی ئابووری یان گۆڕانکاریی توند و خێرا دەبێتەوە. لە باری ئانۆمی یان بێنەزمیی کۆمەڵایەتیدا، ڕێکخستنە نەریتییەکان دەڕووتێنەوە و تاک هەست بە ونبوون، بێئاسۆیی و بەتاڵیی نۆرمەکان دەکات.

دووەمیان خۆکوژیی “فاتالیستیک” یان چارەنووسگەریە و کاتێک ڕوو دەدات کە سیستەمی سیاسی یان کۆمەڵایەتی توندترین یاسا و کۆنتڕۆڵ بەسەر تاکدا دەسەپێنێت و تەواوی دەرگاکانی ئازادی و هیوای لێ دادەخات، بە شێوەیەک تاک خۆکوژی وەک تاقە ڕۆچنەی ڕزگاربوون لە جەبر و ستەمکاری دەبینێت.

لە لایەکی تریشەوە، “پیر بۆردیۆ”، هەنگاوێک ئەولاتر دەڕوا و بە دیاریکردنی چەمکەکانی سەرمایەی کۆمەڵایەتی و سەرمایەی ڕەمزی (کەرامەت، شکۆ، بڕوابەخۆبوون)، نیشانی دەدات کاتێک کۆمەڵگەیەک لەلایەن دەسەڵاتەوە تووشی داماڵینی ئابووری و ڕەمزی دەکرێت و بڕست و جووڵە لە دامەزراوە مەدەنییەکان دەبڕدرێت، هاووڵاتییان تۆڕی پشتیوانیی کۆمەڵایەتی لە دەست دەدەن؛ بەمەش هاوسەنگیی “هابیتۆس”، (برتییە لە کۆمەڵێک دابونەریت، ڕەفتاری ڕاهاتوو، نەخشەی بیرکردنەوە و هەستکردن کە لە ئەنجامی ئەزموونی ژیانی ڕابردوو و ژینگەی کۆمەڵایەتی کە ڕۆچوونەتە ناخی تاک و بوونەتە سروشتی دووهەمی جەستەی مرۆڤ و تاک) تێک دەچێت و گوشارە پێکهاتەییەکان بەڕاستەوخۆیی لەسەر جەستە و دەروونی تاک کۆ دەبنەوە.

هاوکات لە شیکردنەوەی خۆکوژیی ژناندا، تیۆریستە فێمێنیستەکان جەخت لەسەر پێکهاتەی باوکسالاریی پاتەکراوە و گوشاری دووفاقی دەکەنەوە؛ ژنان لە ناوچە پەراوێزخراوەکاندا لەلایەک لە ڕێگەی میدیا و پەروەردەوە ئاگاداری و زانیاری لەهەمبەر مافەکانی خۆی پەیدا دەکەن، بەڵام لەلایەکی ترەوە لە ناو جەبر و نەریتی چەقبەستوو و یاسای جیاکارییەکاندا بەند دەکرێت، کە ئەم دژایەتییە پارادۆکسیکاڵ و قووڵە ڕێگەخۆشکەرە بۆ دیاردەی خۆکووژی بەتایبەت لە رێگەی خۆسووتاندن.

سەیرکردنی ڕێژەی خۆکوژی لە کۆمەڵگەی ئێراندا وەک کەمتەرخەمی یان نەخۆشیی دەروونی، سادەکردنەوەی کێشەکەیە، چونکە ئێران لەژێر سێبەری حوکمڕانییەکی ئایدیۆلۆژیدا بەرەوڕووی زنجیرەیەک قەیرانی پێکهاتەیی بووەتەوە. دابەزینی بەردەوامی هێزی کڕین، هەڵئاوسانی بێبەزەییانە، ڕێژەی بەرزی بێکاریی گەنجان و خوێندەواران و نادیاریی پاشەڕۆژ، کۆمەڵگەی ئێرانییان تووشی داڕمانی ئانۆمیک کردووە. هاوکات نەبوونی هیچ دەلاقەیەک بۆ چاکسازی یان ئازادییە تاکەکەسییەکان و داخرانی ڕەهای کایەی سیاسی، هەستی بێدەرەتانی و دەسبەسەراگرتنی ئاسۆی پاشەڕۆژی لای نەوەی نوێ بە شێوەیەکی مەترسیدار وێنا کردووە.

لەلایەکی دیکەشەوە، کوردستان وەک جوغرافیایەکی سیاسیی تایبەت لە ئێرانی هاوچەرخدا، بەرەوڕووی پڕۆژەیەکی ئەنقەست و سیستەماتیکی پەراوێزخستن بووەتەوە؛ پڕۆژەیەک کە تەواوی ڕەهەندەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی لە خۆ دەگرێت و لە بنەڕەتدا بەتەواویی پۆلیتیکیزەکراو و سیاسییە.

لە ڕووی سیاسییەوە، حاکمییەتی ناوەندگەرا لە ڕێگەی ئەمنیکردنی بەردەوامی فەزای گشتی و بێبەشکردنی ڕەهای نەتەوەی کورد لە بەشداریی ڕاستەقینە لە بڕیاردانی سیاسی، ڕوانگەیەکی کولۆنیالیستی بەرامبەر ئەم ناوچەیە ڕۆ ناوە. ئەم جیاکارییە سیاسییە، ڕاستەوخۆ دەبێتە سەرمەشقی جیاکاریی ئابووری؛ بە چەشنێک کە بەراوردکردنی کوردستان دەگەڵ پارێزگا ناوەندییەکان، ئاستێکی مەترسیدار لە بێکاریی پێکهاتەیی، هەژاریی سیستماتیک و نەبوونی ژێرخانی پیشەسازی دەستنیشان دەکات؛ دۆخێک کە خەڵکی ناوچەکەی ناچار بە ئەزموونکردنی دیاردەی سەخت و خوێناویی وەک “کۆڵبەری” و بێهیوایی گشتی کردووە.

لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە، ئەم زەبرە سیاسی و ئابوورییانە لەسەر جەستەی پەراوێزخراوترین توێژەکان ڕەنگ دەدەنەوە؛ بۆ وێنە، دیاردەی تراژیدیی خۆسووتاندنی ژنان دراماتیکیترین شێوازی بەرەنگاربوونەوە و دەربڕینی ناڕەزایەتییە. ژنێک کاتێک جەستەی خۆی دەکاتە سووتمانی ئاگر، لە ڕاستیدا لە بێدەنگترین و بەشۆکترین دۆخیدا بەربەرەکانێی هەردوو پێکهاتەی تەواوکەری یەکتر دەکات؛ واتە ستەمی ئایدیۆلۆژی و سیستەماتیکی دەسەڵاتی سیاسی لە لایەک و پێکهاتەی چەقبەستووی نەریت و باوکسالاریی نێوخۆیی لە لایەکی دیکەوە. بەم شێوەیە، مێژووی بەردەوامی سەرکوت، شەڕ و دەستەڵاتداریەتیی ئەمنی، جۆرێک لە ترۆمای بەکۆمەڵ و خەمۆکیی پێکهاتەیی لە بیری کۆمەڵایەتی و جەستەی هاووڵاتیی کورددا چاندووە.

یەکێک لە دڵتەزێنترین و قووڵترین لایەنەکانی دیاردەی خۆکوژی لەم ساڵانەی دواییدا لە ئێران و کوردستان، شۆپاندنی دیاردەی خۆکوژیی دادخوازان و چالاکوانانە لە دوای شۆڕشی ژینا (ژن، ژیان، ئازادی) و بەتایبەت ناڕەزایەتی و مانگرتنەکانی دواتری وەک ١٨ و ١٩ی خەزەڵوەر. ئەم شەپۆلە لە کۆتاییهێنان بە ژیان لای ئەندامانی بنەماڵەی شەهیدان، دەسبەسەرکراوان یان ئەو گەنجانەی لە شۆڕشەکەدا تووشی نەخۆشی دەروونی و جەستەیی ببوون، لە ڕوانگەی کۆمەڵناسیی سیاسییەوە هەڵگری ئاماژەیەکی دژوار و قووڵە. دادخوازی وەک کردارێکی کۆمەڵایەتی، هەوڵێکە بۆ مانادانەوە بە ئازار و قوربانیدان؛ کاتێک سیستەمی سیاسی نەک هەر دادپەروەری دابین ناکات، بەڵکوو بە بەردەوامی گوشاری ئەمنی، هەڕەشە، گرتن و بێڕێزی دەخاتە سەر بنەماڵەی مافخوازان و دادخوازان، هەستی بێهیوایی پێکهاتەیی لای تاک بەرز دەکاتەوە. دادخواز کاتێک دەبینێت ڕێگاکانی گەیشتن بە حەقیقەت و دادپەروەری بەتەواوی بلۆک کراون، تووشی جۆرێک لە دەسبەسەراگرتنی ڕەهای ژیان دەبێتەوە.

هاوکات دوای سەرکوتی توندی ناڕەزایەتییەکان لە ڕووداوەکانی خەزەڵوەردا، کەشی داپۆشراو لە توندوتیژیی دەوڵەتی و نیزامی شارەکان جێگیر کرا؛ گەنجانێک کە لە شەقامەکاندا ئەزموونی جۆرێک لە یەکگرتوویی و لووتکەی پێکەوەبەستراوەییان کردبوو، دوای سرەوتنەوەی شۆڕشەکە و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دیواری توندی سەرکوت و لەسێدارەدان، تووشی ترۆمای توندی دوای شۆک، شەپۆلێک لە داڕمانی دەروونی و چۆڵبوونی سەرمایەی جەماوەری بوونەوە. لەم دۆخەدا خۆکوژیی هەندێک لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازان، ئاوێنەی وڵامدانەوەی دەروونی-کۆمەڵایەتی بوو بەرامبەر بەو زەبرە قورسەی کە لە سەریان کەلەبەر ببوو. تەنانەت لە هەندێک حاڵەتدا، کۆتاییهێنان بە ژیان لای ئەم کەسانە نەک لەسەر بنەمای لاوازی یان نەخۆشیی دەروونی، بەڵکوو وەک دواهاوار لە بەرانبەر سیستەمێکدا جێبەجێ دەکرێت کە تەواوی کەرەستەکانی ناڕەزایەتیی سیاسیی زەوت کردووە. ئەمە گێڕانەوەیەکی تراژیدییەکە لەوەی کە جەستە و ژیانی تاک دەبێتە تاقە گۆڕەپانێک کە دەستەڵات نەتوانێت بەتەواوی بڕیاری بە سەردا بدات، بەمەش بەرەنگاربوونەوەیەکی ڕەمزیی تاڵ دەخولقێت.

لە کۆتاییدا، خۆکوژی لە ئێران و کوردستان، بەتایبەت دوای ڕووداوەکانی شۆڕشی ژینا و گوشارە ئەمنییەکانی دواتری وەک ١٨ و ١٩ی خەزەڵوەردا، بە هیچ شێوەیەک ئاریشەیەکی دەروونیی تایبەتی یان زادەی ڕێکەوت نییە، بەڵکوو ئاکامێکی کۆمەڵایەتی-پێکهاتەییە کە لە یاسا و سیاسەتە چەوتەکانی دەستەڵاتی سیاسی، داڕمانی ئابووری، جیاکاریی نەتەوەیی و ڕەتکردنەوەی دادخوازیی سیستماتیکەوە سەرچاوە دەگرێت. کاتێک سیستەمێک دەرگاکانی دادپەروەری، ئازادی و هیوا و گەشەی ئابووری دادەخات، ڕێژەی خۆکوژیی ئانۆمیک و فاتالیستیک لە کۆمەڵگەدا سەر هەڵدەدەن؛ بۆیە بۆ چارەسەری ئەم دیاردە تاڵ و ناشیرینەی کۆمەڵگە، پێویستی بە گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە پێکهاتەی سیاسی، دەستەبەرکردنی دادپەروەری بۆ بنەماڵە دادخوازەکان، کۆتاییهێنان بە جیاکارییە نەتەوەیی و ئابوورییەکان و بنیاتنانەوەی سەرمایەی کۆمەڵایەتی و ئاسۆی ڕوون بۆ گەلانی ئێران و کوردستان هەیە.

]]>
ئاگری شوناس و خۆڵەمێشی متمانە http://chawnews.com/%d8%a6%d8%a7%da%af%d8%b1%db%8c-%d8%b4%d9%88%d9%86%d8%a7%d8%b3-%d9%88-%d8%ae%db%86%da%b5%db%95%d9%85%db%8e%d8%b4%db%8c-%d9%85%d8%aa%d9%85%d8%a7%d9%86%db%95/ Thu, 11 Sep 2025 14:07:47 +0000 https://chawnews.com/?p=12719

ئازاد مستۆفی

دوابەدوای گیانلەدەستدانی سێ چالاکی ژینگەپارێزی خۆبەخش، شەهیدان حەمید مورادی، چیاکۆ یوسفی نەژاد و خەبات ئەمینی، وێڕای کووژاندنەوەی ئاگری بەئەنقەست لە چیای ئاویەری شاری سنە، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و هاوسۆزی لە نێو خەڵکدا سەری هەڵدا. درووشمەکانی “داگیرکەری ئێرانی، قاتڵی ڕۆڵەمانی”، “ژین و ژینگەی کوردستان، سووتاوی دەستی ئێران” و “هەتا کوردێک بمێنێ کوردستانیش دەمێنێ” زیاترن لە ناڕەزایەتییەکی ژینگەیی؛ ئەوانە ڕەنگدانەوەی دابڕانێکی قووڵی شوناس لە نێوان خەڵک و بەتایبەت نەوەی گەنجی کوردن لەگەڵ حکوومەتدا. لە ئێراندا شوناسی نەتەوەیی لە مێژە بە ناکۆکی لەگەڵ ناسنامەی نەتەوە غەیرە فارسەکان پێناسە کراوە بەڵام لە نێو ئەم نەتەوانەدا شوناسی کورد جێگەی تایبەتی خۆی هەیە. مێژووی خۆڕاگری، زمان و کولتووری سەربەخۆ، هەڵاواردنی پێکهاتەیی، پەیوەندییە هاوسنوورییەکان، هەموویان بەشداربوون لە بەهێزکردنی ئەم شوناسە قووڵ و خۆڕاگرانەی نێو کورد. بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەلایەن ئەکادیمیستەکانەوە ئەنجام دراون، گەنجانی کورد لە هەموو بەشەکانی شارەکانی کوردستان، تەنانەت لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ جیهانیبوون و میدیای نێودەوڵەتی و خوێندن لە زانکۆشدا، شوناسی کوردستانی وەپێش شوناسی ئێرانی دەزانن. ئێستە لە ژێر ڕۆشنایی ڕووداوەکانی ئەم دواییە و بە تایبەتیش گیانلەدەستدانی خۆبەخشەکان لە کاتی کووژاندنەوەی ئاگرێک لە ئاویەری سنە، ئەم بۆشاییە شوناسە فۆرمێکی بابەتیتری وەرگرتووە.

ناسنامەی کورد و بێمتمانەیی مێژوویی بە حکوومەتی ناوەندی

شوناسی کورد بۆ خەڵکی کوردستان، تەنیا پەیوەندییەکی ڕەگەزی نیە بەڵکوو بنیاتێکی مێژوویی-سیاسییە کە بە چەندین سەدەی چەوساندنەوە و خۆڕاگری و ئایدیالیزم خۆی دیتووەتەوە و لە قاڵب دراوە. گەنجانی کورد بە لەبەرکردنی جلوبەرگی جۆراوجۆری کوردی و پاراستنی زمانی دایکی و گۆڕینی مەراسیمی وەکو نەورۆز بۆ شوناسخوازیی قەڵەمڕەوی کوردستان، ئەم شوناسە بەرهەم دەهێننەوە. بەڵام ئەم وەچەخستنەوەیە تەنیا کولتووری نییە بەڵکو بارگرانییەکی گەورەی سیاسی و بەرخۆدان لە بەرامبەر داگیرکاریدا هەڵدەگرێت. بەتایبەت لەو درووشمانەی کە ئاماژەن بۆ دابڕانێکی تەواو لە چەمکی “ئێران” وەک دەوڵەت- نەتەوەی باڵادەست: “هەتا کوردێک بمێنێ، کوردستانیش دەمێنێ”.

لەم درووشمەدا کوردستان نەک وەک پارێزگا یان هەرێمێک بەڵکوو وەک یەکەیەکی سیاسی و شوناسێکی سەربەخۆ لەپاڵ تاکی کورد پێناسە دەکرێت. شوناسی کورد بووەتە کیانێکی خۆڕاگر و ڕێگری لە بەرامبەر گۆڕانی کولتووری. ڕووداوەکەی ئەم دواییەی ئاگرکووژێنەوە لە ئاویەر لە کاتێکدا بوو کە بەپێی لێدوان و تێبینییە گشتییەکان، حکوومەتی ناوەندی ماوەی ١٨ ساڵە هیچ ڕێوشوێنێکی کاریگەر بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەمجۆرە ڕووداوە نەخوازروانە، نەناوە و وەڵامی سکاڵاکانی ڕێکخراوە ژینگەپارێزەکان بۆ دامودەزگەی حکوومی ناداتەوە. لەو چوارچێوەیەدا خەڵک نەک هەر وەک بێباکانە، بەڵکو وەک فاکتەری وێرانکەر وێنایان دەکرد: “ژین و ژینگەی کوردستان سووتاوی دەستی ئێران”.

شیکاری گوتاری بۆ ئەم درووشمە، ئێران نەک وەک وڵاتێک بەڵکو وەک ئەکتەرێکی دوژمنکارانە دژی بوونی کورد دەناسێنێت. ئەم بێمتمانەییە مێژووییە کە ڕەگ و ڕیشەی لە چەندین ڕووداوی وەک تیرۆر و کوشتن و دەربەدەری و زیندانیکردنی سەرکردە سیاسی و مەدەنی و ئایینییەکان و هەروەها کۆمەڵکوژییەکانی کوردستان لەلایەن حکوومەتی ناوەندی تاران و سیاسەتە سەپێنراوە پەروەردەییەکاندا هەیە، لەم جۆرە ساتانەدا دەگاتە خاڵی کوڵان و لە شێوەی درووشمی بەکۆمەڵدا دەتەقێتەوە. لە سەرانسەری جیهاندا زۆرجار بزووتنەوە ژینگەییەکان وەک بان‌نەتەوەیی “فراملی” و بێلایەن پێشکەش دەکرێن. بەڵام لەکوردستان کە سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوەکەی بۆ کێڵگەی کشتوکاڵیی دەرەوەی کوردستان بەفیڕۆ دەدرێ و بەرهەمی کانگاکانی زێڕیش کۆڵبەریی لاوانی دەرچووی زانکۆکانە؛ بەرگریکردن لە سرووشت و شاخ و دارستان و ئاو تەنها بەشێک نییە لە بەرگریکردن لە ژیانی ڕۆژانە بەڵکو بە قووڵی پەیوەستە بە شوناسی کوردایەتی و مێژووی کوردستانەوە. بۆ خەڵکی سنە چیای ئاویەر تەنیا ژینگەیەکی سرووشتی نییە، هێمای ئیکۆلۆژیای نێوخۆیی و کولتوور و یادەوەری گشتییە، نۆستالۆژییەکە لە بیروزەینی خەڵکدا.

کاتێک وەها ژینگەیەک بەئەنقەست دەسووتێ و دەکرێتە ئامانج و هێزە فەرمییەکانی حکوومەت هیچ هەنگاوێک نانێن یاخود تۆمەتبارن بە کەمتەرخەمی ئیتر لەناوبردنی سرووشت وەک هێرشکردنە سەر شوناس لێکدەدرێتەوە. لێرەدایە کە درووشمی “داگیرکەری ئێرانی، قاتڵی ڕۆڵەمانی” دوو مانا وەردەگرێت؛ داگیرکاریی تەنها پەیوەندی بە خاکەوە نییە بەڵکو پەیوەندی بە لەناوبردنی ڕۆح و بوون و یادەوەرییەکانیشمانەوە هەیە.

شیکارییەکی ورد بۆ درووشمەکانی ئەم دواییە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە نەتەوەی کورد نەک هەر خۆی لە “ئێران” دوور خستووەتەوە بەڵکو وەک دەستدرێژکار و بکوژ و هۆکاری وێرانیش دەیخاتەڕوو. زمانی ئەم درووشمانە ڕادیکاڵە بەڵام لە ئەزموونێکی قووڵەوە سەرچاوە دەگرێت: “داگیرکەری ئێرانی، قاتڵی ڕۆڵەمانی”، “ژیانی ژێردەستیم ناوێ، دەوڵەتی کوردیم دەوێ”. ئەم قسانە ڕەنگدانەوەی گۆڕانی چۆنایەتییە لە زمانی سیاسی خەڵکدا. پێشتر بەشێک لە پێکهاتەی کوردی داوای چاکسازی یان بەشداریکردن لە پێکهاتەی نەتەوەیی دەکرد بەڵام ئێستە درووشمەکان جەخت لە هەڵوەشاندنەوەی تەواو و جیایی شوناس و دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ دەکەن. ئەم زمانە هێمای نەبوونی متمانەی تەواوەتییە بە پڕۆژەی “نەتەوەیی- ئێرانی”.

میدیا و نوێنەرایەتیی بەرخۆدان

لە پشکنینی شوناسی کورددا، تەلەفزیۆنی ئاسمانی، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لاپەڕە ئینتەرنێتییەکانی شار و ناوچەکانی کوردستان، ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە پەرەپێدان و تۆمارکردن و دووبارە بووژاننەوەی درووشمی ناڕەزایەتی. نەوەی گەنجی کورد زیاتر لە جاران پەیوەندی بە میدیا نێوخۆییەکانەوە پچڕاندوە. گێڕانەوەی ناڕەزایەتی و لەدەستدانی ژیان و سووتاندنی بە ئەنقەست، نەک لە ڕێگەی میدیای فەرمییەوە بەڵکو لە ڕێگەی کەناڵە جەماوەرییەکانەوە نوێنەرایەتی دەکرێت. هەروەها ئەم دیاردەیە بۆشایی گێڕانەوەی گەورەتر کردووە و بووەتە هۆی بنیاتنانەوەی شوناسێکی بەرخۆدانئاڕاستە.

لە ماوەی ڕابردوودا و ناڕەزایەتییە جۆراوجۆرەکان کە بە هۆکاری جۆراوجۆر لە کوردستان ڕوویانداوە، سەلمێنراوە کە گەنجانی کورد شانازیی بە شوناسی کوردایەتی خۆیانەوە دەکەن و ئەوەی ئێستە لە درووشمەکانی سەر شەقامەکاندا دەبینرێت، بەزاندنی هێڵ لە سەربەرزییەوەیە بۆ داواکاری سیاسی. نەوەی نوێ نەک هەر ناسنامەی کولتووری خۆی پاراستووە بەڵکو وەک ئامرازێک بۆ داواکردنی چارەنووسی خۆنووسین و دادپەروەری کەشوهەوا و مافە سیاسییەکانیش دەیبینێت. لە کاتی ئاهەنگی نەورۆزدا گەنجان بە جلوبەرگی پێشمەرگە و  بە”جەمانە”وە نەک هەر هێمای نەریتی کوردەواری بەڵکو هەڵگری پەیامێکی ڕوونیش بوون: ئێمە چیتر لە چوارچێوەی ئێراندا پێناسە ناکرێین.

ڕووداوی ئەم دواییەی شاری سنە و گیانلەدەستدانی خۆبەخشانی ژینگەپارێز، بۆ نموونە “چیاکۆ” کە ناوەکەی هەر لەو باڵاکوردانەکەی دەکاڵایەوە و ئەو جلە پێشمەرگانەی لەبەری کردبوو، وەرزشوانێکی خاوەن میدالیا کە ملوانکەیەکی گەورەی نەخشەی کوردستانی لەملدا بوو؛ نەک هەر ڕووداوێکی ژینگەیی بەڵکوو ناسنامە و پچڕانێکی سیاسی لە کایەی گشتی کوردستاندا ئاشکرا کرد. ئەو درووشمانەی کە دەدرا تەنیا لاواننەوەی گیانبەختکردووان نەبوو بەڵکو بەیاننامەیەکی شوناسی-سیاسیش لە دژی باڵادەستی و ستەم و ستەمکاری بوون. بەدواداچوونێک بۆ ئەم پێشهاتانە دەریدەخات کەلێنی نێوان شوناسی کورد و شوناسی ئێرانی، بەتایبەتی لە نێو گەنجاندا، هەتا دێت و بە ڕوونی دەبێتە گوتارێکی سەربەخۆ. گوتارێک کە قەڵەمڕەوی نیشتمان و خاکەکەی بە هۆشیاری سیاسی نۆژەن و ئاوەدان دەکاتەوە. شوناسی کوردبوون و کوردستانی، ئیتر تەنیا شوناسێکی “هاووڵاتی-کولتووری”، یان وەک تۆتالیتارەکانی ڕێژیمی ئێران دەڵێن، شوناسێکی “قەومی” نییە؛ خۆڕاگرییە بەرامبەر بە سەرکوتکردن و زەلیلکردن و نەهێشتنی نەتەوەیەک کە خۆی بە خاوەنی دەسەڵاتدارێتیی داهاتووی سیاسەت لە ناوچەکەدا دەزانێت.

]]>
دیوە شاراوەکانی لێکەوتەکانی “کۆڵبەری” لە کوردستان – تاوتوێکردنێکی کورت لە ڕوانگەی دەروونناسییەوە http://chawnews.com/%d8%af%db%8c%d9%88%db%95-%d8%b4%d8%a7%d8%b1%d8%a7%d9%88%db%95%da%a9%d8%a7%d9%86%db%8c-%d9%84%db%8e%da%a9%db%95%d9%88%d8%aa%db%95%da%a9%d8%a7%d9%86%db%8c-%da%a9%db%86%da%b5%d8%a8%db%95%d8%b1%db%8c/ Thu, 22 May 2025 10:26:16 +0000 https://chawnews.com/?p=12204

بێهزاد قادری

“کۆڵبەری” لە کوردستان دیاردەیەکی کۆلۆنیالیستی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییە کە لە دوو سێ دەیەی ڕابردوودا بووەتە کێشەیەکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەم دیاردەیە نەک هەر لێکەوتەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی بەربڵاوی هەیە، بەڵکوو کاریگەریی قووڵ و درێژخایەن لەسەر دەروونی کۆڵبەرەکان بەجێ دەهێڵێت، کە تا ئێستا زۆر بەکەمی باسیان لێ کراوە.

“کۆڵبەری” وەک چالاکییەکی ئابووری کە لە ئەنجامی هەژاری، بێکاری، نەبوونی هەلی کار و سیاسەتی کۆلۆنیالیستیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کوردستاندا سەری هەڵداوە، لێکەوتەی دەروونیی بەربڵاوی بۆ کۆڵبەران هەیە. کۆڵبەری دەبێتە هۆی “دڵەڕاوکێی درێژخایەن، خەمۆکی، سترێسی دوای کارەسات (PTSD)، نەهێشتنی هەستی متمانەبەخۆبوون و تێکچوونی پەیوەندییە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکان.

بۆ پشکنینی ئەم دیاردەیە لە ڕوانگەی دەروونناسییەوە، پێویستە لەم تیۆرییانە کەڵک وەربگیردرێت:

– تیۆریی زیانوەرگریی کۆمەڵایەتی (Social Vulnerability Theory)؛ ئەم تیۆرییە باس لەوە دەکات کە ئەو کەسانەی بەرەوڕووی هەژاری، نایەکسانی و کەمیی سەرچاوە دەبنەوە، زیاتر لە کەسانی دیکە تووشی زیان دەبن و زیاتریش تووشی نەخۆشیی دەروونی دەبن.

– تیۆریی گوشاری دەروونی یان سترێس (Stress Theory)؛ بەپێی ئەم تیۆرییە، بەرەوڕووبوونەوەی درێژخایەن لەگەڵ گوشاری توندی ژینگەیی دەبێتە هۆی تێکچوونی دەروونی لەوانە، خەمۆکی، دڵەڕاوکێ و پرتووکاویی دەروونی.

بەپێی ئەم دوو تیۆرییە و بە وردبوونەوە لە دۆخی کۆڵبەری و کۆڵبەران لە کوردستان (بەپێی ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ)، دەگەینە ئەم ئەنجامانە:

– زیادبوونی دڵەڕاوکێی درێژخایەن و سترێسی دوای کارەسات (PTSD)؛ کۆڵبەرەکان بەردەوام ڕووبەڕووی مەترسیی مردن یان برینداربوون دەبنەوە (کە لە سەرەتای وتارەکەدا ئاماژەم پێ دا). ئەم هەستکردنە بەردەوامە بە هەڕەشە و دڵەڕاوکێ دەتوانێت ببێتە هۆی تێکچوونی دەروونیی جیددی وەک PTSD.

– خەمۆکی و هەستکردن بە بێ بەهایی: زۆربەی کۆڵبەرەکان بەدەست جۆرێک لە بێهیواییی درێژخایەن دەناڵێنن. ئەوان کارەکانیان بە بێ نرخ، بێ ئایندە و زەلیلکەر سەیر دەکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی خەمۆکییەکی توند.

– کەمبوونەوەی هەستی متمانەبەخۆبوون و وێنای نەرێنی لە خۆ: هەستکردن بە وەدەرنانی کۆمەڵایەتی، تێڕوانینی نەرێنیی کۆمەڵایەتی و نەبوونی پشتیوانیی حکوومەتی دەبێتە هۆی ئەوەی کە کۆڵبەرەکان هەست بە بێ نرخبوون بکەن و هەستی متمانەبەخۆبوونیان کەم بێتەوە.

– تێکچوونی پەیوەندیی خێزانی و کۆمەڵایەتی: نەبوونی درێژخایەنی کۆڵبەران لە ماڵەوە، گوشاری دەروونی و جەستەیی و قەیرانی دارایی دەبێتە هۆی ناکۆکیی خێزانی، جیابوونەوە و ساردی لە پەیوەندییە سۆزدارییەکانیان.

– هەستکردن بە پشتگوێخستن و نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی: کۆڵبەرەکان هەست دەکەن حکوومەت و کۆمەڵگە پشتگوێیان دەخەن و بە هیچ شێوەیەک بەها و پێگەیەک بۆ ژیانیان دانانێن. ئەم هەستە دەبێتە هۆی ناڕازیبوونی قووڵی کۆمەڵایەتی و سەرهەڵدانی ڕەفتاری گۆشەگیری.

ئەنجام

“کۆڵبەری” لە سنوورەکانی کوردستان، بەهۆی نەبوونی هەلی کاری بەردەوام، بووە بە یەکێک لە بژاردەکانی داهات بۆ خەڵک. کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەکی سیستەماتیک، بە ڕێگریکردن لە وەبەرهەمهێنان لە کوردستان، هەوڵ دەدات ئەم دۆخە بەردەوام بێت و خەڵکی کوردستان لە سووڕێک لە هەژاری، ناسەقامگیری و گرێدراوی بە سنوورەکان بهێڵێتەوە.

]]>
کۆڵبەری ئامرازێکی سیاسیی حکوومەتە بۆ ڕێگریکردن لە گەشەی وشیاریی چینایەتی و نەتەوەیی گەلی کورد http://chawnews.com/%da%a9%db%86%da%b5%d8%a8%db%95%d8%b1%db%8c-%d8%a6%d8%a7%d9%85%d8%b1%d8%a7%d8%b2%db%8e%da%a9%db%8c-%d8%b3%db%8c%d8%a7%d8%b3%db%8c%db%8c-%d8%ad%da%a9%d9%88%d9%88%d9%85%db%95%d8%aa%db%95-%d8%a8%db%86/ Sun, 11 May 2025 19:02:18 +0000 https://chawnews.com/?p=12159 نووسەر: هاوار مەریوانی

“کۆڵبەری” لە سنوورەکانی کوردستان، بەهۆی نەبوونی هەلی کاری بەردەوام، بووە بە یەکێک لە بژاردەکانی داهات بۆ خەڵک. کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەکی سیستەماتیک، بە ڕێگریکردن لە وەبەرهەمهێنان لە کوردستان، هەوڵ دەدات ئەم دۆخە بەردەوام بێت.

لەلایەکی دیکەوە “کۆڵبەری” کە جۆرێک ئابووریی نافەرمیی گرێدراو بە سنوورە، ڕێگری لە بیچمگرتنی پیشە یان جووتیاریی مۆدێڕن دەکات. ئەمە خەڵکی کوردستان لە سووڕێک لە هەژاری، ناسەقامگیری و گرێدراوی بە سنوورەکان دەهێڵێتەوە و دەبێتە هۆی نەهادینەبوونی گەشەنەسەندوویی.

کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ڕێگریکردن لە خۆدابینکاری و خۆبەڕێوەبەری لە کوردستان، لە کۆڵبەری کەڵک وەردەگرێت. یانی، گەشەی کوردستان دەتوانێت ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی داواکارییەکانی وەک خۆبەڕێوەبەری یان تەنانەت سەربەخۆییخوازی. کەوایە، حکوومەت بە سنووردارکردنی ژێرخانەکان و دروستکردنی گوشاری ئابووریی بەردەوام، ڕێگری لە دەرکەوتنی چینێکی سەربەخۆ و ئاگا لە کوردستان دەکات.

بۆیە کۆڵبەری نەتەنیا هەوڵێکە بۆ شکاندنی کەرامەتی مرۆڤی کورد، بەڵکوو وەک ئامرازێکی سیاسی بۆ ڕێگریکردن لە گەشەی وشیاریی چینایەتی و نەتەوەیی، کەڵکی لێ وەردەگیرێت.

ئامانجێکی دیکەی حکوومەت لە داهێنانی کۆڵبەری لە کوردستان، میلیتاریزەکردنی سنوورەکان و سەرکوت بووە. زۆرێک لە کۆڵبەرەکان لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە بە تەقەی ڕاستەوخۆ بریندار دەکرێن یان دەکوژرێن. ئەم توندوتیژییە ئاشکرایە دەبێتە هۆی دروستکردنی کەشی ترس و کۆنترۆڵ و نافەرمانیی کۆمەڵایەتی یان سیاسی کۆنترۆڵ دەکات.

بەگشتی لە میدیا و ناوەندە حکوومەتییەکان، لە کۆڵبەری وەک “قاچاخ” یان “مەترسیی ئەمنی” ناو دەهێنرێت، لە حاڵێکدا هۆکاری سەرەکیی کۆڵبەری، سیاسەتە ئابوورییەکانی خودی دەسەڵاتە. ئەم هەڵوێستە دەبێتە هۆی سووکایەتیی فەرهەنگی و ناسنامەیی کوردەکان و دۆخی داگیرکراوییان بەرهەم دەهێنێتەوە.

]]>
فەلسەفەی دامەزراندنی “یەکیەتیی ژنانی دێموکرات” http://chawnews.com/%d9%81%db%95%d9%84%d8%b3%db%95%d9%81%db%95%db%8c-%d8%af%d8%a7%d9%85%db%95%d8%b2%d8%b1%d8%a7%d9%86%d8%af%d9%86%db%8c-%db%8c%db%95%da%a9%db%8c%db%95%d8%aa%db%8c%db%8c-%da%98%d9%86%d8%a7%d9%86%db%8c/ Tue, 22 Apr 2025 11:34:07 +0000 https://chawnews.com/?p=12114 شاڕوخ حەسەن‌زادە

فەلسەفەی دامەزراندنی “یەکیەتیی ژنانی دێموکرات” لە تێڕوانینی پێشەوا قازی محەممەد

دامەزراندنی ” یەکیەتیی ژنانی دێموکرات” کەمتر لە دوو مانگ دوای ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان (٢٤ی ڕەشەمەی ١٣٢٤ی هەتاوی) نەک تەنیا هەنگاوێکی سیاسیی ساکار نەبوو، بەڵکوو ڕەگ و ڕیشەی لە قووڵایی باوەڕە کولتووری، مێژوویی و فەلسەفییەکانی ئەو سەردەمەدا هەبووه. لەم نووسینەدا، لە سێ ڕوانگەوە ١. سیاسی ٢. فۆلکلۆریک (ئەدەبیاتی زارەکی) و ٣. فەزای فکری-فەلسەفیی زاڵ بەسەر ئەو سەردەمەدا، هەوڵ دەدەم بۆ تێگەیشتنێکی ڕاستەقینەتر لە کاریگەری و هۆکارەکانی دامەزراندنی ئەم یەکیەتییە و گرنگییەکەی لە تێڕوانینی قازی محەممەد، سەرۆک کۆماری کوردستان بدوێم.

دامەزراندنی یەکیەتییەکان و ڕێکخراوەکان، نەریتێکی باو لەنێو حیزبە چەپ و سۆسیالیستییەکان بوو کە لەو سەردەمەدا لە ئێران و کوردستاندا کاریگەرییان هەبووە. نزیکەی چوار ساڵ پێش دامەزراندنی کۆماری کوردستان (٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤) حکوومەتی پاشایەتیی ئێران بەبێ هیچ بەرگرییەک کەوتە ژێر دەستی هێزەکانی هاوپەیمانان (سۆڤیەت و بەریتانیا) و دەسەڵاتی سیاسی لە تاران بە لابردنی ڕەزا شا ڕووخا. لەو کاتەدا، کاریگەریی بیرۆکە چەپە سۆسیالیستییەکان بەتایبەت دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧، لە ڕێگەی سۆڤییەتەوە بە هاتنی سوپای سوور لە ناوچەکانی باکووری ئێرانەوە بەسەر کوردستاندا زیاتر بڵاو بۆوە و پەرەی سەند. لەلایەکی ترەوە، نەریتی ڕێکخستنی ژنان لە بزووتنەوە چەپەکاندا، بەتایبەتی تیۆریی چینایەتی لە بیرۆکەکانی “کارڵ مارکس” کە بنەمای پرەنسیپە فکرییەکانی حیزب و ڕەوتە چەپەکان بوو، ڕەگی داکوتبوو. لە ڕاستیدا تایبەتمەندییە جیاکەرەوەکانی تیۆریی مارکس بریتی بوون لە چەمکی چینەکانی کۆمەڵگە بە لەبەرچاوگرتنی سیستەمی بەرهەمهێنان و گریمانەی گۆڕانی کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی خەباتی چینایەتییەوە کە دەبوو بگاتە نموونەیەکی نوێی کۆمەڵگەی بێ چین. مارکس، ئازادیی ژنانی بە بەشێکی دانەبڕاو لە ئامانجەکانی خەباتی چینایەتی دەزانی. ئەو لە دەستنووسە فەلسەفییەکانی ساڵی ١٨٤٤دا بە شێوازی جیاواز ئاماژە بە هەڵسوکەوتی “بنیام” (بوونەوەری مرۆیی) لەگەڵ پیاوان و ژناندا دەکات و دەڵێت؛ گەشەسەندنی ئێمە بە جۆرێک دەکرێ بەپێی شێوازی هەڵسوکەوتمان لەگەڵ ژنان هەڵبسەنگێندرێت و دەبێت ئەم ئاکارە یەکسان و هاوتەریب بێ لەگەڵ شێوازی ڕوانیمان بۆ پیاوان.

لەنێو قووڵایی ئەم ڕوانگە سیاسی و ئابوورییانەدا بوو یەکەم ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی ژن لە ساڵی ١٩١٠ بە هەوڵی “کلارا زێتکین”، چالاکی سۆسیالیستی ئەڵمانی بەڕێوە چوو. تەنانەت کەسایەتییە کاریگەرەکانی تری ژن وەک “ڕۆزا لوکزامبورگ” وەک سەرکردەی ڕەوتە چەپە سیاسییەکان لە ئورووپا لە بەردەوامی ئەم نەریتە فکرییەدا ڕۆڵی سەرەکییان گێڕا و کاریگەرییەکەی لە بەفەرمی‌ناسینی مافی دەنگدان دوای شۆڕشی کۆمۆنیستیی ١٩١٧ گەیشتە لوتکە.

قازی محەممەد، سەرۆک کۆماری کوردستان بە تێگەیشتنێکی ورد لەم فەزا سیاسییە و بە ئیلهام‌وەرگرتن لە نەریتە فکرییە سۆسیالیستییەکان، لە گرنگیی ڕێکخستنی ژنان لە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد تێگەیشتبوو. ناوبراو بەم ڕاستییە گەیشتبوو کە ژنان نیوەی کۆمەڵگە پێک‌دەهێنن و بەشدارییان لە بوارەکانی سیاسی، پەروەردەیی، کۆمەڵایەتی و کولتوورییدا بۆ سەرکەوتنی بزووتنەوە مافخوازانەی کورد پێویستە. ئەم تێگەیشتنە لە پەیوەندی لەگەڵ کەسایەتییە ئاوانگارد و پێشەنگ لە بزووتنەوەی ژنانی کورد لە بەشەکانی دیکەش، وەک “حەپسەخانی نەقیب” لە سلێمانی، پاڵنەرێکی بەهێز بوو بۆ دامەزراندنی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان.

ڕۆڵی بەرچاوی ژنان لە ئەدەبیاتی زارەکی و فۆلکلۆریی کوردیشدا، دووهەم هۆکار و بەڵگەیەکی دیکەیە لەسەر کاریگەری و پێگەی ئەوان لە کولتوور و ناسنامەی کوردیدا. ئەم ڕۆڵە نەک تەنیا دیاردەیەکی ڕواڵەتی و کاتی نیە، بەڵکوو ڕەگیی لە قووڵایی ناخودئاگای بەکۆمەڵی نەتەوەی کورددا هەیە. بەپێی تیۆریی “کارڵ یۆنگ”، ناخودئاگای بەکۆمەڵ گەنجینەیەکە لە کەونەهێـماکان، پاڕادایم و ئەزموونە هاوبەشەکانی مرۆڤایەتی کە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوازرێتەوە. ئەم کەونەهێمایانە لە شێوەی دەرەڤۆک، ئەفسانە، چیرۆک، هونەر و ئەدەبیاتی کۆمەڵگەیەکدا دەردەکەون و کاریگەری لەسەر هەڵسوکەوت و بیرکردنەوەی تاکەکانی ئەو کۆمەڵگەیە دادەنێن. لە هۆنراوە حەماسییەکان، بەیت و گێڕانەوە زارەکییەکانی کوردیدا، ژنان نەک تەنیا دەوری بەرچاویان هەیە، بەڵکوو زۆرجار وەک کەسایەتییە سەرەکییەکان، پاڵەوانان و سەرکردەی کۆمەڵگە وێنا دەکرێن. ئەم شوبهاندنه، نەک تەنیا ڕەنگدانەوەی ڕاستییە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی کوردستانە، بەڵکوو دەربڕی بەها و ئامانجە دیرۆکییەکانە کە لە ناخودئاگای بەکۆمەڵی نەتەوەی کورددا ڕەگیان داکوتاوە. بۆ میناک، لە بەیتەکانی “شێخ فەرخ و خاتوون ئەستی”، “مەم و زین” ژنان شانبەشانی پیاوان ڕۆڵی سەرەکی لە حەماسە و چیرۆکەکەدا دەگێڕن یان لە بەیتە بەناوبانگەکەی “لاس و خەزاڵ”دا، خەزاڵ نەک تەنیا سەرۆکی هۆزی خۆیەتی (مامودینان)، بەڵکوو ئازادانە خۆشەویستیی خۆی بۆ (لاس) دەردەبڕێت. خەزاڵ، وەک کەونەهێمایەک، پڕادایمێکە بۆ هێز، سەربەخۆیی و ئازادیی ژنان لە کۆمەڵگەی کوردیدا. ئەوە بیرهێنەرەوەی دەرەڤۆک و ئوستوورە کۆنەکانی زاگرۆس-تۆرۆسە کە تێیدا ژنانی بەهێز و سەربەخۆ ڕۆڵێکی گرنگیان لە کۆمەڵگەدا گێڕاوە و لەسەر ئەم بنەمایە ژنان ڕێژی تایبەتیان هەبووە و دەستەواژەی وەک شێرە ژن یان شۆڕەژن هاتووەتە ناو کایەی زمانییەوە.

مامۆستا هێمن لە پێشەکیی کتێبی “توحفەی ‌موزەفەرییە”دا بە ئاماژە بەم بەیتە، بە یەکێک لە شاکارەکانی ئەدەبی کوردی ناوی دەبات کە ئەگەری هەیە بۆ سەردەمی پێش ئیسلام یان سەردەمی مێ‌وەجاغی بگەڕێتەوە. ئەم بابەتە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە لە ناخودئاگای بەکۆمەڵی میللەتی کورددا، ژنان هەمیشە ڕۆڵێکی سەرەکی و بنەماییان هەبووە. تەنانەت لە یاساکانی تایبەت بە شایی و هەڵپەڕکێی کوردیشدا، ئەوە تەنیا ژنە مافی هەڵبژاردنی هەیە کە لەگەڵ کێ هەڵپەڕێت و بچێتە دەستی کێ (تەنانەت ئەم ڕێسا و چالاکییەش ناوی هەیە و پێێ دەوترێ “دۆ” کە دەبێ لە “دۆت”ـی کورمانجی سەروو هاتبێ واتە کچ، کەنیشک)، ئەمەش ڕەگی لە هەمان ناخودئاگای بەکۆمەڵدا هەیە. ئەم مافی هەڵبژاردنە، هێمایە بۆ ئازادی و سەربەخۆیی ژنان و دەردەخات ژنان لە کولتووری کوردیدا پێگەیەکی تایبەتیان هەبووە. با ئەوەندەش بڵێم؛ دکتۆر جەواد قازی، مامی پێشەوا قازی محەممەد لە ئامادەکردن و کۆکردنەوەی کتێبەکەدا کە کاری “ئۆسکارمان”ی ئەڵمانی بوو لە ساڵی ١٩٠٥دا ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە و دڵنیام خودی پیشەواش ئاگاداری نێوەڕۆکی کتێبەکە و مێژووی زارەکیی کورد بووە.

دوای بزووتنەوەی ژینا بە دروشمی “ژن ژیان ئازادی” ژنی کورد وەک سووژەیەکی چالاک و سەربەخۆ، نەک ئۆبژەیەکی سێکسی یان ڕەگەزیی دووهەم، بە سوود وەرگرتن لە پێشینەی مێژوویی خۆی توانی ئامادەبوون و ڕۆڵی خۆی بسەلمێنێت. ئەم دروشمە بە بەکارهێنانی سێ وشەی بەڕوڵەت ساکار بەڵام بەهێز کە لە ناخودئاگای بەکۆمەڵی کوردەوە هەڵقوڵابوو وەک ئەمرێکی سەرتاسەری لێ هات و توانی ببێتە ناسنامەی بەکۆمەڵی کۆمەڵگە و، هەستەکان، بەهاکان و باوەڕە قووڵەکانی چالاک کرد. ئەم دروشمە کە بنەما سەرەکییەکەی ژن بوو، یارمەتی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دا نەک تەنیا لە کوردستان بەڵکو لە سەرتاسەری ئێراندا بۆ ئەوەی شوناسێکی نوێ بۆ خۆیان پێناسە بکەن، دەسەڵاتی حاکم تووشی ئاڵنگاری بکەن و بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دادپەروەر هەوڵ بدەن. هەروەها بەشداریی بەرفرەوانی ژنان لە چالاکییە ئەدەبی، کولتووری، زمانی، مافی ژنان، ڕێوڕەسمەکان و جەژنەکانی نەورۆز لە ساڵانی ڕابردوودا بەتایبەت ساڵی بووری-ئەمساڵ، لە زۆربەی هەرە زۆری شار و گوندەکانی کوردستان، نموونەی بەرچاوی بەردەوامی ئەم ڕۆڵگێڕانەی ژنانە لە ناسنامە و کولتووری کوردیدا. بەشداریی چالاکانه و بەربڵاوی ژنان، جەژنەکانی نەورۆزیان کردە گۆڕەپانێک بۆ نمایشی هێز، شوناس و یەکیەتیی نەتەوەیی و یەکسانی ڕەگەزی. لەبەرکردنی جلیی نەتەوەیی بە بەستنی و لەمل کردنی جامانە، هەوەوری و گوڵ‌وەنی، وتنەوەی سروودە نەتەوەییەکان، داگیرساندنی هێمایی ئاگری نەورۆز، گرتنی سەرچۆپی، نەک تەنیا هێمایەک بوو بۆ ناسنامەی ژنیی کورد، بەڵکو دەربڕی خواستی ئەوان بۆ ئازادی، یەکسانی و دادپەروەری بوو. بەردەوامیی لۆژیکی ئەم نەریتە دێرینە، دەریخست ژنانی کوردستان پێشەنگی گۆڕانکاری و خەباتن بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی خۆیان هەم لەپێناو دادپەروەری هەمژی بۆ خەباتی ناسیونالیستی. ئەم بەشدارییە بەهێز و کاریگەرە لە ڕێوڕەسمەکان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا، ڕەگی لە هەمان ناخودئاگای بەکۆمەڵدا هەیە کە ژنان وەک بەشێکی دانەبڕاو و چالاک لە مێژوو، وێژە، سیاسەت، کۆمەڵگە و فەرهەنگی کوردی پێناسەی دەکات. قازی محەممەد بە تێگەیشتن لەم ڕاستییە و ئاگادار لە ڕۆڵی ئەم کەونەنموونانە لە بیچمگرتنی شوناس و ڕەفتاری تاکەکان، بە گرنگیی ڕێکخستنی ژنان بۆ پاراستن و بەهێزکردنی ئەم ناسنامە و کولتوورە گەیشتبوو.

سەردەمی کۆماری کوردستان، هاوکات بوو لەگەڵ گەشەونەشەی فەلسەفەی ئێگزیستانسیالیزم (بوون‌گەرایی). چەمک‌گەلێک وەک ئازادی، بەرپرسیارێتیی تاکەکەسی، هەڵبژاردن، پابەندی و دەروەستبوون و مانابەخشین بە ژیان، لەنێو چەمکە سەرەکییەکانی ئەم فەلسەفەیە دەوری سەرەکیان گێراوە و کاریگەرییان لەسەر فەزای فکریی و مەعرەفی ئەو سەردەم هەبووە. ئێگزیستانسیالیزم لەسەر ئەم باوەڕەیە کە مرۆڤەکان بەرپرسن لە هەڵبژاردنەکانی خۆیان و دەبێت بە ئاگاداری لەم بەرپرسیارێتییە، ژیانی خۆیان وێنا بکەن. ئەم فەلسەفەیە بە دژایەتیکردنی قەدەرگەرێتی (جبرگرایی-Determinism) و ڕوانگە نەریتییەکان، جەخت لەسەر گرنگیی تاکایەتی و خودئاگایی دەکاتەوە.

بڵاوبوونەوەی کتێبی “ڕەگەزی دووهەم” لە نووسینی “سیمۆن دوبۆڤوار”، لە پێشەنگانی فێمێنیزم و هاوژینی “ژان پۆل سارتر” لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئەم فەلسەفەیە، نیشانەی بایەخدانی جیهان بە پرسەکانی پەیوەست بە ژنان و یەکسانیی ڕەگەزی بوو. دوبۆڤوار لەم کتێبەدا، بە ڕوانگەیەکی بوون‌ناسانە بۆ پرسی ڕەگەز، خۆیا دەکات؛ “ژن بوون” ئەمرێکی زاتی نییە، بەڵکوو پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتییە کە بەسەر ژناندا دەسەپێندرێت. ئەو بە جەختکردنەوە لە ئازادی و مافی هەڵبژاردنی ژنان، خوازیاری ڕزگاریی ژنان لەم پێکهاتانە و بەدیهێنانی تاکایەتی و مرۆڤایەتیی تەواوی ئەوان دەکات.

قازی محەممەد، وەک کەسایەتییەکی ڕووناکبیر و زانا، هەروەها زانینی چەندین زمان لەنێویاندا فەرەنسی، ئەگەری زۆرە لەگەڵ ئەم فەلسەفەیە و بیرۆکەکانی تایبەت بە مافەکانی ژنان ئاشنا بووبێت و کاریگەریی لەسەر هەبووبیت. فەلسەفەی بوون‌گەرایی بە جەختکردنەوە لەمەڕ ئازادی و مافی هەڵبژاردن، ئەم دەرفەتەی بە قازی محەممەد دا کە ژنان وەک بوونەوەرگەلێکی ناچالاک و ملکەچ نەبینێت، بەڵکو وەک تاکێکی سەربەخۆ و خاوەن مافی بڕیاردان پێناسەیان بکات. ئەم ڕوانگەیە، دەکرێ ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر بڕیاری بەڕێزیان بۆ دامەزراندنی یەکێتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەبووە. سەرۆک کۆماری کوردستان بەم هەنگاوە، هەوڵی دا بەستێنی پێویست بۆ ئازادی، مافی هەڵبژاردن و یەکسانیی ڕەگەزیی ژنانی کورد دابین بکات و ئەوانی وەک هاونیشتمانی یەکسان و چالاک لە کۆمەڵگەی کوردستاندا بە فەرمی بناسێنێت. ئەو بە ڕێکخستنی ژنان لە چوارچێوەی ڕێکخراوێکدا گۆڕانکارییەکی گەورەی لە کۆمەڵگەیەکی نەریتی و ئایینی ٨٠ ساڵ لەمەوبەر دروست کرد و ئەم دەرفەتەی بە ئەوان دا دەنگی مافخوازیی خۆیان بەرزتر بکەنەوە، لە بڕیاردانە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا بەشداری بکەن و بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی خۆیان تێ بکۆشن و خەبات بکەن. بە واتایەکی تر، دامەزراندنی یەکێتیی ژنان بە سەرۆکایەتیی مینا خانم هاوسەری پێشەوا و ئەندامبوونی کچەکانی خۆی بە ئامانجی ڕەچەشکاندن، ڕەنگدانەوەیەکی کرداریی بیرۆکە پێشکەوتووخوازانە و بوون‌گەرایانە بوو لە بواری یەکسانیی ڕەگەزی و ئازادیی ژنان لە کۆمەڵگەی کوردستاندا.

بە شێوەیەکی گشتی؛ دامەزراندنی “یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان” لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا، هەنگاوێکی چەند ڕەهەندی بوو و ڕەگی لە باوەڕە بەهێزەکانی قازی محەممەد لەهەمبەر گرنگیی ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگە و بزووتنەوەی نەتەوەیی کورددا هەبوو. ئەم هەنگاوە، نەک تەنیا کاریگەریی فەزای سیاسیی و بیرۆکە سۆسیالیستییەکانی لەسەر بوو، بەڵکوو ڕەگی لە مێژووی فۆلکلۆریک و کولتووری کوردی، هەروەها فەزای فکری-فەلسەفیی ئەو سەردەمەدا هەبوو. بە لێکۆڵینەوە لەم سێ ڕوانگەیە و بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ڕۆڵی ناخودئاگای بەکۆمەڵ و کەونەهێما ژنانەکان لە کولتووری کوردیدا، دەتوانین بە تێگەیشتنێکی قووڵتر لەم هەنگاوە و ڕۆڵی لە بەرزکردنەوەی پێگەی ژنان لە کۆمەڵگەی کوردستاندا بگەین. دامەزراندنی ئەم یەکیەتییە، هەنگاوێکی گرنگ بوو لە ئاڕاستەی بەدیهێنانی ئازادی، یەکسانی و دادپەروەری بۆ ژنانی کورد لەگەڵ خەباتکردن بۆ مافە نەتەوەییە دێموکراتییەکاندا کە هەتا ئەمڕۆش ئیلهام‌بەخشی بزووتنەوەکانی ژنان لەم ناوچەیەدا بووە.

]]>
مەدەنییەت وەک دۆکترینی کۆماری کوردستان هەتا ئیستا http://chawnews.com/%d9%85%db%95%d8%af%db%95%d9%86%db%8c%db%8c%db%95%d8%aa-%d9%88%db%95%da%a9-%d8%af%db%86%da%a9%d8%aa%d8%b1%db%8c%d9%86%db%8c-%da%a9%db%86%d9%85%d8%a7%d8%b1%db%8c-%da%a9%d9%88%d8%b1%d8%af%d8%b3%d8%aa/ Fri, 08 Mar 2024 16:06:14 +0000 https://chawnews.com/?p=10922

شاڕوخ حەسەن‌زادە

له‌ ڕەشەممەی ساڵی ١٢٩٩، پاش کودتایه‌کی نیزامی که‌ به‌ یارمه‌تیی ئینگلیس کرا، ڕەزا میرپەنج (ڕەزاخان) دێته‌ نێو ناوان و سەرەتا وەک وەزیری شەڕ، پاشان سەرۆک‌وەزیران و دواجار لە ساڵی ١٣٠٤ـی هەتاوی له‌ تاران تانجی پاشایەتیی له‌سه‌ر نا و زنجیره‌ی “پەهله‌وی”ی ڕاگه‌یاند. ناوبراو له‌ سه‌ره‌تای گەیشتن بە دەستەڵات‌ هه‌وڵی سەرکوتی بێ‌بەزەییانەی هه‌موو ئه‌و بزاڤ و بزووتنه‌وە نەتەوەییانەی دا که‌ بۆ گەیشتن به‌ مافی خۆیان لە ڕوانگه‌ی شاوە ده‌بوونه‌ هۆی مەترسی بۆ سەر دەستەڵاتەکەی‌، وه‌ک جووڵانه‌وه‌ی سمکۆ، ڕاپەڕینی جافرسوڵتان، حه‌مه‌ڕه‌شیدخانی بانه‌، مه‌لا خه‌لیلی گۆره‌مه‌ری و…

بۆ لەنێوبردنی شوێنەواری نەتەوەیی، مێژوویی و کولتووریی ئەم گەلانە پلانێکی تۆکمه‌ و درێژخایەنی نامەدەنی خرایە گەڕ کە مەبەستی تواندنەوەی گەلانی غەیری فارس بوو. هێرش و هەڕەشە، گرتن و ئەشکەنجە، ڕاوەدوونان و تاراندن بە شێوەی کردەی چڕ و نووسین و چه‌واشه‌کاری له‌ مێژووی کۆن و نوێ، گۆڕینی ناوی شار و گوندەکان، قەدەغەکردنی ڕێوڕەسمە نەتەوەییەکان و جلی نەتەوەیی؛ دانانی شۆره‌ت، داتاشین و بەسەردابڕینی ناوی “ئێران” بۆ ئه‌و جوگرافیایه‌ و… ھەموو وەک سیاسەتێکی نەرم بۆ ئەوەی نیشان بدرێ، لە ئێراندا تاقە نه‌ته‌وه‌یه‌ک ھەیە، ئەویش قه‌ومی فارسە (که‌ ئێستا پێی ده‌گوترێ نه‌ته‌وه‌ی ئێران).

دوای ده‌ستپێکردنی شه‌ڕی جیهانیی دووهه‌م، وڵاتی ئێران بێ‌لایه‌نیی خۆی له‌و شه‌ڕه‌دا ڕاگه‌یاند، به‌ڵام به‌ دوو هۆکاری؛ به‌ربڵاوبوونی سنووره‌کانی ئێران ده‌گه‌ڵ یەکیەتیی سوڤیه‌ت و، ده‌رگیربوونی سۆڤییەت ده‌گه‌ڵ ئالمان ئه‌م بێ‌لایه‌نییە بووە دەرفەت هەتا سپای “هاوپه‌یمانان” به ‌پاساوی هەبوونی سیخوڕە سەربازییەکانی ئالمانی له‌ ئێران، بڕیار بدەن له‌ کۆریدۆڕی ئێران که‌ڵک وه‌رگرن، هه‌ربۆیه‌ ئه‌و هێزانه‌ له‌ ٢٥ی ئوتی ١٩٤١  لە باشوور و باکوورڕا هێرشیان کردە سەر ئێران و داگیریان کرد. ڕزاخان بە گوشاری وڵاتانی هاوپه‌یمان به‌تایبه‌ت بریتانیا وازی له‌ ده‌سته‌ڵات هێنا و دوایە به‌و ئاکامه‌ گەیشتن کوڕه‌که‌ی ڕەزاخان (حه‌مه‌ڕەزا) که‌ جێگره‌وه‌ی پێشووشی بووە، بکه‌نه‌ شای ئێران.

دوای کۆتاییهاتنی شه‌ڕی جیهانیی دووهه‌م، سپای بریتانیا به‌پێی ڕێککه‌وتنێک ده‌گه‌ڵ ئێران، ئه‌و وڵاته‌ی چۆل کرد، به‌ڵام هێزه‌کانی سپای سووری سۆڤیەت ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌یان لا په‌سه‌ند نه‌بوو و له‌و وڵاته‌ مانه‌وه‌ هه‌تا دوو ناوچه‌ی ئازه‌ربایجان و کوردستان ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆیان ڕاگه‌یاند.

ئەگەر دوای شەڕی یەکەمی جیهانی و لە گرێبەستی “وەرسای”دا هەموو ئەو گوشار و زەخت و بێگاری و چەوساندنەوانەی وڵاتانی هاوپەیمان بەسەر ئاڵمانیان داسەپاند و، ئاکامەکەی دواتر خۆی لە حکوومەتی فاشیستیی هیتلێریدا دیتەوە کە دەمێک بوو موسولینی‌یش لە ئیتالیا بەو شێوازە تۆتالیتەرە حوکمی دەکرد؛ واتە ئەگەر بەرهەمی گوشاری فەرانسە و ئالمان و ئۆتریش کە خرابووە سەر ڕۆسەیەی دوای ناپێلئۆن، لە بەرامبەردا بە دژکردەوەیەکی هزری لەبەرامبەر لیبراڵیزمی ڕۆژئاوایی؛ کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕانە گوورا و زۆرێک لە وڵاتانی جیهانی بە ئاقاری شۆڕش، توندوتیژی، شەڕی ناوخۆیی، ئاڵۆزی، داڕمان و بێ‌سەروبەری برد و لە ئاکامدا زەختەکان بۆ سەر ئالمانی دوای شەڕی یەکەمی جیهانییش، هیتلەری فاشیست و دوژمنی مرۆڤایەتی سەری ‌هەڵدا، سرووشتیه‌ له‌هه‌مبه‌ر ئه‌و ھەمووه‌ زوڵم و غه‌درەی لە کوردیش دەکرا دەبوو دژکرده‌وه‌ هه‌بێ؛ بەڵام لە چەشنی کردەوەیەکی مەدەنی و پێشکەوتوو.

شه‌ڕی جیهانیی دووهه‌م ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی بۆ کورد ڕه‌خساند تا  له‌ نه‌بوونی ده‌سته‌ڵاتی سەرکوتگەر و هەراوی شا له‌ ناوچه‌که‌ به‌تایبه‌ت ناوه‌ندی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بزاڤی مافخوازانه‌ی کورد جارێکی دیکە بە وێڕژێنێکی نوێ و ناوازە لە ئاست ناوچەکە سه‌رهه‌ڵده‌نه‌وه‌. سەرەتا ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢١ کۆمەڵێک لاو بە مەبەستی پێکهێنانی “ک.ژ.ک”، ڕێکخراوێکی سیاسی کورد لە باغی حاجی داودی (لە مەهاباد) کۆ بوونه‌وه‌ و دواتر لە مانگی بانه‌مه‌ڕی ١٣٢٢ـی هه‌تاویدا کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانتر وەک کۆنگرەی یه‌که‌می ئەو کۆمەڵەیە گیرا. کۆمەڵەی ک.ژ.ک ڕێکخراوێکی ناسیۆنالسیتی و نیشتمانپەروەر بوو و خواستی سه‌رجه‌م چین و توێژەکانی کوردی به‌رز کردبۆوه،‌ بەڵام لەبەر نهێنی‌بوونی، نه‌یده‌توانی به‌ئاشکرا جموجۆڵی بەرفراوانی هەبێت. هه‌ر بۆیه‌ له‌ یه‌که‌م هه‌نگاوه‌کانیدا ده‌ستی به‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی گۆڤاری نیشتمان کرد. لە ماوەی چەند ساڵدا، بە بڵاوبوونەوەی بیروڕاکانی “ژێکاف” لە شه‌به‌نگی جەماوەریی خەڵکی کوردستاندا ھیوا بە داھاتوو په‌نگی دایه‌وه‌. دواتر ساڵی ١٣٢٤ حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر بنەمای فکریی کۆمەڵە دامەزرا و چەند مانگ دواتر ئەو حیزبە توانی لە دووی ڕێبەندانی ١٣٢٤، کۆمارێکی دێموکراتیکی کوردی لە مهاباد دابمەزرێنێت کە بەپێچەوانەی زۆرێک لە گەلانی جیهانی، کە دوای چەوساندنەوە و قڕکردن، تۆڵەیان دەکردەوە و وەک دیتران دەجووڵایەوە، لە کۆماری کوردستاندا مەدەنییەت ڕەگی داکوتا و هەموو پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینیی جیاوازی نیشتەجێ لە جوغرافیای کۆماری کوردستاندا بەوپەڕی ئاشتی پێکەوە دەژیان.

لە بەندێکی مەرامنامەی کۆمەڵەکەدا هاتوە کە کۆمەڵەی ژێکاف لە سەر چوار کۆڵەکەی ئیسلام، کوردایەتی، مەدەنییه‌ت ، سوڵح و ئاشتیخوازی ڕۆ نراوە. که‌واته‌ کورد لەو بەشەی کوردستان دوای ئەو هەمووە زوڵمەی لێی کرابوو، نەک فاشیزم و شەڕ و تاڵان و تۆڵەی لێ‌نەکەوتەوە، بەڵکوو ئاشتی و مەدەنییەت وەک بنەما و ئه‌ستوونه‌ به‌هێزه‌کانی دامه‌زراندن و فه‌لسه‌فه‌ی وجودیی دامەزرێنەرانی حیزب و کۆمار و دۆکترینی داهاتووی لێ‌هات.

مانای مەدەنییەت لە هزری سیاسی-کۆمەڵایەتی، پێوەندی لەگەڵ چەمک‌گەلی وەک شارستانییەتەوە هەیە، کەوابوو ئەم چەمکە تەنیا مانایەکی ئەخلاقی نییە کە بکرێ دەگەڵ کردەی ئاکاریی هەڵسەنگێندرێ، بەڵکوو چەمکێکە زاڵ بەسەر سامانی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەموو کۆمەڵگەیەک. مەدەنییەت شێوازی پێوەندی لەهەمبەر بنەمای جیاوازییەکان و دژایەتییەکانە کە لە چاخەکانی پێشوو ڕێزی لێ نەدەگیردا. بەپێی ماددەی یەکەم و دووهەم لە جاڕنامەئ جیهانیی مافەکانی مرۆڤدا، هەموو مرۆڤەکان بە ئازادی لەدایک بوونە و لە بواری ڕەنگ و ڕەگەز و زمان و ئایین و زۆر شتی دیکە شایەنی ئەوەن وەک یەک چاو لێ بکرێن و ڕێزیان لێ بگیرێ. ئەو جیاوازییانە بە شێوەیەکی بەرامبەرخوازانە دەرک بکرێن، واتە مرۆڤەکان لەهەمبەر جیاوازییەکاندا وەک یەک سەیر بکرێن و، ئەو پێوەندییەی نێوان تاک و کۆمەڵگە دەبێتە مەدەنییەت. زۆرجار ئەو چەمکە وەک شارنشینی لەبەرامبەر دێ‌نشینی پێناسە دەکرێ، بەڵام ئەو مانایە لەجێی خۆیدا نییە و هەرچەند مەدەنییەت لە “مدینە”ـەوە دێت و ئەویش بە واتای شار یان پۆلیس لە یەونانی کۆنەوە هاتووە، لێ‌بەلێ، لێرەدا مەدەنییەت بەو مانایە نوێیەیە کە دەستەڵاتی یاسا و تەکووزی بەربڵاو لە بەرامبەر فۆڕم و بیچمی کۆمەڵگەی عەشیرەیی و سەلیقەیی پێک دێت.

سەرکردایەتیی حیزبی دێموکرات وەک حیزبی دامەزرێنەری کۆماری کوردستان بەردەوام مەدەنییەتییان وەک فەلسەفەیەکی نەگۆڕ بەو پێوەرانەی باسمان کرد پاراستوە و بەدرێژایی نزیک ٨٠ ساڵ خەبات وەک ئەرکێکی ئەخلاقی بەڕێوەی دەبەن. ئەم خاڵە گرنگە دەکرێ لە سێ قۆناغی جۆراوجۆری لە کۆماری کوردستانەوە هەتا هاتنەوەی د. قاسملوو بۆ نێو ڕیزەکانی حیزب، لە د. قاسملووە هەتا دوای تێرۆر کردنی د.شەرەفکەندی و لە دوای هاتنە خوارەوە لە قەندیل هەتا شۆرشی ژن، ژیان، ئازادی دەستنیشان بکرێ.

قۆناغی یەکەم، کۆماری کوردستان هەتا د. قاسملوو (١٣٢٤-١٣٤٩)

کاتێک کۆمەڵەی ژێکاف بە جۆرێک خۆی لە حیزبی دێموکراتی کوردستاندا دەتوێنێتەوە، و ئەو حیزبەش بە کەلک‌وەرگرتن لە دەرفەتەکانی ئارایی، کۆماری کوردستانی دادەمەزرێنێ، کەواتە گوورانی کۆمار لە ک.ژ.ک ـەوە بووە و ئەم سێ ڕەوتە سێ جەستە بوون لە قالبێکدا. ئەگە مەدەنییەت وەک ئەستوونێکی کۆمەڵە بووە، ئەوە لە کۆماری کوردستاندا بە کردەوە، تایبەتمەندییەکانی مەدەنییەت لەو حکومەتەدا نەک هەر ڕێزیان لێ گیراوە بەڵکوو کاریان پێ کراوە. دامەزراندنی وەشان‌خانە، دەرکردنی گۆڤار و ڕۆژنامە، شانۆ، دامەزرادنی یەکیەتییەکانی ژنان و لاوان، کەلک‌وەرگرتن لە ماتەوزەی ژنان کە هێشتا لە زۆر وڵاتدا باو نەبوو و بە شێوەی نەریتی ژن دەچەوسایەوە، باوەڕمەندبوون بە چارەسەرکردنی پرسەکان بە دیالۆگ و لێک‌تێگەیشتن، برەودان بە چالاکییە جۆربەجۆرەکانی زمانی، کولتووری، هونەری، بازرگانی، خەدەمات، ڕیزگرتن لە نەتەوە و ئۆل و ئایینی جیاواز لە تایبەتمەندییەکانی مانایی مەدەنییەت لەو سەردە‌دا بوو کە کوردی خۆرهەڵات، یەکەم حیزب و کۆماری مۆدێڕنی دامەزراندبوو.

لە دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان و لە یەکەم دەرفە‌تدا هەر بە نەریتی ک.ژ.ک و کۆماری کوردستان، لە سەردەمی محەممەد موسەدق و دوای ڕاگەیاندنی خۆماڵیکردنی پیشەی نەوت، کۆمیتەی مهابادی حیزبی دێموکرات کوردستان دوای نسکۆی کۆمار بە بەستنی یەکەم میتینگ پشتیوانی لە بڕیاڕی سەرۆک‌وەزیران سەری‌هەڵدایەوە. یان لە هەڵبژاردنەکانی خوڵی حەڤدەهەمی پارلمان (١٣٣١) کۆمیتەکانی حیزب لەو دەرفەتە کەمەی بۆ چالاکیی مەدەنی هاتبووە ئاراوە توانییان بەشداری بکەن و چوونکە ئەوکات حیزبی دێموکراتی کوردستان خەباتی ئاشکرای نەبوو و نەیدەتوانی نوێنەری هەبێ, بەڵام بە پشتیوانی لە دوکتور سارمەدین سادق‌وەزیری بە کردەوە ئەوەی کردە کاندیدی حیزب و لە ئاکامدا چالاکی سیاسی و مەدەنیی تێکۆشەرانی کورد لە کوردستان دەنگی هێنایەوە. دوای ئەم ڕووداوە و پێکهێنانی کابینەی دووهەم لەلایەن موسەدیقەوە، ئەو بۆ پتەوترکردنی پێگەی سیاسی کۆمەڵایەتیی خۆی هەوڵی دا لە بواری ئابووری و کۆمەڵایەتی، چاکسازی لە کشتوکاڵ و شێوازی باج و ماڵیات گۆڕانکاری بکات. ئەمەش هەمدیسان لەلایەن خەڵکی کورد بەتایبەتی چینی چەوساوەوە کە بەردەوام بۆ تێکۆشان لەسەر پێ بوو، کرا بە دەرفەتێک و ڕاپەڕینێکی جووتیاری سەری‌هەڵدا و بەبێ ئەوەی کەس بکوژن، خەڵکێک ئازار بدەن و یان خراپەکاری لەتەک کەسێک بەتایبەت ئاغا و دەربەگ بکرێ چالاکییەکانیان بەردەوام بوون.

ئەگە هەر لەم قۆناغە‌دا خەباتێکی چەکدارانە (٤٦-٤٧) سەر هەڵدەدا، لەبەرامبەر نامەدەنییەتی دەستەڵاتی ناوەند هەڵوێستێکی شۆڕشگێڕانە بووە کە لەلایەن کۆمەڵێک لاوی شۆڕشگێر بۆ کردنەوەی دەرفەتێکی هەناسەکیشان بۆ بزاڤی ڕزگاری خوازی کورد بوو کە بەهەموو شێوەیەک بڕستیان لێ بڕیبوو.

قۆناغی دووهەم: لە د. قاسملووە هەتا تیرۆرکردنی د.شەرەفکەندی (١٣٤٩-١٣٧١)

دۆکترینی وجوودیی دامەزرانی کۆمار لە بیر و ئەندیشەکانی د. قاسملوودا ئاوێتە بە پاشخانێکی دەوڵەمەند لە زانست و دنیابینیی مۆدێڕن بوو. د. قاسملوو دوای گەڕانەوەی بۆ کوردستان و گرتنەدەستی جڵەوی ڕێبەریی حیزب لە ساڵی ١٣٤٩ی هەتاوی بە ئاوەز و تێگەیشتنی بەرزی خۆی بەردەوام بە عەقڵانییەتی مەدەنی کاروچالاکی لە حیزبی دێموکراتی برەو پێدا و لە هەموو دەرفەتێکدا هەوڵی دەدا بە شێوازی سیاسی و تێکۆشانی مەدەنی بۆ بەرەوپێش‌بردنی بەرنامەکانی حیزب خەبات بکات. یەکەم کاری گرنگی د. قاسملوو پرسی سەربەخۆیی سیاسیی حیزب وەک هێمای مەدەنییەت بوو کە لەژێر هێژمۆنیی حیزبی توودە و پارتی دێموکرات دەرهێنا و وەک حیزبێکی سەربەخۆی سیاسی تێکۆشانی خۆی بە پەیڕەو و بەرنامەیەکی تۆکمە و نوێی بە پێوەرەکانی ڕۆژ نووسیوە و کاریان پێ کرد.

لە کۆنفرانسی سێهەمەوە (١٣٥٠) کە د. قاسملوو توانی وەک کەسی یەکەم دەستبەکار بێت هەتا دوا ساتی ژیانی و دواتریش لە ماوەی سێ ساڵ سکرتێریی د. سادق شەرەفکەندیدا، توانی هەم ئاسۆیەکی نوێ و ڕوون بۆ حیزب و خەڵکەکەی وێنا بکات، هەم هەوڵی دا ڕێبەریی بەکۆمەڵ لەنێو حیزبی دێموکراتدا بکاتە فەرهەنگ و لەلایەکی دیکەوە لە ڕێگای دامەزراندنی کۆمیسیۆنە جۆراوجۆرەکان و دامەزراندنی زانکۆ لەنێو حیزبدا برەوی بە کولتووری مەدەنی، پەروەردە، زانست و تەنانەت شایستەسالاری لەنێو حیزبی دێموکرات دا و ئەم فەرهەنگە جێ خست.

د. قاسملوو هەروەها لە هەموو ئەو ماوەیەدا کە سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات بوو، بەردەوام هەوڵی ئەوەی داوە فەرهەنگی دێموکراسی و نەزم و دیسیپلینی ڕێکخراوەیی وێڕای پەیماننامە گرنگە نێودەوڵەتییەکان بە تایبەت لەهەمبەر شەڕی داسەپاودا، نەهادینە بکات. ئەوە جگە لەوەی کە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران و گەڕانەوەی ڕێبەری حیزب و هەر لە یەکەم میتینگ لە شاری مهاباددا دەرکەوتبوو کە حیزبی دێموکرات حیزبێکی خەڵکی، سیاسی، مەدەنی و دێموکرات و پێشکەوتووخوازە و شەڕ و بەرگریی چەکداری و توندوتیژیشی تەنیا بۆ خۆپاراستن و بەرگری لە مان و مەوجودییەتی گەلی کورد دەوێ کە دیارە ئەویش هەروەک مافێکی دانپێدانراو لەلایەن پەیماننامە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤەوە دانی پێدانراوە. هەوڵی سەرکردایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەموو مێژووی خۆیدا لەسەر چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد بە دیالۆگ و جیا لەمەش بەرنامە و یاسا جۆراوجۆرەکانی بۆ کۆمەڵگەی ئازادی ئەو سەردەم ڕۆنرابوون.

قۆناغی سێهەم: دوای هاتنە خوارەوە لە قەندیل هەتا شۆرشی ژن، ژیان، ئازادی (١٣٧٣-١٤٠١)

لەو قۆناغەدا دەگەڵ نەمانی دوو سەرکردەی مەزن و لێوەشاوەی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات و تیرۆرکردنیان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، بەڵام ڕێباز و هێڵی فکری و دۆکترینی حیزب وەها داڕێژرابوو و چووبووە دەمارەکانی، کە سەرکردایەتی نوێش هەر بە هەمان ڕێباز و هێلە فکرییەکانی پێشوودا توانی لەو قەیرانانەی بۆیان درووست کرابوو، هەتا ئاستێکی باش دەرباز بن. ڕێبەریی حیزب لەو قۆناغەشدا بەردەوام باوەڕمەند بوون کە مەدنییەت بکەنە پیشەی سیاسەتیان و، ئەو عەقڵییەتە لە ڕەوتی شۆرشی ژینادا گەیشتە چڵەپۆپە. کاتێک کە ٣٠ی گەلاوێژی ١٤٠١ دوولایەنی حیزبی دێموکرات یەکیان گرتەوە و هێشتا خۆشحاڵیی خەڵک و ئەندامانی حیزب کۆتایی پێ نەهاتبوو، هێزەکانی پۆلیسی ئەخلاقی ڕێژیم “ژینا ئەمینی”، کچە کوردی ‌میوان لە تارانیان کوشت و خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە کوردستان و سەرتاسەری ئێران دەستیان پێ کرد. لەبەر ئەوەیکە حیزب بە شێوازێکی مەدەنی و چالاکانە مەیدانی خەباتی لە ڕۆژهەڵات گرتە دەست و دوای هەر بەیاننامەیەک خەڵک بە پیل داخوازییەکانیەوە دەچوون و، خۆپیشاندان و مانگرتن و شێوازەکانی دیکەی خەباتی مەدەنی لە کوردستان دەستیان پێ کرد؛ هەر زوو ڕێژیم هەستی بە مەترسی کرد. بۆیە بە مووشەک و دڕۆن هێرشی کردە سەر بارەگا و کەمپەکانی حیزب بۆ ئەوەی ستۆپ بە خەبات و تێکۆشانی مەدەنیی خەڵک لە نێوخۆی وڵات بکات. بەڵام خەبات لە نێوخۆ بەردەوام بوو و ئەو جینایەت و کردەوە تێرۆریستی و کارەساتانەش نەبووە هۆی ئەوەیکە بزووتنەوەی سیاسی بە سەرکردایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تووشی هەڵە بێ و پەلکیشی شەڕێکی نەخوازراو بێت. بەڵکوو بە بەردەوام بوون بە خۆپێشاندان و مانگرتنەکان بە شێوەیەکی عەقڵانی درێژەی بە کاروچالاکی دا.

قسەی کۆتایی:

مەدەنییەت وەک هێڵی فکری و دوکتورینی حیزبی دێموکرات وەک بنچینەیەکی نەگۆڕ لە هەموو پانتایی ژیانی سیاسیی ئەم حیزبە لە داهاتووشدا دەمێنێتەوە، بەڵام ئەوەی نابێ لە یادی ٧٨ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستاندا لەبیری بکەین ڕۆڵی پێشەوا قازی محەممەد لە چێ‌کردنی ئەم وێژمانە و ڕچەشکێنی ئەم ڕەهەندە لە فەرهەنگی سیاسیی حیزبی دێموکراتە. پێشەوا وەک ڕێبەێکی کاریزماتیک کە پێش لە هەموو شتێك مرۆڤدۆست بوو و،‌ توانی له‌ پێگه‌ی سیاسیی خۆیەوە مه‌عریفه‌ی کوردی به‌رهه‌م بهێنێ و مەدەنییەت و ئه‌خلاق و ئیتیکی کوردیش بکاتە میراتی سیاسی بۆ حیزب و نەتەوەکەی.‌

]]>
كۆمەڵگەیەکی زیندوو و دەروەست http://chawnews.com/%d9%83%db%86%d9%85%db%95%da%b5%da%af%db%95%db%8c%db%95%da%a9%db%8c-%d8%b2%db%8c%d9%86%d8%af%d9%88%d9%88-%d9%88-%d8%af%db%95%d8%b1%d9%88%db%95%d8%b3%d8%aa/ Tue, 16 Jan 2024 15:27:53 +0000 https://chawnews.com/?p=10759

شاڕوخ حەسەن‌زادە

بۆ پێناسەی خەباتی مەدەنی دەبێ بۆ چەمکی “مەدەنییەت” بگەڕێینەوە کە “ئەزقەزا” یەکێک لە کۆڵەکەکانی کۆماری کوردستانیش بووە، مانای مەدەنییەت لە هزری سیاسی-کۆمەڵایەتیدا، پێوەندیی لەتەک چەمک‌گەلی وەک شارستانییەتدا هەیە. کەوابوو ئەم چەمکە تەنیا مانایەکی ئەخلاقیی نییە کە بکرێ دەگەڵ “کردەی ئاکاری” هەڵسەنگێندرێ، بەڵکوو چەمکێکە زاڵ بەسەر سامانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی هەموو کۆمەڵگەیەکدا.

مەدەنییەت شێوازی پێوەندی لەهەمبەر بنەمای جیاوازییەکان و دژایەتییەکانە، کە لە دەسەڵاتە سیاسییە دیکتاتۆر و توتالیتەرەکاندا ڕێزی لێ نەگیراوە. هەر ئەوەش وای کردوە مەدەنییەتی کۆمەڵگەیەکی وریا لەبەرامبەر نامەدەنییەتیی دەستەڵات یان تەنانەت هەندێک کۆمەڵگەی دەستەمۆدا، وەک کردەیەکی ناوازە و ئاوارتە سەیر بکرێ.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین ڕووداوی ناخ‌هەژێنی سرووشتی و ناسرووشتی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕوویان دا، وەک بوومەلەرزە و سێڵاو لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان و ناوچەی کوتوڵی دەڤەری شاری خۆی یان هاتنی شەپۆڵی کۆڕۆنا‌ویرووس کە بە هیمەتی خۆبەخۆی خەڵک و بە هەست بە بەرپرسیارەتی نەتەوەیی هەتا ئاستێکی باش بە سەریاندا زاڵ بوون و ئەو یارمەتییانە لاپەڕەیەکی زێڕین و درەوشاوە مێژوویی لە هەرەوەز و هاوکاری گەیاندنی یەکتر بوو کە هیچ‌کات لەبیر ناکرێ. لە بەرامبەردا هەموو ئەوانە ئەگەر بەڕێوبەرایەتیی قەیرانی وڵات وەک لایەنێکی دەوڵەتی، کە لەژێر کۆمەڵەی وەزارەتی نێوخۆ چالاکە و بەرپرسیارەتی ئامادە بوون و پێشگرتن لە قەیران و هاوکاری گەیاندن بە زیان‌لێکەوتوانی لەسەر شانە، ئەرکەکانی خۆی بە درووستی بەجێ گەیاندبا، ڕەنگ بوو ئێستا هەزاران هاونیشتمانی وەک ئێمەمانان زیندووبان و لە پەنا بنەماڵەکانیان ژیانیان کردبا. لێ مەخابن هەر وەک باقی جومگەکانی دیکەی دەستەڵات کە بە گەندەڵی، ناشارەزایی و کەمترەخەمی گلاون و بەردەوام نەک قەیرانەکان کۆنتڕۆڵ ناکەن، بەڵکوو سەرچاوەی بەشی زۆری قەیران و کێشەکانی نەک هەر کۆمەڵگەی کوردستان و ئێرانن، بەڵکوو زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهانیشیان تووشی شەڕ و ماڵوێرانی کردوە.

کۆمەڵگەی کوردستان بەگشتی و بەتایبەتی کۆمەڵگەی مەدەنی کە بریتین لە هەموو ڕێکخراوەکان و چین و تاکی دەروەست و دڵسۆز، لەخۆبوردوویانە وێڕای هەموو ئاستەنگ و ڕەوشی خراپی ئابووریی نیشتمان، لە تەنگانەدا بە هانای خوشک و براکانیانەوە چوون و دەچن کە سەرچڵەپۆپەی ئەو هاوکاری و پشتیوانییە لە ڕاپەڕینی ژینا کە بە درووشمی “ژن، ژیان، ئازادی” تابووی لەشکان‌نەهاتووی ڕێژیمی کردە بڵقی سەر ئاو، خۆی ڕوونتر لە هەمیشە دەرخست.

لە دوامین ڕووداوی سرووشتی دا، چەند ڕۆژ لەمەوبەر کۆمەڵێک شاخەوانی گرووپی “کانیاو”ی نەغەدە لە چیای “ڕەندۆڵە”ی سەر بە شاری شنۆ وەبەر ڕنوو کەوتن کە هەتا ئیستا دوو شاخەوان ڕزگار کراون و بەداخەوە لە چارەنووسی سێ شاخەوانەکەی دیکە زانیارییەکی ئەوتۆ لەبەر دەستدا نییە. هەر دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەم ڕووداوە و بانگەوازی ڕێکخراوە مەدەنییەکان بۆ بەهاناوەچوونی شاخەوانان، شەپۆلێک لە هاوسۆزی و هەنگاوی بەکردەوە نران. بە دەیان گرووپی شاخەوانی شارەزا لە شاری شنۆ و تەنانەت شارەکانی دیکەوە، لە کەشوهەوایەکی سارد و بۆراندا کەوتنە گەڕان و شاخ و دۆڵەکانیان پێماڵ کرد. خەڵکیی خەمخۆری ئاواییەکانی زمێ، حەیدەرئاباد و ئاڵکاوێ بە هەرشێوەیەک بۆیان کرا، هەر لە ڕێنوێنیکردنی شاخەوانان هەتا پێڕاگەیشتنیان هاوکاریی تیمەکانی گەڕانیان کرد. چالاکانی میدیایی و رایەڵە کۆمەڵایەتییەکان لە پەیج و تۆڕەکاندا پەیتاپەیتا هەواڵیان بڵاو کردەوە و داوای هاوکاری و بەهاناوەچوونی خەڵکی شارەزایان دەکرد.

لە حاڵێکدا جیا لە گرووپێکی دڵسۆز لەلایەن خاچی سوورەوە کە ئەوانیش هەر لە هێزی خۆبەخش پێکدێن، دەسەڵات و بەتایبەت دامودەزگانی ڕێژیم لە شنۆ و نەغەدە هیچ هەوڵێکیان بۆ بەهاناوەچوونی شاخەوانانی ونبوو نەدا، بەڵام خەڵک لەوپەڕی بێ‌ئیمکاناتی، بەڵام بە ئیرادەیەکی یەکگرتووانەی پۆڵایینەوە، قۆڵی هیمەتیان هەڵماڵی و بۆ دۆزینەوەی کوڕەکانی خۆیان کەوتنەکار. بەتایبەت گرووپە شاخەوانییەکان کە لەو کەش و هەوا سارد و بەستەڵەکەدا دەروەستانە هیمەتیان نواند.

ئەوەی جێگای ڕامان و تێفکرینە و دەکرێ لە بواری کۆمەڵناسی و بە ڕوانگەی دەروونناسانەی کۆمەڵگە سەیر بکرێ، ئەوەیە کە؛ کۆمەڵگەیەک کە دەیان ساڵە لە بواری کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری، فەرهەنگی، زمانی و بە گشتی نەتەوەییەوە دەچەوسێتەوە و بەر بە پێشکەوتنەکانی دەگیرێ؛ چۆن دەتوانێ ئەوا وشیار، زیندوو، دەروەست و لەخۆبوردوو بێ کە بەردەوام دوای هەموو لێ‌قەومان و قەیرانێک بە هانای یەکترەوە دەچن و بە پشتیوانی و هاوکارییان تێچووی قورسی ڕووداوەکان کەمتر دەکەنەوە. ئەگەرچی ڕەنگبێ ئەو ڕەخنەیەش لەو خەڵکە بگیرێ کە، بۆچی دەبێ ئێمە تێچووی ڕووداو و قەیرانەکان بدەین، ئەوە لە حاڵێکدا ئەرکی حکومەتە؟! بەو چالاکییانە هاوکاری ئەو ڕێژیمە دەکرێ کە گیانی خەڵک بەتایبەت تاکی کوردی هەر بۆ گرنگ نییە، بەڵام کورد گوتەنی “تێکوشینی بە هیوای جیران ویشکە”؛ ئەوە خەڵکە دەبێ پشتی یەکتر بگرن و بە پشتیوانی و هاوکاری یەکتر بەسەر قەیرانەکاندا زاڵ بن و لە ئاکامدا بە ژیانێکی بەختەوەرانە بگەن. دیمەنی شارێک بە پیر و لاو و قوتابی و مامۆستاوە لە دوعا و نزا و، ژنێک وەک تاکێکی دڵسۆز، دەروەست و لەخۆبوردوو کە لەو قەیرانە ئابوورییەدا نان و خواردنی دەیان هاونیشتمانی و شاخەوانی ماندوو کە لە ڕەوشێکی ناڵەباری کەش و هەوا لەبەر بەفر و بەستەڵەک و باڕن و کڕیوە خۆبەخشانە سینگی چیا هەڵدەدڕن ئامادە کردوە، یان ئەو لاوانەی تیمی ئافرۆدسوار کە ئەرکی گواستنەوە و گەیاندنیان وەئەستۆی خۆیان گرتوە، ڕەنگبێ بۆ دەستەڵاتە دیکتاتۆرەکان مۆتەکە بێ و هەر لە فیلم و چیڕۆکی ئەفسانەییشدا ببنیدرێن.

 بێهیوابوونی خەڵک لە ڕێژیم لە کاتی لێقەوماندا بەمانای نەبوونی مەشروعیەتی ئەو نیزامە لای خەڵکە و ئەرکی دەستەڵاتیش بەداخەوە تەنیا کوشتنی کۆڵبەر و کاسبکار، گرتن و ئەشکەنجە و سێدارە و شێواندنی بنەماڵەکان و ئاژاوە و ماڵوێران کردنە هەر بۆیە دەرفەتی ئەو کردە خێرانەی نییە.

شەپۆلی بەهاناوەچوونی ئەو کوڕە شاخەوانانە لەلایەن خەڵکی شنۆ و شار و ئاواییەکانی دیکەی دەڤەرەکە لە هەموو شکڵ و شێوازێکی گونجاوی خۆی‌دا، بۆ جارێکی دەریخست کە کۆمەڵگەی کوردستان کۆمەڵگەیەکی زیندوو، لەسەرپێ و ڕێکخراوە کە لە نواندنی ئەم جۆرە ڕەفتارانەدا بە تەواوەتی هەستی بە زەروورەتی یەکێتی و یەکگرتووی خۆی کردوە. ئەم تایبەتمەندییە لە ڕەفتاری کۆمەڵگەی کوردستان کە بە بەستێنەکانی هەموو جموجۆڵێکی فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، ژینگەپارێزی و سیاسییەوە دیارە، دەریدەخات کە کۆمەڵگەی کوردستان کە خاوەنی پاشخانێکی زیندووی پر لە خەبات و تێکۆشانی جۆراوجۆرە، لە ئاستێکی بەرزی وشیاریی نەتەوەیی و خۆڕێکخستنی کۆمەڵایەتی‌دایە کە بەدەر لە کەمتەرخەمیی دام ودەزگاکانی دەسەڵات، توانای خۆبەڕێوەبەری و خاوەندرارێتی لە خۆی هەیە.

]]>
خۆکوشتن بۆ ڕزگاربوون لە دۆزەخی ژیان http://chawnews.com/%d8%ae%db%86%da%a9%d9%88%d8%b4%d8%aa%d9%86-%d8%a8%db%86-%da%95%d8%b2%da%af%d8%a7%d8%b1%d8%a8%d9%88%d9%88%d9%86-%d9%84%db%95-%d8%af%db%86%d8%b2%db%95%d8%ae%db%8c-%da%98%db%8c%d8%a7%d9%86/ Sat, 06 Jan 2024 20:15:17 +0000 https://chawnews.com/?p=10712


عەلی بداغی

کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو کاتێک زۆرترین کەلکی لە کێشە و ئارێشە ناوچەیی و جیهانییەکان بۆ پووش‌بەسەرکردنی قەیرانە نێوخۆییەکانی وڵات وەرگرتوە کە خۆکوژی یەک لەوانە. بەڵام ئەوەی ڕۆژانە خەڵکی وڵات لە تەنیشت هەواڵە هەمیشەییەکانی گەندەڵی و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان و گرانی و بێ‌کیفایەتییەکانی بەرپرسانی ڕێژیم دەیبیستن، هەواڵی خۆکوشتن و هەوڵە بەردەوامەکان بۆ خۆڕزگارکردن لەو ژیانەیە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەسەر خەڵکی ئێرانیدا سەپاندوە.

ئاماری ڕاستەقینەی خۆکوژی نهێنییە و بە زەحمەت دزە دەکاتە دەرێ. پزیشکی داد ڕێک ١٠ ساڵە بە بیانووی ئەوەی بڵاوبوونەوەی هەواڵی خۆکوژییەکان نەبێتە هۆی بێهیوایی و دۆشداماویی زیاتر لە کۆمەڵگەدا خۆ لە بڵاوکردنەوەی ئامارەکان دەبوێرێ، بەڵام ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ، هیندێک ڕێکخراوی حکوومەتی و ناوەندە توێژینەوەیی و ئاکادیمییەکان بە ڕاپۆرت و فورمولی زانستی کار لەسەر ئەو ئامارە دەکەن. یەک لەو ڕێکخراوانە کۆمەڵەی زانستیی پێشگرتن لە خۆکوژی لە ئێرانە کە  لە ڕاپۆرتێکدا باس لەوە دەکا لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ناوی ١٢٠ هەزار کەس لە ئێران کە بەهۆی خۆکوژییەوە گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکان، لە سسیتمی وەزارەتی بێهداشتدا تۆمار کراون. ژمارەی ئەو کەسانەش کە هەوڵی خۆکوژییان داوە -چ سەرکەوتوو و چ ناسەرکەوتوو- و بە هۆکاری جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی نەگەیەندراونەتە نەخۆشخانەش لەولا بوەستێ.

بەپێی ئەو زانیارییانە خۆکوژییەکان لە دە ساڵی ڕابردوودا سەرەڕای شاردنەوەی ئامارە ڕاستەقینەکان زیاتر لە سەتا ٤٠ زیادیان کردوە تا ئەو ڕادەیە کە ئاماری خۆکوژییەکان دوو هیندەی کوشتنەکان لە وڵات بێت. هەروەها ئاماری خۆکوژییەکان لە کوردستان، بەتایبەت لە دوو پارێزگای ئیلام و کرماشان دوو هیندەی نێونجی وڵاتە. لە کوردستان لە ماوەی ئەمساڵدا لەو سەدان کەسەی بە هۆکاری جۆراوجۆر هەوڵی خۆکوشتنیان داوە، ١٢٦ کەسیان گیانیان لەدەست داوە کە ٦٣ کەسیان ژن و ٣٠ کەسیان منداڵ و خوار تەمەن ١٨ ساڵ بوون.

داتا و زانیارییەکان چ لە کوردستان و چ لە ئاستی ئێراندا پێمان دەڵێن حاڵەتەکانی خۆکوشتن لە ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام ڕوو لە هەڵکشان بووە و کارناسانی کاروباری کۆمەڵایەتییش ڕایان وایە لە کۆمەڵگەیەکی داخراوی سەرکوتکراودا خۆکوژی بۆ زۆر کەس دەتوانێ وەک کرانەوە و ڕەهابوون وابێت. بە واتایەکی دی بێ‌مافی، کەشی زاڵکراوی سەرکوت و پەرەسەندنی قەیرانە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان و سەختبوونی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتری دابینکردنی بژیوی ژیان، ڕۆڵی سەرەکی و ڕاستەوخۆی لە هەڵکشانی مەیل بۆ کۆتایی‌هێنان بە ژیان لە کەسانی تەمابڕاودا هەیە. کاتێک بێکاری تەنگی بە زیاتر لە ١٠ میلیۆن کەس هەڵچنیوە، کاتێک کرێکارێک ئەگەر هەموو ماوەی تەمەنی و هەتا مردنی کار بکا و تاق تمەنێک لە مز و حەقدەستەکەشی خەرج نەکا هێشتا ناتوانێ ببێتە خاوەن ماڵیکی هەرە بچووک و، کاتێک توانای کڕینی خەڵک ئەوەندە دابەزیوە کە ناچار بوون خواردنە سەرەکییەکان بە قیست بێننەوە ماڵێ، کاتێک دایک‌وباوک توانای دابینکردنی هەرەلانیکەمی پێداویستییەکانی منداڵەکانیان نییە، سروشتییە گوشاری ڕوحی و دەروونی و خەمۆکی وەک پاڵنەرێکی بەهێز کەسەکان بەرەو خۆکوشتن هان بدات. هەر لەوسۆنگەیەوە خۆکوژییەکان لەلایەک دەربڕی کۆتایی هیوا بە ژیان بۆ توێژی داماو و هیوابڕاوی کۆمەڵ و، هاوکات هاوار و ناڕەزایەتی‌دەربڕین بە بارودۆخ و هەلومەرجێکە کە کۆمەڵگە تێی کەوتوە.

خاڵێکی جیی سەرنج لە ئامار و زانیارییەکان ئەوە لە تەنیشت هۆکارەکانی خۆکوژی کە بەشی هەرەزۆری بۆ هەژاری و بێ‌ئەنوایی دەگەڕێتەوە ئەوەیە، کە ژنان لە ئێران دوو هیندەی پیاوان هەوڵی خۆکوشتن دەدەن. سروشتییە لە کۆمەڵگە کراوەکان بە ستانداردە بەرزەکانی ژیان و خۆشبژیوی و ئاست‌بەرزییەکانی یەکسانیی ژن و پیاو دیسانەکەش خۆکوژییەکان بەهۆی گرژی و قەیرانە ڕوحی و دەروونییەکان ڕوو دەدەن. بەڵام ئەوەی لە ئێران بۆ ژنان ڕوو دەدا ڕاستەوخۆ گرێدراوی کولتووری پیاوسالاری و یاساکانی دژی ژنی کۆماری ئیسلامییە. بۆ نموونە فرەژنی، بەزۆربەشوودان، توندوتیژی جەستەیی و دەروونی، جیاوازیدانان و هەڵاواردن، سووکایەتی و بە کەمگرتن، بێ‌مافی و چەوسانەوە بەشێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەوڵی خۆکوشتنی ژنان لە ئێرانە. بۆیەشە بەپێی ئامارە ڕەسمییەکانی هەواڵدەرییەکانی خودی ڕێژیم خۆکوژیی ژنان و خۆسوتاندنی ژنان لە ئێران پلەی یەکەمی لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەیە.

بێگومان خۆکوژی وەک خەسارێکی کۆمەڵایەتی ڕەگ و ڕیشەی لە قەیرانە ئابووری، کولتووری، ئایینی و کۆمەمەڵایەتییەکاندا داکوتاوە، بەڵام لە ئێرانی ژێر حوکمڕانیی کۆماری ئیسلامیدا دەسەڵات نەک هەر هیچ هەوڵێک بۆ خەسارناسی، چارەسەر و دابەزاندنی خۆکوژییەکان ناکا، بەڵکوو بۆخۆی بەئەنقەست بە پەرەپیدان بە کوشتوبڕ و توندوتیژی دەیەوێ ئەو دیاردەیە لە کۆمەڵگە ڕەگ و ڕیشەی پتر دابکوتێ. هەر بەڕاست بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بۆخۆی ڕۆژانە خەڵک دەکوژێ و گیان لە خەڵکی دەستێنی، لەکوێ و لەبەرچی گرینگە لە خۆکوشتنی خەڵک بکۆڵێتەوە و پێشی پێ بگرێت؟

قەیرانی خۆکوژی وەک هەموو خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە هۆکارە سەرەکییەکەی بۆ دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامی و سیاسەتەکانی ئەو ڕێژیمە دەگەڕێتەوە و دانانی خاڵی کۆتایی بۆ ئەو کارەساتە کۆمەڵایەتییەش گرێدراوی کۆتایی‌هێنان بە حوکمڕانیی دیکتاتۆری و سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامییە.

]]>
شۆڕشیی هزری_کۆمەڵایەتی “ژن، ژیان، ئازادی” لە کوردستان و ئێران http://chawnews.com/%d8%b4%db%86%da%95%d8%b4%db%8c%db%8c-%d9%87%d8%b2%d8%b1%db%8c_%da%a9%db%86%d9%85%db%95%da%b5%d8%a7%db%8c%db%95%d8%aa%db%8c-%da%98%d9%86%d8%8c-%da%98%db%8c%d8%a7%d9%86%d8%8c-%d8%a6%d8%a7%d8%b2%d8%a7/ Tue, 19 Dec 2023 16:11:02 +0000 https://chawnews.com/?p=10635 نووسەر: شاڕوخ حەسەن زادە

بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی پڕکاریگەری چاخی پێشکەوتوون کە بەوان دا دەتوانی، خواستەکانی کۆمەڵگا یان شەبەنگێک لە کۆمەڵگا بەو داخوازیانەی هەیان، پێیان بگا. بەجۆرێکی دیکە دەکرێ بڵێن؛ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە هۆکارگەلی گرنگی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتین. “ئانتۆنی گیدێنز” لەم بارەیەوە دەڵی: لەو ئاکار و هەڵوێستانەی بە کۆمەڵ کە بۆ دەست‌وێڕاگەیشتن یان گۆڕانکاری لە بەشێک لە لایەنەکانی تەکووزیی ئارایی لە کۆمەڵگادا هەیە، بە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی دێتە ناسین”.( Giddens, A. 1994). هەموو ناڕەزایەتییەک کە داخوازی و ئامانجێکی دیاریکراوی بە کۆمەڵی هەبێ، دەکرێ وەک بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی_ناڕەزایەتی پێناسە بکەین.

بەشی هەرە زۆری ئەو ناڕەزایەتییانەی یەک دەیەی ڕابردووی جوگرافیای ئێران بەتایبەت دوای بزووتنەوەی سەوز(١٣٨٨) کە فۆڕم و خواستی بەشی هەرەزۆری کۆمەڵگا بەهۆکاری بەجیهانی بوون، بەردەوامی کەشی داخراوی سیاسی و قەیرانەکانی یەک‌لە‌دوای یەکی ئابووری، سیاسی، فەرهەنگی؛ گۆڕانکاری بەرچاوی بەسەردا هاتووە و لە درووشمی خەڵکانی ناڕازی لەسەر شەقام بە تەواوەتی دەبیسرا و دەبینرا. دوای کوشتنیی حکومەتی ژینا ئەمینی(٢٥ی خەرمانانی ١٤٠١) کۆمەڵیك ناڕەزایەتی بە درووشمی سەرەکی “ژن، ژیان، ئازادی” لە کوردستانەوە دەستی پێکرا و هەموو جوگرافیای ئێرانیشی گرتەوە، ئەو ناڕەزایەتییەی سەرجەم گەلان و چین و شەبەنگی جۆراوجۆری کۆمەڵگا و ئێران تەنیا بە کێشەگەلی وەک بژیوی ژیان یان ئابووری نەبەسترابۆوە بەڵکوو زۆربەی داواکارییەکان سیاسی و ئازادیخوازانە بووە تەنانەت ئەوکاتانەی کە، پێداویستییەکانی بنەماڵە، خواردمەنەی یان بەنزینیش گران دەبوو، دەبووە بەهانەیک بۆ خەڵکی زوڵم لێکراو و ناڕازی هەتا درووشمی نەمان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕێبەرەکی وەک دیکتاتۆرێک بڵێنەوە، میناکی ئەو چالاکیانە لە سەرماوەزی ١٣٩٦ و خەزەڵوەری ١٣٩٨ خۆیان دەرخست، بەڵام لە هەمووی ئەوانەدا بوونی ئەتنیک و نەتەوەی جۆراوجۆر لە جوگرافیایە، داخوازی ڕەوایان بەپێی بنەماکانی مافی مرۆڤیی نێونەتەوەیی، خەبات و تێکۆشانیان لە زۆربەی ئەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتیانە، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە؛ داخوازی ئەو حیزبانە کە نوێنەرایەتی خەڵکی خۆیان دەکەن، سیاسییە و بۆ ماف و حقوقی نەتەوایەتیان دەگەڕێتەوە.

بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی کە زۆر کەسی شارەزای بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان وەک شۆڕشێکی پێشکەوتن‌خواز لە قەڵەمی دەدەن، کەڵەکە بوونەوەی هەموو ئەو زوڵم و نادادپەروەری، هەڵاواردن، سەرکوت، گرتن و ڕفاندن، خولقاندنی کەشی نیزامی پڕ لە ترس، نەبوونی ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان، دەست‌تێوەردانی سپا لە هەمووکارێکی مەملەکەت، بایەخ نەدان بە بیروڕای گشتی و بێ ڕێزی‌کردن بە مافی ژنان، کرێکاران، فەرهەنگیان، نەتەوە جۆراوجۆرەکان و… بووە. گیان لەدەست دانی ژینا سەرەتا بووە هۆی دەست‌پێکی ناڕەزایەتییەکانی سەرشەقام، گۆڕانکاری لە جۆری ڕوانین و بیرکردنەوە و لادانی پێش گریمانەی سەقەتی ڕابردوو و دواجار شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی بەر لە شۆڕشێکی سیاسی. ئەگە ئاوڕێکی خێرا بە ئاکار و ڕەوشتیی بەکۆمەڵ و ناڕەزایەتییەکان دا بخشێنینەوە، دەبینین، لە ناوچەکانی وەک کوردستان و بەلووچستان لەبەر هەبوونی حیزب‌گەلی سیاسی و کەسایەتیی نەتەوەیی_ئۆلی خاوەن پێگە، بە شێوەیەکی زاڤ تۆکمە و ڕێکخراو بە بەراورد لەتەک ناوچەکانی دیکەی ئێران چالاک و لە شێوازەکانی نافەرمانی مەدەنی و بەدوور لە توندوتیژی و دێموکراتیک، کەڵک وەرگیردراوە. ڕاپەڕینی ئەم دواییە بە دوور لە شەپۆلێکی هەستەکی و بە درووشمی ژن، ژیان، ئازادی وەک فەلسەفەی ئەو بزووتنەوە نوێیە کە بۆ هەموو کۆمەڵگاکان جۆری ڕوانین و دێموکراسی خوازی مۆدێڕنی لەبەردەم دانا، هیوایەکە بۆ وەرزێکی نوێ لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان.

دوای ئەم باسە کورتە و بەپێی بنەماکانی شۆڕشێکی ڕاستەقینە بەو هەمووە مانایەی کە هەیەتی، پرسیارێک دێتە ئاراوە کە، ئایا ئەم بزووتنەوەیە لە کوردستان شۆڕشێک بوو؟ ئەگەرچی هەتا ئێستا ئەو بزووتنەوەیە بە ئاکامی دڵخوازی خۆی نەگەیوە بەڵام ئایا لە ناوەندیش دا توانی شۆڕشێکی هزری خۆیا بکات؟

شۆرش(Revolution) لە بواری ماناییەوە بە واتای گۆڕان و ئاڵوگۆڕیی ڕیشەیی دێ. بیرمەندانی بەستێنی زانستە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ئەو باوەڕەن؛ شۆڕش بەو مانایەیە کە، خود یان چیەتی تشتێک، گۆڕانی بنچینەیی بەسەردا بێ لە ڕاستیدا بیرمەندان گۆڕانکاری لە فۆڕم و ناوەڕەۆک وەک “شۆڕش” پێناسە دەکەن. لە بەستێنی ڕامیاری‌ش دا شۆڕش وەک ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە دامەزراوەی حکومەت پێناسە دەکرێ. جگە لەو هەمووە ڕوانگە و مانا و واتایەی لەم دیاردە کۆمەڵایەتییە ئاڵۆزە هەیە، دەکرێ بە دەربیجەی دیاردەناسی‌ش ئەم چەمکە تەتەڵە بکەین چوونکە، “دیاردەناسیی شۆڕش، شۆڕش نەک وەک بزووتنەوەیەک، ناڕەزایەتییەک یان جۆرێک ئاکار لە ڕەوتی ئاڵوگۆڕ پێک‌هێنان و گۆڕانکاری لە قەوارەی کۆمەڵگا، ئابوری و سیاسەتی کۆمەڵ، بەڵکوو وەک جۆرێک زانیاری، خۆپچکڕاندن لە ئەزموونی ناتەواوی پیشوو، فام و تێگەیشتنێک کە لە تێپەڕینی زەمەن تووشی دەبی، هەڵسەنگێنین(حسینی، ١٤٠١)، بە دەربڕینێکی دیکە؛ پێشتر شۆڕشەکان گەڵاڵە نەکراون، بەڵکوو خوێندنەوەیەکە کە لە ئاکام وشیاری و خۆدەربازکردن لە پێش گریمانەکان و فامی ڕابردوو بەرەو ئازادی لەو شێوازە تێگەیشتن و بیرکردنەوە کەونەیە کە گووراوە. بە واتایەکی تر هەمەن ئەو نوێ‌بوونەوەیە کە بە ڕێنسانس و لەدایک بوونەوەیەکی دیکە لە هزری مرۆڤایەتی شەقڵی گرتووە.

ڕاپەڕینی ئەم دواییە بەر لەوەیکە لەونی شۆڕشێکی سیاسی بەخۆوە بگرێ، شۆرشێکی هزری و کۆمەڵایەتی بوو. بە ڕاشکاوی دەتوانین بانگەشەی ئەوە بکەین؛ یەکێک لە پێشکەوتن و دەسکەوتەکانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی تێکشکاندنی ئەو قەوارە هزری و کۆمەڵایەتییە چەق‌بەستووانە بوو بەتایبەت لەهەمبەر فرەنەتەوە بوونی جوگرافیای ئێران. لە ئاکام شۆڕشی کۆمەڵایەتی کە ئەوژی لەتەک قەیران‌گەلی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی دەست پێدەکات، کاتێکە کە کۆمەڵگا دەورانێکی دوورودرێژ لە گەشە و پێشکەوتنی ئابووری کۆمەڵایەتی ئەزموون کردووە لێبەلێ هەر بەوان هۆکاری سیاسی و ئابووری تووشی پاشەکشە و داتەپین و هەڵاوەسان دەبێ، شۆڕشی کۆمەڵایەتی لەو وڵاتانە دەخولقێت کە، قەڵشتی چینایەتی و کۆمەڵایەتیان فرەیە، یان نەبوونی باڵانس و هاوکێشەی گەشەی ئابووری و سیاسی ڕێک نییە، واتە ئەوکاتەی کە کۆمەڵگا و ئابووری وەک دوو تایبەتمەندی گرنگ هەتا ئاستێکی زاڤ بەرز دەبێتەوە بەڵام لەبەرامبەردا ژینگەی سیاسی هەر پێکۆڵ دەکات، بە ڕوانگەیەکی دیکەشەوە، کاتێک هەرکام لە تێرمەکانی کۆمەڵگا، ئابووری و سیاسەت هاوتەریب دەگەڵ یەکتر نەجوولێن و گەشە نەکەن دەبێتە هۆی کەلێن و درز هەتا وای لیدێ شۆڕش سەرهەڵدەدا، جا لێرەدایە بەر لە شۆڕشی سیاسی، شۆرشی کۆمەڵایەتی کراوە، هەروەها وەرناسینی هەوێتی هزری ڕابردوو و کەون، دابڕان لەو تێفکرینە، دەبێتە شۆرشی هزری کە ئەمەش پیش شۆڕشی کۆمەڵایتی کراوە بۆ ئەوەیکە بەستێن بۆ شۆرشەکانی کۆمەڵایەتی و لە ئاکام دا سیاسی خۆش بکرێ.

لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژینا  کۆمەڵێک دیاردەی نوێ لە چوارچێوەی جۆرێک شۆڕشی هزری_کۆمەڵایەتی بۆ یەکەم جار لە مێژووی ئێرانی نوێ بە پاشخانی ئایدیای ڕاستیی توندئاژۆ_ئایینی و پارادایمی دەوڵەت_نەتەوە گوورا کە ئەمیان دەگەڵ سەرجەم بزووتنەوەکانی بەرلەخۆی تەوفیر و جیاوازی هەبووە. بەشداری هەراو و بەردەوامی ژنان، قوتابیان، خوێندکاران و ڕەنگبێ لەهەمووی ئەوانە گرنگتر و پڕکاریگەرتر، هەستی پێوەندییەکی لەبار، پشتیوانی و هاوکاری و هاوئاهەنگی نێوان نەتەوە جۆربەجۆرەکان بە درووش‌گەلی وەک؛ “کردستان، کردستان، چشم و چراغ ایران، “از بلوچستان تا کردستان جانم فدای ایران” و یا “کورد، بلوچ، آذری، آزادی و برابری” میناکێکن لە گۆڕانکاری لە هزر و ئاڵوگۆڕ لە چۆنەیتی بیرکردنەوە و تێگەیشتن لە ڕووداوەکانی کۆمەڵگای چەندنەتەوەی ئێران، هەر ئەمەش بوو بە هۆکاری ئەوەیکە، لە ماوەی زیاتر لە سەد ساڵی ڕابردوو ئەو وێژمان، سیاسەتی ئاژاوەنانەوە و چەندبەرەکی و ترساندنی ناوەند بە قسەی وەک “جیایی‌خواز” و “تەوایەتی ئەرزی”، بۆ پرینگانەوە لە ماف و حقوقی نەتەوەکان، کاڵ کردەوە و دۆخێکی لەبار بۆ بەشداری چالاکانەی سەرجەم گەلان لە کەشێکی بەرامبەر بەبێ ترس و تۆقاندن لە یەکتر هێنایە ئاراوە. هەروەها پشتیوانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و کۆمەڵگای دیاسپۆڕا لەو بزووتنەوەیە لە تایبەتمەندییەکانی دیکەی ئەو ڕابوونە مۆدێڕنە بوو.

بە نیسبەت پرسیاری یەکەم کە ئاخۆ، لە کوردستان شۆڕش کرا یان نا، ئاماژە بە چەند خاڵی گرنگ و بنەڕەتی لەهەمبەر چۆنیەتی گووران و تایبەتمەندییەکانی شۆڕش دەکەین(بەپێی ڕوانگەی سەرکەوتنی شۆڕشەکان، پێداویستییەکان و کەرەسەکان):

ئا.ڕادەی بەشداربوان لە ناڕەزایەتییەکان بە شێوەی بەردەوام و بەربڵاو.

بێ.ڕێبەری و ڕێکخستن.

پێ.بەرنامە و ئاڵتێرناتیڤی ڕوون بۆ دواڕۆژ و دەورانی تێپەڕین.

تێ.پشتیوانی نێودەوڵەتی.

هەرچەند ناکرێ هەموو ڕابوون و بزووتنەوەیەک وەک شۆرش پێناسە بکرێ و تەنیا ئەو بەشە لە بزووتنەوە شۆڕشگێرانییەکان کە بەردەوام و بەربڵاون و لە ئاکامدا شیمانە دەکرێ بە ئاکامی دڵخواز بگا دەبنە شۆڕش، بەڵام لە کوردستان بەو باسەی کردمان دەکرێ بڵێین، لە کوردستان بە مانای ڕاستەقینە خەڵک شۆڕشی کرد بەو واتایە جارێکی دیکەش بە کردەوە دوای خاکەلیوەی ١٣٥٨ و لەکاتی ڕیفراندۆم “نا”یەکی دیکەی بە گوێچکە و چاوی ڕێبەرانی ئێران هەموو جیهان سریواند.

دوای ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمی ژینا لە گۆڕستانی ئایچی سەقز، شارەکانی کوردستان یەک بە دوای یەک و بە پشتیوانی یەکتر ڕابوون و دواتر هەموو ئێرانیشی گرتەوە و بۆ یەکەم جار لە مێژووی ئێرانی نوێ‌دا درووشم لە ناوەند بۆ پشتیوانی لە کوردستان درا. خاڵی جێی سەرنجی ئەم ڕاپەڕینە بەردەوام بوون و بەربڵاوی خۆپێشاندان و مانگرتنەکان بوو، بەجۆرێک دوای چوار جار داواکردنی حیزبە کوردییەکان(ناوەندی هاوکاری) لە خەڵک بۆ خۆپێشاندان و مانگرتنی دووکان و بازار، هەر چوار جار بە گڕوتینەوە خەڵک بەپیر ئەو بانگەوازانە هات تەنانەت لە زۆر شار مانگرتنەکان هەتا ٤٥ ڕۆژ بەردەوام بوو. لە زۆربەی کوردستان بەتایبەت لە شارەکانی وەک: سەقز، بۆکان، مەهاباد، شنۆ، سنە، جوانڕۆ، دیواندەرە، خانێ، ئاودانان، مەریوان، ورمێ و… زۆرترین ڕادەی بەشداربووی جەماوەری ناڕازی و مانگرتنەکان بەڕێوەچوون. هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەیکە کاریگەری و قورسایی حیزبەکانی کورد جارێکی دیکە دەربکەوێ و ڕێژیم ترسی جددی وێڕابگا، بۆ ڕێگری کردن و پساندنی پردی نێوان خەڵک و حیزبەکانیان، چوار جار بە دڕۆن و مووشەک هێرش کرایە سەر کەمپی پەنابەران و ئەندامانی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستان، تەنانەت سپای پاسداران ئەوەشی نەشاردەوە وبەڕاشکاوی ڕایگەیاند، ئەو هێرشانە بۆ ئەوە کرانە سەر حیزبەکان چوونکە دەستیان لە خۆپێشاندانەکان دا هەبووە و خەڵکیان هان داوە.

خواست و داواکارییەکانی خەڵکی کورد کە لە درووشم و ڕاگەیەندراوی حیزب و کۆمەڵگای مەدەنی وێنا کراوە، میناکی تایبەتمەندیی شۆڕشێکی راستەقینە بوو کە خەریک بوو لە ناوخۆی ئێران دەخوڵقا، حیزبەکان بە ڕوونی خوازیاری سیستەمێکی دێموکراتیک و سکۆلار، ناناوەند بەدان پێدانان بە جۆراوجۆریی ڕەگەزی لە ئێران دابوو. لەلایەکی دیکەشەوە هەبوونی وشیاری سیاسی و ئاستی بەرزی تێگەیشتنی کۆمەڵگای کوردی، خۆبەدوور گرتن لە توندوتیژی و چالاکی بەردەوام بە شێوازی جۆراوجۆر لە خەباتی مەدەنی و سیاسی، وایکرد کە لە چەند شاری کوردستان بینای فەرمانداری وەک هێمای حکومەتی ناوەندی دەستی بەسەر دابگیرێ.

لەسەر ڕێکخستن و ڕێبەری ناڕەزایەتییەکان لە کوردستان دەبێ دان بەوە دابندرێ بەهۆی خەباتی بێ وچان و چالاکی خەڵکی ئازادیخوازی کورد لەماوەی سەد ساڵی رابردوودا و ناسینی سیاسەتەکانی ڕێژیم لە ناوەند هەروەها وشیاری نەتەوەیی لەهەمبەر ماف و حقوقی خۆیان بەهۆی تێکۆشانی حیزبە ڕەسەنەکان بەتایبەت حیزبی دێموکرات، تەشکیلاتی بەرفرە و تەکوزمەند، پلان، ڕاگەیەندراوەکان و بانگەوازی جۆراوجۆر بۆ خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیی مەدەنی لەلایەن حیزبەکانەوە بە شێوەیەکی متمانەپێکراو لەلایەن خەڵک و کۆمەڵگای مەدەنییەوە وڵام درایەوە، ئەو حیزب و ڕێکخراوانە بە کەڵک وەرگرتن لە ماتەوزەی ڕایەڵکە جڤاکییەکان، چالاکییەکانیان لە مێژووی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی هەموو ئێران بەتەواوەتی ئاوارتە و ناوازە بووە. خاڵێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی سەرهەڵدانی شۆڕش و ڕەوتی ڕووداوەکان، هەبوونی بەرنامە و پلانی دیاریکراوە کە بۆ ئەم مەبەستەش حیزبە کوردییەکان بۆ دواڕۆژی ئازادی نەخشەی بەڵگەمەندی خۆیان هەبووە و بەشی هەرە زۆری حیزبەکان لەسەر دەستەڵاتێک کە باوەڕی بە دێموکراسی و سێکۆلاریزم هەبێ ڕێک‌کەوتوون، حیزبە کاریگەرەکان بە ڕوونی داخوازی فێدراڵیزم لە قەوارەی کۆمارییەکی پاڕڵمانی دەکەن. تەنانەت لە دەرەوەی ئەم بازنە ڕوانینە ئەوان(حیزبەکان) ئامادەیی ئەوەیان نیشان داوە کە دەگەڵ هەموو لایەن و ڕەوتێک کە دان بە مافەکانی نەتەوەیی بنێن حازر بە وتووێژن و دەرگایان کراوەیە. لەم نێوەشدا ڕۆڵی کۆمەڵگای دوورە وڵات و خەڵکی نیشتەجێی وڵاتانی ڕۆژئاوایی دەبێ بەرز بنرخێنین، ئەوان بە پشتیوانی خۆیان بە شێوەی خۆپێشاندان، مانگرتن و چالاکی جۆراوجۆر وێڕای پشتیوانی بەشێکل لە وڵاتانی دێموکرات، لەونێکی تەواوی بە شۆڕش لە ناوخۆ دابوو.

ئەوەیکە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەبواری هزری لە کۆمەڵگای ئێران و بەتایبەتی لەنێو چینێکی دیاریی وەک ڕووناک‌بیران و دەستەبژێری کۆمەڵگا، بەنیسبەت ماف و داخوازییەکانی نەتەوەکان ئاڵوگوۆڕی هزری تێدا پێک‌هات و لە کوردستانیش شۆڕشێکی سیاسی_کۆمەڵایەتی دیکە ڕوویدا، شک گومان هەڵناگرێ، بەڵام لە کۆتایی دا ئەو پرسیارەش دێتە گۆڕ، ئەدی ئەگە شۆڕشێکی بەتەواو مانا بوو بۆچی هەتا ئێستا دوای ساڵێک لە سەرتاسەری ئێران بە گشتی سەرنەکەوتووە؟ لە بەرەوەدا بە چەند خاڵ نێرینی خۆم دەردەبڕم:

١.زۆرجار سەرکردەکانی حیزبەکانی کوردستان دانیان بەو خاڵە ناوە کە، ئێمە بە تەنیایی ئێرانمان بۆ ناڕووخێ، ئەگە بۆ میناک خەڵکی کورد بتوانێ چەند شارێکیش لەدەست ڕێژێم بهێنیتە دەر، ئایا دەتوانن هەتا ماوەیەک بیپاڕێزن؟ ئایا هێزە سەرکوتکەرەکانی حکومەتی بە هەموو هێز و چەک و چۆڵێکەوە هێڕشی ناکەنە سەر؟ لە ئاکام دا دەبێ چ کارەساتێکی مرۆیی لە کوردستان ڕوو بدا؟!

٢.فرەنەتەوەیی بوونی ئێران ئەگەرچی دەتوانێ دەرفەت بێ بۆ داهاتووی پێکەوە ژیانی ئازاد و دێموکراتیکانە و ببێتە نمونەیەک بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناڤین، بەڵام نەبوونی یەکێتی و یەکگرتوویی نێوان ئەو هەمووە دەنگ و نەتەوە جیاوازنە دەتوانێ ببێتە هەڕەشەیەک بۆ ئەوەیکە هیچ گۆڕانکاری و ئاڵوگۆڕێک پێک نەیەت، نەبوونی جێگرەوە و ئاڵتێرناتیڤ لەسەر بنەمای لانیکەمەکان و دانی ئادرەسێکی هاوبەش بۆ هەموو گەلانی ئێران، لەو خاڵە نەرێنیانەیە کە هەتا ئیستا نەیتوانیوە خواستی بزووتنەوە دابین بکات.

٣.داخوازی و بەرنامەی سیاسی گەلی کورد زۆر ڕوونە و بەپێی بنەماکانی حقوقی نێونەتەوەیی و مافەکانی مرۆڤی جیهانی باس کراوە و جگە لەمەش هەر بەرنامایەکی دیکە وەک ئەزموونی گەڕانەوە بۆ ڕابردوو یان ئەوەی ئێستا لەسەرکارە بە شتێکی نەگونجاو دەنرخێنن، بەڵام ڕەوتێک بە کوتانی دەهۆڵ و دەنگی هەراوهوڕیا کە تەنیا لە میدیا کڕاوەکان بە پووڵ و پارەی زەبەلاحەوە دەبینرێ و لە شەقامەکان دا خەڵکێکی ئەوتۆ شایەدی بۆ نادا، هاوتەریب دەگەڵ بیرۆکەی پەک خستنی ڕاپەڕین لەلایەن ڕێژیمەوە کاریان بۆ ئەوە کرد کە، خەڵک سارد بکەنەوە و بە خوڵقاندنی کێشە و بێ‌ڕێزی بە کەسایەتییەکان و بەلارێدا بردنی ویست و داخوازییەکانی خەڵک هەروەها شەڕی دەستەڵات و گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، وەک کۆسپ و ئاستەنگێکی دیکەی نەگەیشتنی بزووتنەوەی بە ئاکامیی شۆڕش دەکرێ پێناسە بکەین.

٤.هەوڵی بێ ئامان و بەهەموو هێزەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ترسی ڕووخانی وایکردبوو لە فەزای مەجازی و ڕاستەقینە ئەوەی لە توانای دابێ بۆ ڕێگری کردن لە ویستی خەڵک و تەفرەقە و ئاژاوە کردن لە ناو هێزەکان و گوشار بۆسەر کۆمەڵگای مەدەنی، هێرشی پەیتاپەیتای بۆسەر بزووتنەوەی سیاسی کورد.

٥.سەرکوتی وەحشیانە و کوشتن و گرتن و لێدان لە خەڵکی ناڕازی بە کەلك وەرگرتن لە هەموو شێوازێکی یاساغی جیهانی.

٦.بەرژەوەندی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و مامەلە دەگەڵ سەرانی ڕێژیم و ئیمتیاز پێدان، هەروەها ترس لە ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکە و جیهان، دەکرێ وەک هۆکاری دیکەی هەتا ئێستا سەرنەکوتنی ڕاپەڕین باس بکەین.

ئەگەرچی هەتا ئیستا شۆڕش بە ئەنجامی دڵخواز نەگەیشتووە بەڵام بەردەوام بە شێوازی جۆراوجۆر درێژەی هەیە، هەبوونی کێشە و گرفتی ناوخۆیی لە ئاستی ئێران و قەیرانەکانی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی، گەندەڵی سیستماتیک، گرانی و بێ رێزی بە مافی ژنان، کرێکاران، مناڵان و قەڵشتی کۆمەڵایەتی و دژوازی نێوان نەریتی بیرکردنەوەی دەستەڵاتداران و جیلی نوێ و…هەرکام لەوانە دەتوانێ ببێتە هۆکار بۆ شۆڕشی کۆتایی.

]]>
حکوومەتی دژەژنی کۆماری ئیسلامی و ئاسۆی خەباتی ژنان/ فەریبا ڕەشیدی http://chawnews.com/%d8%ad%da%a9%d9%88%d9%88%d9%85%db%95%d8%aa%db%8c-%d8%af%da%98%db%95%da%98%d9%86%db%8c-%da%a9%db%86%d9%85%d8%a7%d8%b1%db%8c-%d8%a6%db%8c%d8%b3%d9%84%d8%a7%d9%85%db%8c-%d9%88-%d8%a6%d8%a7%d8%b3%db%86/ Tue, 08 Mar 2022 05:51:57 +0000 https://chawnews.com/?p=8054

لە مێژووی چل و سێ ساڵەی حکومەتی ئیسلامی لە ئێران بەتایبەت لەم ساڵانەی دواییدا شاھیدی ئەوە بووین کە ژنان تا ڕادەیەک حزوورێکی سەربەخۆیانەیان لە خەباتی گشتیدا ھەبووە. بەرلەوە لە شۆرشی مەشرووتەوە تا شۆرشی ئیسلامیی ساڵی ١٣٥٧ ژنان لە خەباتی کۆمەڵایەتیدا حزووری کاریگەریان هەبووە بەڵام تا پێش ھاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی بە چەشنێک شوێنکەوتەی دروشمە گشتییەکان بوون و تایبەتمەندیی سەربەخۆیانەیان نەبووە. کەچی لە ڕەشەممەی ١٣٥٧ی هەتاویدا لە یەکەمین ٨ی مارسی دوای ھاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا، ژنان بە ناڕەزایەتی‌دەربڕین بەرانبەر بە حیجابی زۆرە ملێ، بزووتنەوەیەکی سەربەخۆیان لە پانتاییەکی جەماوەریدا وەڕێ‌خست.

بە درێژایی ئەو ٤٣ ساڵە ژنانی ئێران لەژێر کاریگەریی سێ ڕەوتدا بە چەشنێک لە تێگەیشتنی ڕەگەزی گەیشتوون؛

ھۆکاری یەکەم، خودی حاکمییەتی کۆماری ئیسلامی کە دژەژن‌بوون لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئەو حکوومەتەیە، بۆتە ھۆی ئەوەی کە تێگەیشتنی ڕەگەزی لەنێو ژناندا پەرە بستێنێ.

ھۆکاری دووهەم، ئەزموونی خەباتی گشتی و خودی شۆڕشە کە ژنان وەک بەشێک لە بزووتنەوەی گشتی تێیدا بەشدار بوون. ئەو ئەزموونە بەو دەرەنجامەی گەیاندن کە پێویستە داخوازیگەلێکی تایبەت نەتەنیا لە بەرانبەر حکومەتدا بەڵکوو لە بەرانبەر ڕەوتە سیاسییەکانی دیکەشدا بەرز بکەنەوە و لە چەشنێک لە سەربەخۆیی‌خوازی و گوتارێکی ژنانە بدوێن.

ھۆکاری سێیەم، ڕەوتی بەجیهانیبوونە کە لە ڕێی ڕاگەیاندنەکان، ھاتوچۆ و کۆچی بژاردەی سیاسیی ئەحزابی ئۆپۆزیسیۆنەوە بۆتە ھۆی ئەوەی کە ژنانی کوردستان و ئێران ئاگاداری دوایین دەسکەوت و پێشکەوتنەکانی ژنان لە جیهاندا بن.

کۆی ئەو سێ ھۆکارە ئاستی تێگەیشتنی ژنانی لە کۆمەڵگەدا بە ڕادەیەکی بەرچاو بەرز کردۆتەوە و ئەم بابەتە کاریگەرییەکی بەرینی بەسەر ئاڵوگۆڕەکاندا چ لە سەردەمی چاکسازی و چ لە بزووتنەوەی سەوزدا دانا.

لە سەردەمی ئیسلاحات‌دا، لاوان و بەتایبەت ژنان دەورێکی سەرەکییان لە بە دەسەڵات گەیشتنی خاتەمی و پاشەکشەی بناژۆخوازەکاندا ھەبوو. کەچی دواتر دەرکەوت کە بەرەی چاکسازییش وەک ھێزی ڕەشایی کەڵکیان لە ژنان وەرگرتوە. تەنانەت بۆ بەشێکیان باسکردن لە داخوازییەکانی ژنان ھێڵی سوور بوو و حەزیان بە بەرجەستەکردنی دروشم و بۆڵدکردنی مافەکانی ژنان نەدەکرد.

ئەم دۆخە بەشێکی زۆر لە ژنانی تا ڕادەیەک لە ئیسلاح‌تەڵەبەکان نائومێد کرد، بە چەشنێک کە ئەو کۆمەڵە لە سیاسەتمەدارانیش بە دروشمی «لەپێشدا چاکسازی و پاشان مافی ژنان» مافەکانی ئەوانیان پشتگوێ خست. ئەوەش وای کرد کە لە کۆتاییدا چالاکییەکانی ژنان زیاتر بە لای بزووتنەوەی مەدەنی و نافەرمانیی مەدەنیدا بشکێتەوە. کەمپەینی یەک میلیۆن ئیمزا و بزاڤی دژی بەردەباران (سنگسار)، ئێعدام و مافی منداڵان لەو چالاکییانە بوون کە ژنان دەورێکی بەرچاویان تێیدا ھەبوو. پێکهێنانی ئەو جۆرە چالاکییانە دەرخەری ڕوانگەی کردەیی ژنان بەرەو بەستێنی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەربەخۆبوونیان لە پرۆژە سیاسییەکان بووە.

 

یەکسانیی ژن و پیاو لەگرەوی جیایی دین لە سیاست دایە

بۆ خەمڵاندنی ھۆکارەکانی دژەژن‌بوونی کۆماری ئیسلامی پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگرین کە بەدرێژایی مێژوو چ لە ئیران و چ لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەییدا، ئایین بەھۆی پێکهاتە باوکسالارانەکەیەوە ھەمیشە تایبەتمەندییەکی دژەژنی هەبووە و لەسەر بنەمای ھەڵاواردن بەدژی ژنان دامەزراوە.

جیایی دین لە دەوڵەت، واتە یەکسان‌بوونی مرۆڤ لە بەرانبەر یاسادا و پێویستە دەوڵەتان لە بەرانبەر مرۆڤدا بەگشتی بەبێ لەبەرچاو گرتنی بەسراوەیی ڕەگەزی، نەتەوەیی یا ئایینی ڕەفتارێکی ھاوچەشنیان ھەبێ.

لە ھەلومەرجی ئێستادا پێویستە کە بزووتنەوەی ژنان نەتەنیا بە دروشمی نەمانی ھەڵاواردن بەدژی ژنان، بەڵکوو بە دروشمی نەمانی ھەموو یاساکانی ھەڵاواردن و دژە ژنی یاسای گشتی (وەک نەمانی حیجابی ئیسلامی) و لە بنەڕەتدا گۆڕینی یاسای گشتیی وڵات بێتە مەیدان.

ھەموو بیرۆکە دواکەوتووەکانی ئەو ڕێژیمە لە دژی ژنان لە یاسای حاکمییەتدا ھەیە. دژە‌ژن‌بوون لە ھەموو کەلێن و کەلەبەری یاساکانی کۆماری ئیسلامیدا بەرچاو دەکەوێ.

 

یاسای مەدەنیی ڕێژیم ژن وەک بەردەی پیاو پێناسە دەکا

بەگوێرەی مادەی ١٢١٠ تەمەنی بلووغ بۆ کچان ٩ ساڵی مانگی و بۆ کوڕان ١٥ ساڵە. ھەروەھا مادەی ١٠٤١ بە ڕەزامەندیی وەلی (سەرپەرست) ڕێگەی بە شووکردنی کچانی ژێر ١٣ ساڵ داوە.

مادەی ١١١٧ دەڵێ: ئەگەر کار یا پیشەی ژنێک دژایەتیی لەگەڵ بەرژەوەندیی خێزانیدا ھەبوو یا کەرامەتی ژن یا پیاوەکەی پێشێل کرد، پیاو دەتوانێ پێش بە ژنەکەی بگرێ. هەروەها مادەی ١١١٤ ژن ئەرکدار دەکا کە لە ماڵێکدا کە پیاوەکەی بۆی دیاری دەکا بژی.

سەرەڕای ئەوەیکە بەگوێرەی مادەی ١١٣٠ ژمارە ٤ ژن دەتوانێ داوای جیابوونەوە لە مێردەکەی بکا، کە لێی دەدا بەڵام لە کرداردا ھیچ بەدواداچوونێکی یاسایی بۆ ناکرێ. حکومەت بە پاساوی «ڕەچاوکردنی ھێڵە ئیسلامییەکان» بە سانایی چاوی لە بەرانبەر چەند یاسایەکی بەرگری لە ژن داخستوە.

بەگوێرەی مادەی ٨٦٠ جیا لە باوک و باپیر کەس بۆی نییە سەرپەرست بۆ ھەتیو دیاری بکا. (واتە دایک ئەو مافەی نییە). بە گوێرەی مادەی ٩٠٧ی یاسای مەدەنی لە پەیوەندی لەگەڵ میرات و بەشەماڵدا، کوڕ دووھێندەی کچی وەبەر دەکەوێ. بە گوێرەی مادەی ١٠٦٠ ئەگەر ژنێکی ئێرانی بیەوێ لەگەڵ کەسێکی بیانیدا ژیانی هاوبەش پێک بێنێ، تەنانەت ئەگەر بەربەستێکی یاساییش لە ئارادا نەبێ، کەچی پێویستە لە لایەن حکومەتەوە ڕێگەپێدراو بێ و ئیزنی بدرێتی.

بەگوێرەی مادەی ١١٦٩ی یاسای مەدەنی، لە ئەگەری جیابوونەوەی ژن و مێرددا، مافی سەرپەرستیی کوڕی گەورەتر لە ٢ سال و کچی گەورەتر لە ٧ ساڵ بە باوک دەدرێ. هەر بەگوێرەی یاسای حکوومەتی، شایەتیدانی ژنێک لە دادگای یاساییدا بە نیوەی شایەتیدانی پیاوێک دەخەمڵێندرێ.

مادەی ٣٠١ی یاسای سزا، ڕاشکاوانە ڕێگە بە کوشتنی ژن و کچ لە لایەن باوک و باوانەوە دەدا و بەگوێرەی مادەی ٥٥٠ دییە (خوێنایی)ـی ژن نیوەی دییەی پیاوە. بەم پێیە ھەرکات ژنێکی موسوڵمان بەئەنقەست بکوژرێ، ئەگەر بکوژەکە موسوڵمان بێ، پێویستە بنەماڵەی کوژراوەکە بەر لە بەڕێوەچوونی حوکمی ئێعدام (قصاص)ی بکوژ نیوەی دییەیەکی تەواوی پێ بدەن. ھەروەھا ئەگەر ژنێک منداڵێکی کوڕی لە زگدا بێ و بکوژرێ، دییەی منداڵەکە دوو ھێندەی دایکەکەیەتی.

بەگوێرەی یاساکانی ڕێژیمی ئاخوندی، ژنان بۆیان نییە ببن بە سەرۆک کۆمار و دادوەر. یاسای گشتیی وڵاتی ئێتران، سەرۆکایەتیی کۆمار تەنیا بە مافی پیاوانی ئایینی و سیاسی دەزانێ.

ئەمانە چەند نموونەیەک لە یاسای مەدەنیی ئێران بوون کە پێمان دەڵێن هەتا بناغەی یاساکان پشت بە دەقە ئایینییەکان ببەستن، گۆڕانکارییەک لە دۆخی یاسایی ژنان و لە بەرژەوەندیی ئەوان و بزاوتی یەکسانیخوازیدا پێک نایە. ھەر بۆیەش ژنان نابێ بێدەنگ بن و کۆڵ بدەن و خەباتی ژنان تا دەستەبەربوونی ئازادی و دێموکراسی دەبێ ھەر درێژەی هەبێ.

دژە‌ژن‌بوون دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە کە تێیدا ژن وەبەر ھەڵاواردن و نەفرەت دەکەوێ و متمانەی پێ ناکرێ. ھەر ئەوەشە کە مافی دادوەریی لە دادگاکاندا لە ژنان ئەستاندۆتەوە. لە ڕوانگەی مافناسان و کارناسانی دژبەر، یاساکانی کۆماری ئیسلامی بە یەکێک لە توندئاژۆترین یاساکان لە ھەمبەر ژنان لە ئاستی جیهانیدا دادەنرێ.

]]>
ڕێکخراوه‌کانی کۆمەڵگەی مه‌ده‌نی/ شاروخ حەسەن زادە http://chawnews.com/%da%95%db%8e%da%a9%d8%ae%d8%b1%d8%a7%d9%88%d9%87%e2%80%8c%da%a9%d8%a7%d9%86%db%8c-%da%a9%db%86%d9%85%db%95%da%b5%da%af%db%95%db%8c-%d9%85%d9%87%e2%80%8c%d8%af%d9%87%e2%80%8c%d9%86%db%8c-%d8%b4%d8%a7/ Sat, 05 Feb 2022 06:12:09 +0000 https://chawnews.com/?p=7938 پرۆسەی گۆڕان لە کۆمەڵگەیەکی داخراو بۆ کۆمەڵگەیەکی مەدەنیی کراوەی پێشکەوتووخواز به‌ هه‌موو پێوه‌ر و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی، لە چەندین بواردا پێویستیی بە گۆڕانکاری و ھەوڵی جددی ھەیە که‌ ئێمه‌ ده‌توانین ئاماژه‌ به‌و چه‌ند خاڵە‌ بکه‌ین:

١– هه‌بوونی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی: بۆ ئەم مەبەستە دەبێ چەندین ڕێکخراوی جۆراوجۆر لە کاری بەردەوام و جدیدا بن بۆ دەست‌پێکردن بە پرۆسەی گۆڕانی کۆمەڵگە و کاری ئەم ڕێکخراوانەش بریتی دەبێ لە وشیارکردنەوەی ھاووڵاتییان لەسەر ئەو بابەتانەی کە پێویستیی بە گۆڕان ھەیە، وەک گۆڕان لە بەشە کۆن و چەقبەستووەکانی داب و نەریتی کۆمەڵگە. هه‌روه‌ها دەبێ ئەم ڕێکخراوانە کارێک بکەن کە لە ڕووی ھزرییەوە هەتا ڕادەیەک نەوەکانی پێشوو ئامادە بکەن بۆ گۆڕینێکی مەبەستدار بۆ ئەوەی کاتی دەست‌پێکردن بە پڕۆسەی گۆڕان گرفتی چاوەڕواننەکراو نەیەتە بەردەم پرۆسەکە.

٢– بواری سیستەمی سیاسی: لە بواری سیستەمی سیاسیدا دەبێ وڵات لە سیستەمێکی دیکتاتۆریی بەرژەوەندیخوازەوە بگۆڕدرێ بۆ دەسەڵاتێکی دێموکراتی ھەڵبژێردراو کە بەرژەوەندیی وڵات لە سەرووی ھەموو جۆرە بەرژەوەندییەک دابنێ و گۆڕان لە ڕادەست‌کردنی دەسەڵاتەکان بە شێوەیەکی دێموکراتیکی بێت بەدور لە ھەر کارێکی پڕ له‌ توندوتیژی.

٣– جێگیرکردنی ئاشتی و ئاسایش و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی: بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و ئاشتی و ئازادیی کۆمەڵایەتی کاری سیستەمی سیاسی و سەربازی لە سەرکوتکردن و پەراوێزخستنی دەنگە ئازادیخوازەکان دەگۆڕدرێ بۆ دابینکردنی ئازادی و دادپەروەری و سەربەخۆیی دادگاکان و پاراستنی وڵات لە دەستدرێژیی دەرەکی. واتە ھێزی سەربازی تەنیا بۆ بەرگری و بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژیی دەرەکی بەکار دێ، نەک لە دژی ھاووڵاتییانی نێوخۆ و، ھێز لەژێر دەستی یاسادایە و ملکەچیی بۆ ھیچ لایەنێکی سیاسی نییە.

٤– بواری ئابووری و پیشەسازی: دەبێ سیستەمی سیاسی گەشە بە ئابووریی وڵات و گرنگی بە بازرگانی نێوخۆ و ھەوڵی دروست‌کردنی بازرگانیی دەرەکی بدا و تەنیا بازرگانیی نێوخۆیی بوونی نەبێت. ھەروەھا دەبێ لایەنی پیشەسازی بەرەو پێشەوە بەرێ و گرینگیی تەواوی پێ بدا و ھەروەھا دابین‌کردنی بازاڕی ئازاد بەشێوەیەک کە چاودێری تەواو بکرێ لەسەر ئەم بازاڕە.

٥–گۆڕان لە ڕۆڵی ئاییندا: ئایین وەک ئەوەی سەرچاوەی سەرەکیی دانانی یاسا و ڕێساکان و نەخشەی سیاسیی وڵات بێت و ئەو بەرژەوەندییەکانی وڵات دیاری بکا؛ دەگۆڕێ بۆ سیستەمێکی خواپەرستی و دوور دەکەوێتەوە لە گەمەی سیاسەت و سیاسەتمەداران. کەواتە لە کۆمەڵگەی مەدەنیدا ئایین ڕۆڵێکی ئەوتۆی نییە ئەگەر بەراورد بکرێ بە کۆمەڵگەیەکی داخراو.

٦–گۆڕان لە بیرکردنەوە و ئەرکی تاکەکانی کۆمەڵگە: تاک لە تاکێکی کۆنەپەرستی نه‌ریتی باوەڕدار بە ئەفسانە و بیرە کۆنەکانەوە دەگۆڕێ بۆ کەسی نوێخوازی لێهاتووی ئەوتۆ کە بتوانێ لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەمەکەی خۆی بگونجی. بۆ ئەوەی تووشی دابڕان نەبێ لە ڕەوڕەوەی سەردەمەکەی و تاک لە کەسێکی پشتبەستوو بە قەزا و قەدەرەوە دەگۆڕێ بۆ کەسێک کە پلانی ھەبێ بۆ داھاتووی خۆی و ئەرک و مافەکانی خۆیشی دەزانێت.

٧–گۆڕان لە سیستەمی کۆمەڵایەتیدا: لە کۆمەڵگەی داخراودا ھەستی ناوچەگەرێتی و خزمایەتی زۆر بەھێزترە لە ھەستی نەتەوەیی و نیشتمانی. بۆیە دەبێ ئەم ھەستە بگۆڕدرێ بۆ دڵسۆزی و خۆشەویستی بۆ نیشتمان و مرۆڤایەتی و، دەبێ کار بکرێ بۆ کەمکردنەوە یان نەھێشتنی دەمارگرژیی ئایینی، چینایەتی، کۆمەڵایەتی و سیاسی(١).

 

ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مه‌ده‌نی (ڕێکام):

مرۆڤ بوونەوەرەکی کۆمەڵایەتییە و بەشی هەرەزۆری ژیانی مرۆڤ بۆ پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان تەرخان دەکرێ، لە کۆمەڵگەکانی ئەمڕۆی مرۆڤایەتیدا بەشی هەرەزۆری خەڵک سەر بە ڕێکخراوێک، ڕەوتێک یان بیرۆکەیەکی دیاریکراون.

له‌ پێناسه‌ی ڕێکخراوه‌کانی کۆمەڵگەی مەدەنی (ڕێکام) ده‌گوترێ که‌ ئه‌م دامه‌زراوانه‌ ڕاستەوخۆ بەشێک نین لە چوارچێوەی سیستمی دەوڵەت بەڵام ڕۆڵێکی گرینگیان هەیە لەنێوان کۆمەڵگە و دەستەڵاتداران. وەک چۆن “هێگڵ” دەڵێ پردی پێوەندیی نێوان بنەماڵە و کۆمەڵگەی سیاسی، کۆمەڵگەی مەدەنییە، لێرەشدا پردی نێوان کۆمەڵگە و دەوڵەت ڕێکخراوە مەدەنیه‌کانن.

بناخەی سەرەکیی چالاکی و کارکردن لە ڕێکخراوەکاندا ئەوەیە کە دەبێ سەربەخۆ بن و سەر بە دەوڵەتەکان نەبن، چوونکە ئەگەر سەر بە حکوماتەکان بن ئەوە ئیتر ڕێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی سەربەخۆ نین و ده‌بنه‌ (GONGO) ڕێکخراوگه‌لی دەوڵەتی، لە بەرامبەر NGO یا “governmental Organization Non” کە لە ئه‌ده‌بیاتی ئێران پێی دەگوترێ “سمن” یا “سازمانهای مردم نهاد”. لە کوردیدا وەک ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی (ڕێکام) یا ڕێکخراوی ناحکومی باسی ده‌کرێ.

پشتیوانی و هاوکاریی حکومات لەو ڕێکخراوانە ئەرکێکی ئەخلاقییە، بەڵام دەبێ ڕێکخراوەکان زۆر وشیار بن لە چۆنیەتیی هەڵسوکەوتیان دەگەڵ لایەنی په‌یوه‌ندیداری حکومه‌تی، مەبادا بکەونە ژێر چەتری دەوڵەت و سەربەخۆیی خۆیان لە دەست بدەن؛ چونکە بەمجۆرە نابنە ڕێکخراوێکی سەربەخۆی مەدەنی و سڤیل. هەڵبەت لەنێو وڵاتان بەتایبەتی لە وڵاتانی دیکتاتۆردا کە ڕێکخراوی جۆربەجۆر بەڕواڵەت سەربەخۆ دروست دەکەن و لە ژێرەوە خەت و بەرنامەیان دەدەنێ یا دەنا ڕێکخراو بە دانی ئیمتیازی جۆراوجۆر دەکرێنەوە! کە ئەمانە ناکەونە خانەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی سەربەخۆ. هه‌ربۆیه‌ هەموو ئەو ئاریشە و گرفتانەی بەردەم کۆمەڵگە بۆتە هۆکاری ئەوەی کە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی (ڕێکام) ڕۆژبەڕۆژ پەرەیان پێ بدرێ و گەشەی بەربڵاوی چالاکییەکانیان زیاتر هەست پێ بکردرێ یان پڕبایەختر بن.

بۆچوونی د. ئازاد گه‌لێک سەرنجڕاکێش و وردە‌. ئه‌و پێی وایه‌، ھەریەک لە کۆمەڵ و ڕێکخراوە خۆبەخشە ئازادەکان واتا ئەوانەی لە لایەن سیستەمی سیاسی ھەر دەسەڵاتێکەوە ھان نادرێن تا دەست بخەنە نێو کاروباری ھاووڵاتیانەوە و ھەوڵی پێشخستنی سەرجەم بوارەکانی ژیانی خەڵک و کۆمەڵگەکەیان دەدەن. بەمەبەستی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتووی ھاوچەرخ، کە ڕێز لە سەرجەم تاکەکان و توێژەکانی کۆمەڵ بگرێ، ئەرکەکانیان بۆ دیاری بکا و مافەکانیان بپارێزێ. بە واتایەکی‌تر سەرجەم ئەو کۆمەڵه‌ ھەرەوەزی، پیشەیی، سیاسی، ڕێکخراوەیی، زانستی، وێژەیی، یانە وەرزشی و کۆمەڵایەتی ڕۆشنبیریانەی لەھەر یەکێک لە کۆمەڵگەکاندا بوونی ھەیە و ئاگادار و شارەزای ئەرک و ماف و توانا و کار و ئامانجەکانیانن. ھەروەھا لە شوێن خۆیانەوە ھەوڵی چەسپاندنی یاسا و بەدیهێنانی ئامانجەکانیان دەدەن. ئەو بۆشاییەش پڕ دەکەنەوە کە لەنێوان خێزان و دەوڵەتدا دروست بووە، بەڵام ئەمانە جیاوازتر لە ئەندامەکانی ھەر خێزانێک، کە وابەستەی داب و نەریت و کولتوور و ڕێسای خۆیانن و ڕابردوویانن، یان سیستەمی سیاسیی دەوڵەت یان وابەستەی کۆمەڵێک بەرنامە و یاسای تایبەت بە خۆیەتی و خۆی لێ لانادات، کار و ھەوڵەکانیان دەخەنە گەڕ بەڕادەیەک لە پێناو بەرژه‌وه‌ندیی ھەموو توێژەکانی کۆمەڵدا، ئامادەن زۆر سنوور ببەزێنن و تازەگەری بهێننە ئاراوە. بەمەش کۆمەڵگەیەک دادەمەزرێ کە ئازادی و بەختەوەری و ڕێزگرتن لە یەکتری و دابینکردنی ماف بۆ ھەمووانی تێدا بەرجەستە دەبێ.

ئەم کۆمەڵگەیە لەسەر سێ بنەمای سەرەکی دامەزراوە، کە دەکرێ لێرەدا بە کورتی ئاماژەیان پێ بکەین:

١- ئیرادەی تاکەکانی کۆمەڵگە: مەبەست لەو ئیرادەیەیە کە ھەر یەک لە تاکەکانی کۆمەڵگە لە بەرەوپێشچوونی ڕەوتی کۆمەڵگەکە بڕیاری لەسەر ئەدەن و کاری بۆ ئەکەن. ئەم ئیرادەیە لای ھەر تاکێکی کۆمەڵگە جیاوازە لە خزمایەتی و کەسایەتی و ھۆزایەتی لە لایەک و ڕەگەزنامەی خۆیی لە لایەکی تر، چونکە ھەر تاکێک لە کۆمەڵگە بە ھۆی لەدایک‌بوونی لە خێزانێکدا بۆتە ئەندامی ئەو خێزانە و بنەماڵە و ھۆزەکەی. لە کاتێکیشدا بووەتە ئەو ئەندامە کە نە پرسی پێ کراوە و نە توانای بووە خۆی لێ لابدا. ھەروەھا وەک خەڵکی ناوچە یان وڵاتێک ئەندامیەتی بەسەردا بڕاوە بە ویستی خۆی نەبووە، بەڵکو بەپێی لەدایکبوون و پەروەردەبوون و گەورەبوونی لەو وڵاتەدا ئەو ڕەگەزنامەیەی پێدراوە و وەک خەڵکی ئەو ناوچەیە یان ئەو ھەرێمە ناسراوە یان ئەو وڵاتە ناسراوە. بۆ نمونە لەوانەیە زۆربەمان بە ویستی خۆمان نەبووبین بە ئێرانی و حەزمان پێ نەکردبێ، بەڵام بارودۆخی پەروەردەبوون و ژیانی ئێمە لە ئێران ئەو بڕیارەی بەسەر دابین. لە کاتێکدا خۆمان کورد بووین، بەڵام وەک ئێرانی ناسراوین.

٢- ڕێکخستن و کاری ھاوبەش: مەبەست لە کاری ڕێکخستنی ڕێکوپێک و شیاوی ھەر کۆمەڵە و یانە و ڕێکخراو و پارتێکە، کە لەلایەن ئەندامەکانیەوە بە گیانی لێپرسینەوە و دڵسۆزی بۆ بەھێزبوون و گەشەکردنی ڕێکخراوەکەیان ھاوکاری و یارمەتیی یەکتر بدەن. دوای ئەوەش گیانی ھاوکاری لەگەڵ ڕێکخراو و کۆمەڵ و یانە و پارتەکانی تردا دەگۆڕنەوە و بە ھەموویان بە گیانێکی ھاوبەش خەبات دەکەن، کە بنیاتنانی کۆمەڵگەی مەدەنییە، چونکە ھەر یەکێک لە ئەندامانی ھەر ڕێکخراوێک بە ویستی خۆیان بوونە ئەندام و بڕیاری ئەوەیان داوە ھەموو تواناکانیان بۆ گەشەکردن و خزمەتی ڕێکخراوەکەیان بخەنە کار. بۆیە چاوەڕوانی گەشە و پێشکەوتنی لەو جۆرەیان لێ دەکرێ. ھەروەھا لە ھەر کۆمەڵگەیەکدا چەندە ڕێکخراو و یانە و پارت و کۆمەڵەکان زیاتر و چوست و چالاک بن ئەوەندە کۆمەڵگەی مەدەنی بەھێز و کاریگەرە.

٣– یه‌کتر قبوڵکردنی ھەموو ئەندامانی کۆمەڵگە: مەبەست لەوەیە کە ھیچ کۆمەڵگەیەک نابیتە مەدەنی ھەتا ئەوەی ڕێکخراوی بەرانبەری قبوڵ نەکات و ھاوکاری نەکا و ڕێزی لێ نەگرێ. دیارە ئەگەر ھەموو ئەندامانی ھەر ڕێکخراوە و کۆمەڵێک یەکتریان قبوڵ کرد و ھاوکاریی یەکتریان کرد؛ پاشان کاری ئەندامانی ئەم ڕێکخراوە بۆ یارمەتیدان و ھاوکاریکردن و پێشکەوتنی ڕێکخراوەکانی تر بوو، ئەوا بناغەی بەدیهاتنی کۆمەڵی مەدەنی بەھێز و پتەو و ئایندەیەکی گەش و درێژخایەنی دەبێ. بەکورتی کۆمەڵی مەدەنی لە ئەنجامی چەندین کادری کارای جۆراوجۆر لە توانا و بەرنامە و بیرکردنەوەی ھاوچەرخ و ڕەگەزی جیاواز دادەمەزریت. ئەوەش دوای ئەوەی ھەستی خێزان و تایەفەگەری و ھۆزایەتی و ناوچەیی و ئایینی بۆ ھەستی خزمەتکردن و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی فرەیی ئەگۆڕێت. باشتریشە ھەوڵەکانی ئەندامانی ئەو کۆمەڵە ڕێکخراوانە بە قەناعەت و باوەڕی خۆیان بێت. نەوەک لە بەرانبەر ماددە و خزمایەتی و تێرکردنی ئارەزووەکانی خودی و ئەندامەکان بێت یان لاسایی و چاولێکەری کۆمەڵگەکانی دەوروبەر و جیهان بێت”(٢).

***

 

سەرچاوەکان:

١- ئازاد ئەنوەر، د. کەیوان، کورد و کۆمەڵی مەدەنی، چاپی دووەم سلێمانی خانەی چاپ و بڵاو کردنەوەی چوارچرا  ٢٠٠٤.

٢- هەمان سەرچاوەی پێشوو

]]>
مافی مرۆڤ، دادگای تاوان و جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی/ڕەحمان سەلیمی http://chawnews.com/%d9%85%d8%a7%d9%81%db%8c-%d9%85%d8%b1%db%86%da%a4%d8%8c-%d8%af%d8%a7%d8%af%da%af%d8%a7%db%8c-%d8%aa%d8%a7%d9%88%d8%a7%d9%86-%d9%88-%d8%ac%db%8c%d9%86%d8%a7%db%8c%db%95%d8%aa%db%95%da%a9%d8%a7%d9%86/ Thu, 27 Jan 2022 06:39:36 +0000 https://chawnews.com/?p=7888 کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤٣ ساڵی ڕابردوودا بە هەموو شێوەکان هەوڵی داوە بۆ پاراستنی ئه‌و نیزامه‌ سیاسییه‌ی کە لە ڕۆژی هاتنه‌سه‌ر كارییه‌وه‌ بەسەر خەڵکیدا سەپاندووە لە هەموو ڕێگایەک کەلک وەرگرێ و له‌و پێناوه‌دا تاوانی زۆر جۆراوجۆڕی ئه‌نجام داوه‌. هەموومان ئه‌وه‌ دەزانین، بەڵام کێشە سەرەکییەکە ڕەنگە ئەوە بێ لە لاپەرەکانی مێژووی ٤٣ ساڵەی ئه‌و ڕێژیمه‌دا تۆزێکی زۆریان لەسەر نیشتووە و پێویستییان به‌ تۆزتەکاندنێکی باش هه‌یه‌. ئەو دادگایانە کە له‌و ماوه‌یه‌دا به‌ڕێوه‌ چوون، هەوڵێکی باشن بۆ هەڵدانەوەی بەشێک لەو تاوانانه‌.

پێویسته‌ نوکتەیەک ڕوون بکەمەوە، کاتێک کە باسی تاوان دەکەین و ئه‌و تاوانانه‌ی کۆماری ئیسلامی کە لێرە مەبەستمانە، تاوانی گەورەیە واتە تاوانی نێودەوڵەتییە. تاوانی نێودەوڵەتی بەو مانایە تاوانێکە لە ئەساسنامەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی باس کراوە. سێ تاوان بە تاوانی نێودەوڵەتی داده‌ندرێن، كه‌ بریتین له‌ ژینۆساید، تاوانی دژە مرۆیی، تاوانی جەنگ. لەڕاستیدا باسەکەی ئێمە لەسەر ئەو سێ تاوانه‌یە کە گرینگێکی نێودەوڵەتییان هەیە و ویژدانی مرۆڤایەتی ئازار دەدەن. سیستەمی قەزایی نێوده‌وڵه‌تی له‌ ئێستادا، بە حه‌ساسییەتەوە چاو لەو مه‌سه‌له‌یه‌ دەکا و کۆمەڵێک ڕێکار و میکانزمی نوێی داناوە بۆ ئەوەی کە پێش بگرێ لە هەڵاتنی ئەو تاوانبارانه‌ و سزادانیان.

باوترین و به‌ربڵاوترین ڕێگا بۆ بە دواداچوونی تاوان و سزادانی تاوانباران، ئەو دادگایانەیە کە لە وڵاتەکان‌دان. لە قۆناغی یەکەمدا سەڵاحییەتی دادگا و سەڵاحییەتی ئەو وڵاتانەیە کە تاوانەکه‌یان تێدا ئەنجام دەدرێ ئه‌و ئه‌ركه‌ وه‌ئه‌ستۆ بگرن. بەڵام ئاشكرایه‌ لە چوارچێوه‌ی کۆماری ئیسلامیدا هیچ ئومێدێک بەوە نییە كه‌ بتواندرێ لە نێوخۆی ئێراندا تاوانباران بەدواداچوونی قەزاییان بۆ بکرێ.

بۆیە سیسته‌می دادخوازیی نێوده‌وڵه‌تی، به‌ره‌و ئه‌وه‌ ڕۆیشتووه‌ كه‌ چۆن دەكرێ ئەو تاوانبارانە بخرێنە بەردەم دادگایەکی بێلایه‌ن كه‌ هه‌م سه‌ڵاحییه‌تی مه‌حكووم‌كردنی تاوانبارانی هه‌بێ، و هەم بە جۆرێک گوشار بێنێ بۆ ڕای گشتی و هه‌روه‌ها بۆ نیزامە سیاسییەکان لە داهاتوودا خۆ ببوێرن یا خۆبپارێزن لە ئەنجام‌دانی ئەو تاوانانە.

لێره‌دا پرسیار جه‌وهه‌رییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ میكانیزم یان میكانیزمه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تاوانی نێوده‌وڵه‌تی كامانه‌ن؟

فەلسەفەی نوێی قەزایی لە جیهاندا و ئەو ئاراستەیه‌ی کە سیستەمی قەزایی لە جیهاندا گرتوویه‌تیه ‌به‌ر، ئەوەیە کە تاوانبارانی نێودەوڵەتی نابێ بە هیچ شێوەیەک لە سزادان قوتار بن. یەكێک لە گرینگترین ئەو میکانیزمانە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، كه‌ به‌شێك لە وڵاتانی پێشکەوتوو كاری پێ دەکه‌ن، سەڵاحییەت بەخشین بە دادگاکانی نێوخۆی وڵاتانە بۆ ئەوەی کە ئەو تاوانانەی پێشتر لە سەڵاحییەتی دادگای وڵاتەکاندا نەبوون، سەڵاحییەتیان پێ بدرێ بە دواداچوون بۆ ئەو تاوانانە بکەن.

دەزانین دادگای قەزایی وڵاتان، بۆی هەیە له‌ سێ حاڵه‌تدا بەرەوڕووی تاوانبار و تاوان ببێتەوە:

– تاوانبار هاووڵاتیی وڵاتەکە بێ.

– تاوانبار لەو وڵاتە تاوانەکە ئەنجام بدا.

– تاوانبار خەڵکی وڵاتەکە نییە و لە وڵاتەکەش تاوانه‌كه‌ ئەنجام نادا، بەڵام تاوانەکەی ڕاستەوخۆ بەرژەوەندیی وڵاتەکە دەخاتە مەترسییەوە.

ئەوە سێ حاڵەتە سەڵاحییەتی زۆربەی دادگاکانی جیهانه‌. لە چەند دەیەی ڕابردوودا لە هێندێک ولاتانی پێشکەوتوو باسێکی دیکە هاتۆتە گۆڕێ كه‌ بەتایبەت بۆ ئێمە زۆر گرینگە. ئه‌ویش بریتیه‌ له‌ سەڵاحییەتی جیهانی قەزایی. واته‌ كاتێك تاوانێك هیچ كام له‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی تێدا نه‌بێ كه‌ ئاماژه‌یان پێكرا،  دادگای نیشتمانی ئەو سەڵاحییەته‌ به‌ خۆی ده‌به‌خشێ بەدواداچوونییان بۆ بکا و تاوانباران سزا بدا و بێگومان حوكمه‌كه‌ش “لازم الاجرایە”.

دیاره‌ واقعیه‌تێك هه‌یه‌ نابێ لەبیر بکرێ، پێوەندی نێودەوڵەتی یان بەرژەوەندی وڵاتان زۆر جار لەمپەرە لەبەر دەم بەدواداچوونی تاوانبارانی وڵاتانی دیکە. بۆیە مەسەلەی زاڵبوونی بەرژەوەندیی وڵاتان و پێوەندی نێودەوڵه‌تی بەسەر یاسا نێودەوڵەتییه‌کاندا، واقعیه‌تێکە کە تا ڕادەیەکی زۆر لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا پشتی پێ دەبه‌سترێ و دەبێتە هۆی ونبوونی حەقییقەت، دەبێتە هۆی ئەوەی کە تاوانباران زۆر جار ڕزگارییان بێ له‌ سزادان.

دوو پرسی گرینگ لە ماوەی ڕابردوودا هاتۆتە گۆڕێ، هەر دوو بابەت گرینگن بۆ بزووتنەوەی ئازادیخوازیی ئێران بە گشتی، بۆ بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کوردیش گرینگێکی تایبەتییان هەیە. یەکه‌میان مەسەلەی دادگای خەڵکیی قوربانیانی خەزەڵوەر بوو. دادگای خەڵکی یان ئەوەی پێی دەڵێن تریبووناڵ، هەر لە ناوەکه‌ی ڕا دیارە زیاتر تریبوونە، تریبوونێکە بۆ ورووژاندنی ڕای گشتی، بۆ ئەوەی کە فشار بخەنە سەر وڵاتان، فشار بێنن بۆ ناوەندە دەسەڵاتبەدەستەکان، بۆ ئەوەی تاونباران نەتوانن لە یاسا ڕابکەن. ئەو دادگایە هەرچەند هیندێك پێیان وایە دادگایه‌كی سیاسییە نەک قەزایی، بەڵام زۆربەی تایبەت‌مەندییەکانی قەزایی تێدایە.

به‌ڵام ده‌زانین حوکمەکانی ئه‌و دادگایه‌ “لازم الاجرا” نین، واته‌ هێزێک نییە کە توانای بەدواداچوون و دەستبەسەرکردنی تاوانبارانی هەبێ. “بێرتراند ڕاسڵ” یەکەم دادگای خەڵکیی سەبارەت بە جینایەتەکانی ئەمریکاییه‌كان لە شەڕی ڤیه‌تنام پێک‌هێنا كه‌ به‌ ڕاسڵ تریبووناڵ ناوبانگی ده‌ركرد. لەو کاتدا سەرەڕای ئەوەی کە ڕاگەیاندن، سۆشیال مێدیا، ئەو حەجمە تەبلیغاتییە کە ئێستا لە دنیا دا هەیە نەبوو، بەڵام کاریگەرییەکی گەورەی هەبوو لەسەر هاندانی ڕای گشتی نێودەوڵەتی بۆ ئەو جینایەتانه‌ی کە ئەمریکاییه‌كان لە شەڕی وڤیتنام‌دا ئه‌نجامیان دابوو.

ساڵی ١٣٨٦ دادگایەکی خه‌ڵكی پێك‌هات بە ناوی ئێران تریبوناڵ. ئەو دادگا خەڵکییە هەوڵی دەدا ئێعدامی بە کۆمەڵی دهەی ٦٠ بەتایبەت زیندانیانی سیاسی ساڵی ١٣٦٧، بخاتە بەر باس. دیارە بەڕێوبەرانی ئەو دادگایە سەرەتا هەوڵیان دا، ڕێگایەک ببینەوە بۆ ئەوەی کە لە دادگایەکی واقعیی‌تر و دادگایەک کە توانای قەزایی هەبێ ئەو مەسەلەیە باس بکەن. ئەوان چاویان لێ کرد دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی کە سەلاحییەتی ئەوەی هەیە بەدواداچوون بۆ تاوانی هاوشێوه‌ بکا، بریتییە لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی.

دادگای تاوانی نێودەوڵەتی سەڵاحییەتی ئەوەی هەیە، تاوانبارانی نێودەوڵەتی محاکمە بكا و سزایان بدا. به‌ڵام ئێران ئەندامی ئه‌و دادگایه‌ نییە، ئەوە یەکێک لە لەمپەرەکان بوو. هه‌روه‌ها دادگای تاوانی نێودەوڵەتی تەنیا سەلاحییەتی بەدواداچوونی ئەو تاوانانه‌ی هەیە، کە دوای ساڵی ٢٠٠٢ واتە دوای دروست‌بوونی ئەو دادگایە ئەنجام دراون. واتە کوشتاری بە کۆمەڵی زیندانیانی سیاسی ١٣٦٧ ناكه‌وێتە چوارچێوه‌ی ئەو تاوانانە. دیاره‌ ئەویش هێندێک ئیستسنای تێدایە، لێرەدا ڕەنگە جێگای باسکردنی نەبێ. ئەوان دەیانزانی دادگای خەڵکی توانای ده‌ركردنی بڕیارێکی نییە کە جێبەجێی بکا، بەڵام هاتن دادگایەکیان ڕێک خست و، دادگاکە کاریگەریی لەسەر بیروڕای گشتی دانا.

لانیکەمی کاریگەرییەکه‌ی ئەوە بوو تا ئەو کات، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی حاشایان لە ئێعدامی زیندانیانی سیاسی ١٣٦٧ دەکرد. بەڵام لەوساوە تەوجیهی دەکەن به‌وه‌ی کە شەڕێک ڕووی داوە و موجاهیدین هێرشی کردووە بە پشتیوانیی دەوڵەتی عێراق، ئەوانە تاوانباری شەڕن و زۆر سروشتییە کە ئێعدام کراون. ئەو داننانەی ڕێژیم خۆی پێشکەوتنێکە، ئەوەی کە ناچار بوون ئێعترافی پێ بکەن و ئێستا دەبینین ڕەئیسی نەک حاشای لێ ناکا، بەڵکوو بە شانازییەوه‌ باس لەوە دەکا ئەرکی خۆی بەجێ هێناوە و پێی‌وایە دەبێ خەڵاتیش بکرێ.

ده‌بینین ئێستا لە دادگای حەمید نووری بەشێک لەو بەڵگانه‌ی کە لە ئیران تریبوناڵ پێشکەش کراون، کەڵکیان لێ وردەگیرێ. واتە بۆتە جێگای پشت پێ‌بەستنی دادگایەکی ڕەسمی.

كاتێك دادستانی ستۆكهۆڵم، دادگای به‌ قه‌ناعه‌ت گه‌یاند حه‌مید نووری دادگایی بكا، بەپێی سەڵاحییەتی جیهانی قەزایی، كه‌ ده‌وڵه‌تی سوئێد داویەتی بە دادگاکانی خۆی، هه‌ڵوێستێكی قه‌زایی مێژوویی تۆمار كرد. دادگایی کردنی حەمید نووری لە ڕاستیدا، دادگایی کردنی سیستمێکی سیاسییە بە گشتی.

حەمید نووری وەک له‌ ڕاپۆرتی دادستانی سوئێدیش دا هاتوه‌، یەکێک لەو کەسانە بووە کە بڕیارەکانی بەشێوەیەکی هەرەمی جێبەجێ کردووە. ئێمە فه‌توای خومەینیمان هەیە لەسەر زیندانیانی سیاسی، دواتر دانپێدانانی جێگری خومەینیمان هەیە کە مونتەزری بوو. دواتر ئەو دانپێدانانە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەو دواییانە دا کردوویانە سه‌بارەت به‌و ئێعدامانه‌. کەواتە بۆتە شتێکی سیستماتیک و بەرنامە دارێژڕاو. لەسەر سەرەوی حوكمڕانیی کۆماری ئیسلامیدا تاوانێکی گەورە ئەنجام دراوە و هەزاران کەس کوژراون و، وڵاتێکی وەکوو سوئێد بە حەقی خۆی دەزانێ بە دواداچوون بۆ ئەو کەیسە بکا.

دادگایی کردنی حەمید نووری و بەرەوپێش چوونی ئەو ڕه‌وته‌ ئەگەر تەنانەت نەبێتە هۆی مەحکوو‌م‌كردنی خودی حەمید نووری، بە جۆرێک خستنە ژێر پرسیاری کۆماری ئیسلامییه‌ لە هەلومەرجی ئێستا‌دا. ڕای گشتی چ لەنێوخو چ لە دەرەوە، تەنانەت چ لە ناوەندە بڕیار بەدەستەکانی جیهان به‌ شێوه‌یه‌ك هه‌ستیار بووه‌ كه‌ ئاسان نەبێ تاوانبارانی کۆماری ئیسلامی بچنە وڵاتێکی پێشکەوتوو و ئازاد و بە ئاسانی بتوانن بێنەوە دەرێ لێی. ئەوە سەرکەوتنێکی گەورەیە تا ئێستا بەدی‌هاتووە، به‌ده‌ر لەوەی حوکمەکه‌ی چی دەبێ و بەکوێ دەگا.

بەڵام لە هەموو ئەو به‌رگرییانەدا کە حەمید نووری ده‌یکا بە پشتبەستن بەو ڕێککەوتنانەی کە کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەو وڵاتانە هەیبووەو بەو موماشاتەی کە وڵاتە ئوروپاییەکان لەسەر مەسەلەی مافی مرۆڤ لەگەڵ ئێران نواندوویانە (بۆ نموونە له‌ كه‌یسی دوکتور قاسملوودا)، به‌رده‌وام دەڵێ “ئەگەر چوومەوە ئێران کێشەم بۆ دروست دەبێ”. یانی هەتا ئێستاش باوەڕی بەوە هەیە پێوەندییە دیپلۆماسییەکانی ئێران لەگەڵ سوئێد ئەو دەرفه‌تە بۆ حەمید نووری دەرخسێنێ کە جارێکی دیکە بگەڕێتەوە بۆ ئێران و ڕزگاریی بێ لە سزادان. بەڵام ئەوەی کە هەتا ئێستا ڕووی داوە فشارێکی گەورەی دروست کردووە تەنانەت بۆ وڵاتی سوئێد، ڕای گشتیی وڵاتی سوئێد، ڕای گشتی نێودەوڵەتی، کە زۆر ئاسان نەبێ ئەو کارە.

زەقبوونەوه‌ی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە دادگایەکی نێودەوڵەتی و گەورەکردنەوەی ئەو پرسە لە نێوخۆی ئێراندا، کاریگەریی گەورەی لەسەر ئێران دەبێ. یەکێک لە کاریگەرییە سەرەکییەکانی ئەوەیە کە تێچووی ئەو پێشێلکاریانە زۆر دەباتە سەر، یانی تێچووی پێشێلکارییەکانی داهاتووی کۆماری ئیسلامی زۆر دەباتە سەر و کاریگەریی دوویەمیشی ئەوەیە کە لە پێوەندییەکانی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا ئەو دەست‌ئاواڵەیەی جارانی نابێ. بێ‌گومان کاریگەری دەخاتە سەر هێندێک ناوەندی بڕیار بە دەست کە سزا بسەپێنن بەسەر ئەو کەسانە و ئەو لایەنانەی کە لەو دادگایانەدا مەحکووم دەکرێن.

بۆ نموونە لە مەسەلەی دادگای خەزەڵوەردا پێشبینی دەکرێ ئەو سەد و چەند کەسه‌ی کە دادگا وەکوو تۆمەتبار ناساندوونی و ئێستا حوکمیان لەسەر نەدراوە، هێندێک لە ناوەندە بڕیار بە دەستەکان بیانخەنە لیستی ڕەشەوە، گەمارۆیان بخەنە سەر و تێچوویان بۆ دروست بکەن. ڕۆڵێکی‌تر کە ئەو مەسەلەیە هەیەتی زەقبوونەوەی پێشێلکاری مافی مرۆڤە، كه‌ ده‌توانێ کاریگەری لەسەر یەک گوتاری لەنێو ئۆپۆزیسۆنی کۆماری ئیسلامی بەگشتی هەبێ. لەوانەیە بزووتنەوەی سیاسیی ئێران بە گشتی لە زۆر بابەتی جۆراوجۆردا، جیاوازییان هەبێ تەنانەت بەیەکەوە دانیشن. بەڵام پێشێلکاری مافی مرۆڤ خاڵێکە، کۆدەنگێکی لەسەر دروست بێ و یارمەتی ده‌دا بە پێكهێنانی ئاڵترناتیڤی داهاتووی کۆماری ئیسلامی.

ئەو دەرفەتانه‌ی لەبەر دەستی ئێمە دان و هه‌روه‌ها ئەرکی ئێمە چی دەبێ. ئێمە دەبینین کە ئێستا کۆمەڵێک لە لایەنە سیاسی و سەراسەییەکان توانیویانە کاریگەری دروست کەن لەسەر ڕەوتی دادگاكان و پێک‌هێنانی. بەڵام ئێمەی کورد چۆن دەتوانین کەڵک وەرگرین لەو دەرفەته‌ی دروست بووە. دەرفەتێک کە به‌ سه‌رنجدان به‌وه‌ی ئێران لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەوە ناسراوە، ڕێژیمێکی پێشێلکاری مافی مرۆڤە و هه‌ر بۆیه‌ ده‌توانرێ بە ئاسانی ئەو قەناعەتە بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بهێندرێ کە دادگای وڵاتێکی وەکوو سوئێد دەستی ئاواڵەتر بێ، بۆ بەدواداچوون.

 

ئێمە دەتوانین چی بکەین!

ئێمە لە ئێستادا کە پرسێکی ڕەوامان هەیە، یەکێک لە قوربانیانی تاوانه‌كانی کۆماری ئیسلامیین. لەوانەیە ئەو تاوانە نێودەوڵەتییانە کە کۆماری ئیسلامی له‌ كوردستان ئەنجامی داون، زۆر زیاتر بن لە ناوچەکانی دیکە ئێران. ئەگەر بڵێین تەنیا تاوانی دژە مرۆیی و تاوانی جه‌نگ لە ناوچەکانی دیکە ئێران بەڕێوەچوون، بێ‌گومان لە کوردستان تاوانی ژینۆسایدیش کراوە.

کەواتە ئەرکی ئێمە قورسترە بۆ ئەوەی کە بوونمان هەبێ لەو دادگایانە و خۆمان فەزایک دروست کەین کە تێیدا کەسانێکی دیکە وەکوو حەمید نووری و سەدان کەسی وا سەردانی وڵاتان دەکەن، تەنانەت ئەوەی کە پێوەندی بە دادگای خەڵکییەوە هەیە بتوانین ڕێکی خەین و دەرفەتێک دروست کەین بۆ بەرەو پێشچوونی دۆزەکەمان. یانی پێم‌وایە دەتوانێ بێتە ڕەهەندێکی گرینگ لە خەباتی سیاسی، تەنانەت خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئێمە ئەگەر ئاوڕێکی کورت بدەینەوە بەو تاوانانەی کە کۆماری ئیسلامی ئەنجامی داون.

کەواتە تەواوی تاوانەکانەکانی نێودەوڵەتی لە کوردستان زۆر بە زەقی و بەربەرین بەڕێوەچوون. ڕەنگە زۆریش سەخت نەبێ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی خوارەوی ئەو تاوانانە. ئێمە هەموو کەرەستەکانمان لەبەر دەست‌دان و دەزانین بۆ نموونە لە قاڕنێ چی کراوە لە قەڵاتان چی کراوە، هەمو ئەوانە بە داتای وردە و بە کۆکردنەوەی هەموو ئەو زانیاریانە کە لەو ڕووداوانە هەن، تەنانەت بە شایەدیدانی کەسانێک کە یان لە دەرەوەی وڵاتن یان بەشێوەی ناڕاستەوخۆ و نەناسراو، وه‌ك ئەوەی کە لە دادگای خەڵکیی خەزەڵوەردا دیتمان شایەدیان دا.

یانی کۆکردنەوە و بەڵگەمەندکردنێك نرخی یاسایی هەبێ لە ئێستادا ئەرکێکی جیددی و هەنووکەیین. بۆیە وەکوو هەنگاوی یەکەم ئێمە دەبێ تێچووی بۆ بدەین و حیسابی لەسەر بکەین. ئه‌وه‌ش بزانین کە دەتوانێ کاریگەری گەورەی هەبێ لەسەر دۆزەکەمان. هه‌روه‌ها دەتوانێ کۆدەنگێکی گەورە دروست بکا بۆ ئەو بزووتنەوە سیاسی و نەتەوەییە کە ئێمە لە کوردستان هەمانە. یانی ئەڵقەکانی دەوری حاکمییەتی کۆماری ئیسلامی به‌رتەسک‌تر دەکاتەوە. پرسی مافی مرۆڤ جیا لە مەسەلە سیاسییەکانی دیکە، زۆر باشتر ده‌توانێ خەڵک لە دەوری پڕۆژەیەکی سیاسی کۆ بکاتەوە. بۆیە دەتوانێ لە ئاستی سەراسەریدا، لە ئاستی کوردستان‌دا بەرەو یەک‌گوتارییەکمان بەرێ.

پێویسته‌ ئێمه‌ ئەزموون وەرگرین لەو دادگایانە، لەبەر ئەوەی ڕێچکەیەکی نوێی قەزاییە لە جیهاندا دەستی پێ کردووە، لە سەردەمی تەقینەوی زانیارییەکاندا، وای کرد پرسەکە ببێتە پرسێکی نێودەوڵەتی و ڕای گشتی بە تەواوی بۆ ئامادە کرا. هه‌روه‌ها تێچووی پێشێلکردنی مافی مرۆڤی بۆ لایەن کۆماری ئیسلامی قورستر کرد.

]]>